"ئێمە بە دوای ئازادی چیچەک کۆبانێوە دەبین"

ماجیدە حەسون، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری فورات دەربارەی سزای هەتاهەتایی سەر چیچەک کۆبانێ وتی: "ئەم بڕیارە هێرشکردنە سەر ناسنامە و تێکۆشان و دەستکەوتەکانی ژنانە".

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە جموجوڵێکی داگیرکاری هێرشێکی سەختی ئاسمانییان کردە سەر گرێسپی و سەرێکانی، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمەکان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بەرخۆدانیان کرد.

 

دۆزگین تەمۆ، شەڕڤانی یەپەژە ناسراو بە چیچەک کۆبانێ لە گوندی مەشڕەفەی سەر بە عەین عیسا لەلایەن چەتەکانەوە دەستگیرکرا، چەتەکان چیچەکیان برد بۆ ئورفا و ڕادەستی تورکیایان کرد، دادگای ئورفا بە تۆمەتی ئەوەی کە "چیچەک کۆبانێ وڵات و دەوڵەت وێران دەکات" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا دادگای تێهەڵچوونەوەی دیلۆک سزاکەی بەرز کردەوە و بۆ دادگای باڵای نارد. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا سزای چیچەک کۆبانێ لەلایەن دادگای تاوانی سێیەمەوە پەسەند کرا و بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ماجیدە حەسون، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستی خۆی لە دژی ئەو بڕیارە دەربڕی و وتی: ئێمە ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین، دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا یاساکان پێشێلدەکات، کاتی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا چیچەک کۆبانێی شەڕڤانی یەپەژە لە بەرخۆدانیدا بوو خاکەکەی لە داعش دەپاراست، دەستگیرکرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایا کرا، تەنها چیچەک کۆبانێ لە زیندانی دەوڵەتی تورکیایادا نییە، بەڵکو بە هەزاران کەسی وڵاتپاریز و سیاسەتمەدار و یاساناس و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

 

"دەوڵەتی تورکیا هەزاران پێشێلکاری دەکات و بێ سزا دەردەچێت"

ئەو وتەبێژە بێدەنگی بەرامبەر پێشێلکاری و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە پێناسەکرد و وتی: "دەوڵەتی تورکیا بە دەستگیرکردنی چیچەک کۆبانێ یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و ئێستا بە پەسەندکردنی سزای هەتاهەتایی ئەو پێشێلکاریانەی دووبارە کردووەتەوە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیتر لەبەرامبەر ئەو کارانەدا خاوەن هەڵوێست بێت و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێ سزا نەبێت، ئەمە تەنیا یەکێکە لە هەزاران کردەوەی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دیمۆگرافیا لەم ناوچانەدا دەگۆڕێت و خەڵک بە تایبەتی ژنان ڕووبەڕووی هەموو شێوازە دڕندەکان دەبنەوە، بەڵام تا ئێستا نەمانبینیوە هیچ ڕێکخراو و دەسەڵات و دەوڵەتێک لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆییەوە بەرپرس بێت، پیلان و جموجوڵی دەوڵەتی تورکیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە داهاتوودا مەترسی لەسەر تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستدەکات".

 

"بڕیار لەسەر چیچەک، بڕیارە لەسەر هەموومان"

ماجیدە حەسون، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات، لەکۆتاییدا دەڵێت: بڕیار لەسەر چیچەک کۆبانێ وەک هێرشێک بۆ سەر ناسنامە و تێکۆشان و دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبینین، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە فاشیستی و دەسەڵاتداریی خۆی ئیرادە و هێز و بەرخۆدانی ژنان لە دژی داگیرکاریی لاواز بکات، لەسەر ئەم بنەمایە پەیامی ئێمە وەک کۆنگرەی ستار و ژنانی هەرێمی فورات ئەوەیە کە تێکۆشان زیاتر بکەین، ئێمە هەرگیز هێرش و کردەوەکانی دژ بە ژنان قبوڵ ناکەین و بە دوای ئازادی چیچەک کۆبانێوە دەبین.