"داڕشتنەوەی دەستوور پێویستی بە ئەقڵیەتی ژن هەیە"

تاک و خێزانەکان هۆشیاریان دەربارەی کێشەکانی ژنان نییە و توندوتیژییەکان بەردەوامن، لە دادگا و دەستووریشدا ئەقڵیەتی ژن بەشداری پێنەکراوە، بۆیە لە بڕیاردان و یاساکاندا مافی ژن پێشێل دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژی ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بوونی کۆمەڵگەیەکی پەیوەست بە دابونەریتەوە بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی حاڵەتەکان، جگە لەوە، یاساکان دژی توندوتیژییەکانی ژنان ڕێگری لە حاڵەتەکان ناکات و کەموکورتیان تێدایە، هەبوونی دادگایەک بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و نەبوونی ماددەیەکی دەستووری تایبەت بە پاراستنی ژنان کێشەکانی قوڵتر کردووەتەوە.

 

چالاکوانان، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی ژنان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ماف بۆ ژنان و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن دەدەن، بەڵام تاوانباران لە ڕێی دەسەڵاتەوە پاڵپشتیان لێدەکرێت و بەخێو دەکرێن و لە دادگاکانیشدا کەیسی توندوتیژی و کوشتنی ژنان پشتگوێ دەخرێت.

 

"خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە قەیراندان"

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر، دەربارەی کەیسەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ئاماژەی بەوەدا، حاڵەتەکان لە زیادبووندایە، چونکە دۆخی خێزانەکان لە قەیراندان، هەرچەندە چارەسەری کێشەکان لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم و عێراق باسی لێوەکراوە، هەروەها لە ماددەی ١٤ی دەستووردا باس لە پاراستنی مافەکانی تاک کراوە و باس لە یەکسانی نێوان و ژن و پیاو کراوە، بەڵام کێشەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

 

"جگە لە دەستوور بە پێی دۆخی ئێستای کۆمەڵگە کە بە ڕووی جیهاندا کراوەتەوە، پێویستە سود لەو ڕێکەوتنانە وەربگیرێت کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە، چونکە ناکرێت لە چوارچێوەی یاسا کۆنەکاندا بمێنینەوە، بەڵکو لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا کێشەکان گۆڕانکاری بەسەردێت و پێویستە یاساکان بگونجێنرێن".

 

"دەبێت ئەقڵیەتی ژن لە دەستووردا بەشداری پێبکرێت"

ئەو پارێزەرە، باسی لەوەکرد لە دەستووردا بە ڕوونی باس لە کێشە و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان نەکراوە، بەڵام مافی تاک پارێزراوە، لە دەستووردا ئاماژە بەوەکراوە هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەی عێراقدا یەکسانە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بەڵام یاسا کارپێکراوەکان لە کاتی جێبەجێکردنیان و بەهۆی بوونی کولتوور و دابونەریت جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو دروستدەکات و کێشە دروستدەبێت.

 

شۆخان ئەحمەد وتی: ڕاستە بە ڕاستەوخۆیی لە دادگا و یاساکاندا نەوتراوە ژن دەبێت مافی نەدرێتێ یاخود دەبێت توندوتیژییەکانی سەری بەردەوام بێت و یەکسان نەبێت لەگەڵ پیاوان، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەقڵیەتی ژن بەشدار نەبووە لە نوسینەوەی دەستووردا.

 

وەک ڕوونیکردەوە کەمبوونی ژمارەی دادوەرە ژنەکان لەناو دادگاکاندا هۆکارە بۆ ئەوەی کەیسەکانی ژنان پشتگوێ بخرێن، زۆرکات ژنان ئاسودەتر کێشەکانیان بۆ دادوەرێکی ژن باس دەکەن وەک لە پیاوان، "دادوەریش کەسێکە لە کۆمەڵگەوە دروستبووە و دەکرێت ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری هەبێت و کاریگەری کولتووری لەسەربێت، بۆیە دەبێت کار لەسەر کۆی سیستم بکرێت کە تا چەند کۆمەڵگە بە گشتی بڕوای بە کێشەکانی ژنان هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی خێزان".

 

"دادگای تایبەت بە کەیسەکانی ژنان پێویستە"

شۆخان ئەحمەد، باسی لەوەکرد، هەمیشە یەکێک لە داواکارییەکانیان هەبوونی دادگایەکی سەربەخۆیە بۆ کەیسەکانی ژنان، بەر لە دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دادگایەک هەبوو تایبەت بە کەیسەکانی ژنان، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو یاسایە ئەو دادگایە نەما و بووە دادگای توندوتیژی خێزانی، بە پێویستیشی دەزانێت دادگایەک هەبێت تەواوی فەرمانبەران و دادوەرانی تایبەت بن بە کەیسەکانی ژنان، بەو ئامانجەی بە زووترین کات کەیسەکانی ژنان کاریان لەسەر بکرێت و یەکلای بکرێنەوە.

 

"ئەندام پەرلەمانەکان سەرەڕای ئاگاداربوونیان لە یاساکە بە مەبەست پشێویان دروستدەکرد"

دەربارەی دواین دانیشتنی پەرلەمان لەسەر یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ژنان، شۆخان ئەحمەد، پارێزەر کە خۆی تێیدا بەشداربوو، وتی: هەندێک لە تێبینییەکانی ئەندام پەرلەمانان جێی خۆی بوو، بەڵام هەندێکی دیکەیان قسەی نەگوونجاو بوو، چونکە ئەو یاسایە لە ساڵی ٢٠١١ هەیە، ناکرێت بەرپەرچی یاسایەک بدرێتەوە ماوەی ١٠ ساڵە بوونی هەیە، هەندێک کات تێنەگەیشتنی ڕوون لە بابەتەکان، یاخود شێواندنی کۆمەڵگە لەلایەن دەستەیەکەوە بە مەبەستی بەرژەوەندی خۆیان، وایکردووە لەناو پەرلەماندا بابەتەکە بە ئاڕاستەی جیاواز ببرێت، دەشتوانن مەبەستەکەیان بپێکن، چونکە خێزانی ئێستا بە ڕادەیەکی زۆر لێکترازاون.

 

لە کۆتایدا وتی: ماوەی جارێک بابەتێکی لەم شێوەیە دەوروژێندرێت بۆ ئەوەی ڕاستی بەباتەکە ون ببێت، چونکە ئەگەر هەموو ئەندام پەرلەمانەکانیش ئاگاداری یاساکە نەبووبن، بەشێکی زۆریان یاساین و ئاگادارن، بۆیە بێگوومان مەبەستێکی دیکە لە پشت ئەم بابەتەوە هەیە.