دۆزی ژن لە پەرلەمانی هەرێمەوە

لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵێکدا تەنها دوو جار لەبارەی پرسی ژنەوە گفتوگۆ کراوە، لەبەرامبەردا بێ ڕێزی بەرامبەر بە ژنان لە پەرلەمانەوە کراوە، پەرلەنتارانیش دەڵێن دەبێت حزبەکان کاندیدەکانیان بە وریایەوە دیاریبکەن.

 

تەرزە تەها  

سلێمانی- لە ٢٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ تا ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی دووەم، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەنها دووجار باسی ژنانی تێداکراوە، یەکەمیان لە ٨ی مارسدا بوو لە دانیشتنی ژمارە دووی خولی بەهارە، لەلایەن لەنجە ئیبراهیم سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی ئافرەت، لە ڕۆژی جیهانی ژناندا یاداشتێک خوێندرایەوە.

 

یاداشتەکە لە چوارچێوەی پیرۆزبایی لە ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێزنواندن بۆ ئەو ژنانەی کاریان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ڕۆڵی ژن لە خەباتی نەتەوەیی بووە، لە بەشێکیشیدا باس لەوەکراوە وەک پەرلەمان هەوڵەکانیان بۆ بەشداری ژنان لەبواری سیاسی و ئیداری و ئابووریدا چڕدەکەنەوە، باسیش لە یاساکان و گرفتەکانی بەردەم ژنان و کەسانی جێندەری کراوە.

 

دانیشتنی دووەم لە ٢٥ی ئایاردا بوو

لە دانیشتنی ژمارە ١٤، ڕۆژی ٢٥ی ئایاری خولی بەهارەی ئەم ساڵدا، بڕگەی دووەمی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تایبەت کرابوو، بە "تاوانەکانی کوشتن و کوشتنی ئافرەت و خۆکوشتن"، بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیداری حکومەت.

 

لەماوەی ئەم ساڵدا دەردەکەوێت تەنها دوو جار پرسی ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، لە کاتێکدا لە ماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٢٥ دانیشتنی ئاسایی و یەک دانیشتنی نائاسایی ئەنجامداوە، بەڵام تەنها دوو جار لەسەر پرسەکانی ژنان گفتوگۆ کراوە.

 

لە بەرامبەردا ئەم ساڵ دوو جار بە ئاشکرا بێڕێزی بەرامبەر ژنان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە کراوە، یەکێکیان لەلایەن پەرلەمانتاری یەنەکە، ھاوڕێ مەلا ستار لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ''حکومەتی مێینە'' ناودەبات، ئەمەش وەک سوکایەتیەک بە دەسەڵات و بەو واتایەیی وەک ژن لاواز و گەندەڵە و حکومەتیش وەک ژنە.

 

ھەروەھا لە ٢٦ی مانگی ڕابردوو، جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری پەدەکە لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەماندا بە شایان عەسکەری، پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێت ''ھەر کەس ناوی پارتی بھێنێت سواری دەبم".

 

لە پەرلەمانەوە سوکایەتی بە ژنان دەکرێت

بەکارھێنانی ئەم وشانە یەکێکیان وەک بێ ڕێزی بەرامبەر ژنێک و ئەوی دیکەیان وەک تێڕوانین و ئەقڵیەتی پیاوێک بەرامبەر ڕەگەزی مێ ئاستی ڕۆشنبیری ئەندامانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، دەبێت فراکسیۆنەکان ئاگاداربن کە کێ دەکەنە نوێنەری خۆیان.

 

شادی نەوزاد، ئەندامی لیژنەی داکۆکی لە مافی ژنان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەبێت ھەم ھاوڵاتیان و پارتە سیاسیەکانیش ئاگاداربن لەوەی کێ دەکەنە نوێنەری خۆیان، "هەر کەسێک باوەڕی بە یەکسانی نەبێت، دڵنیابە ناتوانێت لە پەرلەمان داکۆکیکارێکی باشبێت لە مافی هاوڵاتیان و دەنگدەران".

 

ھاوکات باس لەوەش دەکات، لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان یاداشتیان ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێگری لە کوشتن و توندوتیژی کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەت ھیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە، لە کاتێکدا لەو یاداشتەدا چەندین ڕێگاچارەی وەک گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتی چەک، دووبارە دابەشکردنەوەی مووچەی ژنان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خراوەتەڕوو.

 

لە بەرامبەردا ڕۆژان حەمە ڕەش، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات لە ھەرێمی کوردستان کێشەی گەورە جێبەجێنەکردنی یاساکان و دەرنەکردنی ڕێنمایی پێویستی یاساکانە بۆ جێبەجێکردن.

 

سەرباری بوونی یاساکان بەڵام پێی وایە ئەو یاسایانەی کە بۆ ژنان ھەیە کەموکورتن و پێویستی بە ھەموارکردنەوەیە، باس لەوەش دەکات ئەوان ھەوڵیانداوە کە پێشنیازە یاسایەکی تایبەت بە ژنان ئامادەبکەن، بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێی ڕاگەیاندوون کە خۆی پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەو پرسە ئامادەدەکات، "وەزارەت پڕۆژە یاساکەی ئامادەنەکرد، پێی ڕاگەیاندین کە تێبینییەکانیان لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بنوسن".

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "بێگومان بۆشایی گەورەی یاسایمان هەیە، کە یاسای تایبەتمان نییە بە پاراستنی ژنان".

 

لەماوەی نزیکەی ساڵێکدا تەنها دوو جار پەرلەمان لەسەر پرسی ژنان کۆبووەتەوە، بڕیاریشە سبەینێ، ٢٣ی تشرینی دووەم، کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازه‌یاسای (به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ خێزان و ئافره‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) بکرێت.

 

ت.پ