چالاکوانێکی مافی مرۆڤ: گۆڕینی یاساکان سەرەتا پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەتە

فاتیمە ئەوتالب، چالاکوانی مافی مرۆڤ دووپاتی دەکاتەوە کە سەرەڕای گرنگی پێداچوونەوە بە یاساکان، بەڵام ئەنجامەکانی لەسەر کارکردن بۆ گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری و توانای خەباتکردن بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی یەکسانی دەمێنێتەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- فاتیمە ئەوتالب، چالاکوانی مافی مرۆڤ، جەختی لە پێویستی گۆڕین و پێداچوونەوە بە یاسا جیاکارییەکان دژی ژنان و گونجانیان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، کە مەغریب بەشێکە لەو یاسایانەدا، کردەوە، و وتیشی: گۆڕینی یاسا جیاکارییەکان قۆناغێکی سەرەتاییە بۆ زامنکردنی مافەکانی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی و گەیشتن بە پرەنسیپی یەکسانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ژنان، گۆڕینی دەقە یاساییەکان داواکارییەکی سەرەتایی بزووتنەوەی ژنانە لە مەغریب، کار و خەباتمان بەردەوامە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکان بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕی و بەربەستەکان کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی یاساکان دەکەن.

 

سەبارەت بە یاسای بنەماڵەی مەغریبی، کە دوای ماوەیەکی زۆر لە خەباتی بزووتنەوەی ژنان هەموارکرا، وتی: یاسای بنەماڵە بەم شێوەی ئێستای لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەرچووە لەگەڵ کۆمەڵێک مەرجدا هات کە هەندێک مافی بۆ ژنان دەستەبەرکرد، بەڵام لە دوای جێبەجێکردنیەوە بۆ بزووتنەوەکانی ژنان ڕوون بووەوە کە ئەم داواکارییە کەلێن و کێشەی تێدایە، بۆیە پێویست بوو داوای هەموارکردنەوەیەکی گشتگیر و گۆڕانکاری لە بڕگەکانی یاسای خێزان بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان زامن بکات.

 

فاتیمە ئەوتالب ئەوەشی خستەڕوو، یاسای خێزانی ئێستا هەندێک دەستکەوتی هێنایە ئاراوە، بەڵام ئەو بۆشایانەی کە دەستنیشان کراون پەیوەندییان بە داواکاری لەسەر ئاستی دادگا هەبوو، یاخود بەوانەی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی یاساکە و ئەوانەن کە گۆڕانکاری ڕەتدەکەنەوە یان خوویان بە کۆمەڵێک ڕێکارەوە گرتووە، بۆیە نەیانتوانی لەگەڵ گۆڕانکارییەکە بەردەوام بن و پەسەندی بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕینی یاساکانی جیاکاری، گرتنەبەری میکانیزمی پاراستن و گرنگیدان بە ژنان و گرتنەبەری سیاسەتە گشتیەکان دەبێتە هۆی زامنکردن و بەرزکردنەوەی مافەکانی ژنان، وتیشی: بوونی یاسایەک کە مافەکان گەرەنتی ناکات، لەگەڵ ڕوانگەی کۆمەڵایەتیدا ناگونجێت و وەڵامدەرەوە نییە بۆ ڕەگەزی ژن، ئەو کەسانەی کە پێویستی یان مافی ژنان لەبەرچاو ناگرن و بوونی ئەو یاسایانەی لە یەک ڕوانگەی پیاوانەوە داڕێژراون، هەڵاواردن و نادادپەروەری بەرامبەر ژنان لەناو نابات، ئێمە یاسایەکمان دەوێت کە دادپەروەرانە بێت بەرامبەر بە کۆمەڵگە بە گشتی، هەروەها هەموارکردنەوەی یاساکان پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەتەکان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا.

 

فاتیمە ئەوتالب جەختی لە پێویستی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و بڕیاردەران و کۆمەڵەکانی ژنان کردەوە، "ئێمە دەزانین کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە مەغریب دەگاتە ٪٤٥، هەر بۆیە دەبێت بچینە سەر شەقامەکان و پەروەردەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەین و زانیاری پێویستیان پێ بدەین بۆ ئەوەی بەشداری لە گۆڕانکارییەکاندا بکەن و ڕاستی ژیانی ژنان باشتر بکەن، چونکە ناتوانین لە کۆمەڵگەیەکی بێ ئاگا، داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەک گۆڕینی یاسای خێزان یان چەسپاندنی مافی مرۆڤی ژنان و باشترین مافەکانی منداڵان بکەین.

 

لە کۆتاییدا فاتیمە ئەوتالب توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە ڕەتکردەوە و وتی: کاتی ئەوە هاتووە چارەسەر بدۆزرێتەوە کە ژیانێکی ئارام دابین بکات، ئێمە توندوتیژی ڕەتدەکەینەوە بەبێ گوێدانە فۆرمەکەی، چ لە ڕووی خێزانییەوە بێت یان کۆمەڵگەوە، یان لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت.