کەموکورتییەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چارەسەر نەکراوە

هەرچەند یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سزادانی عێراقی هەن، بەڵام بەهۆی کەموکورتییەکانیانەوە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ژن کوشتن، بەڵکو بە بڕیاری لێبوردنی گشتی ڕێگە خۆشدەکرێت بۆ زیادبوونی توندوتیژیەکانی سەر ژنان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ١٢ ژن لە باشوری کوردستان سوتێنراون و کوژراون یاخود ناچار بە خۆسوتاندن و خۆکوشتن کراون، هەموو ڕووداوەکانیش بە هۆکاری کۆمەڵگەیەکی نێرسالار و بە بیانوی شەرەفەوە بووە، ئەو ئازادییەی ژنان هەوڵی بۆدەدەن، بووەتە هۆکاری سەرەکی کوشتنیان، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگا لەگەڵ ئازادی ژندا نییە و خوازیارە ژن ئازادییە سەرەتاییەکانی نەبێت، ئەگەر ژنێکیش خۆی کە کۆت و بەندەکات قوتار بکات، پێی دەوترێت لە کۆمەڵگا لایداوە.

 

یەکێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی توندوتیژی سەر ژنان کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت حکومەت و یاساکانە، سیستمی بەڕێوەبردن سیستمێکی پاڵپشتی فکری نێرسالارە، بۆیە دادگا و  یاساکانیش نەیانتوانیوە وەک پێویست ڕێگری لە زیادبوونی توندوتیژی سەر ژنان بگرن.

 

سەروەر بوونی یاسا توندوتیژی کەم دەکاتەوە

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان و زیادبوونی توندوتیژییەکان ئاماژەی بەوەدا، چەندین هۆکار هەن بۆ زیادبوونی ژن کوشتن لە کۆمەڵگای کوردیدا وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، کرانەوەی کۆمەڵگا بە ڕووی دنیای دەرەوە و دینی جیاوازدا، وتیشی پێویستە کاری جدی بگیرێتە بەر، "سەروەر بوونی یاسا گرنگە کە پێویستە مافی هاوڵاتی بوون بۆ هەموو هاوڵاتییەک وەک یەک بێت و یاسا بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ بکرێت، هەروەها ڕێگری بکرێت لە سوڵحی عەشایەری و دەربازبوونی بکوژان، نابێت هیچ بەرپرسێک ڕێگە بە خۆی بدات داڵدەی بکوژان بە گشتی و بکوژانی ژنان بدات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی جگە لەمانە پێویستە ژیان دۆستی بکرێتە بەرنامەی تایبەت بۆ ژیانکردنی هاوڵاتیان ئەمەش لە ڕێگای پەروەردەوە دەبێت بکرێت و هەموو تاکێک لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و دەستپێکردنی پڕۆسەی هاوژینی پەروەردە تایبەت وەربگرن و جیاکاری ڕەگەزی لە خێزاندا بنبڕ بکەن، هەوڵبدەن لە ڕووی فکرییەوە هاوسەنگ بن و تەنها پەیوەندی هاوژینی بە جەستەیی نەبینن.

 

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی توندوتیژی کەم نەکردووتەوە

لە ڕووی یاسا و ئەرکی پەرلەمان گوڵاستان سەعید وتی "لە پەرلەمان یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ هەیە کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵدایە یاسایەکی نوێ لە جێی ئەم یاسایە دەربکات یاخود هەمواری بکاتەوە و کەموکورتییەکانی ناوی بنبڕ بکات، چونکە بەو شێوەیەی ئێستای یاساکە تاوانی کوشتنی بنبڕ نەکردووە".

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە پەرلەماندا داوایان لە ئەنجومەنی دادوەری کردووە بە ئەرکی خۆی هەستێت و لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسییەکانی دادگا تەواوبکات و ڕێگە نەدەن هیچ دەستێوەردانێکی حیزبی هەبێت، هەروەها هێزی جێبەجێکار کە پۆلیس و ئاسایش دەگرێتەوە لە کاتی خۆیدا هەستن بە ئەرکەکانیان بۆ ئەوەی تاوانبار دەستگیر بکرێت و هەڵنەیەت.

 

"یاساکان کەموکورتیان تێدایە و لێبووردنی گشتیش ڕێخۆشکەرە بۆ زیادبوونی ڕووداوەکانی ژن کوشتن"

تەلار لەتیف، پارێزەر و سەرپەرشتیاری بەشی یاسایی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کەموکورتییەکانی ئاماژەی بەوەدا، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەرچەند یەکێکە لەو یاسایانەی جێگای شانازییە بەڵام کەموکورتی زۆری تێدایە و بەشێکی تائێستا جێبەجێ نەکراوە لەوانەش پێکهێنانی دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی ژنان بە جۆرێک نابێت تەنها دادگای لێکۆڵینەوە بێت.

 

باسی لەوەشکرد لەناو یاساکەدا یەکێکی تر لەو بەشانەی لە یاساکەدا جێبەجێ نەکراون، دروستکردنی سەنتەر و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانە لە ئاستی پێویستدا کە شایستەی ئەو ژنانە بێت تیایدا بژین، "جیا لەمانە چەند بڕگەیەک هەیە کە کەسی تاوانبار یاساکە نایگرێتەوە، بەڵکو یاسای سزادانی عێراقی دەیگرێتەوە کە سزای کەمی تێدایە."

 

"لێبوردنی گشتی سزای ژنکوژ کەمدەکاتەوە"

ئەو پارێزەرە جەختیلەوە کردەوە، جگە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کە ساڵی ٢٠١١ دەرکراوە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٥ کە هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی ماددەی ٤٠٩، تایبەت بوو بە کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف پارێزییەوە، ئەویش کەموکورتی تێدایە هۆکاری سەرەکیش سوڵحی عەشایەری و لێبوردنی گشتین بەشێکیشی پەیوەندیدارە بە لاوازی ڕۆڵی داواکاری گشتی لە ڕووی یاساکەوە.

 

دەربارەی لێبوردنی گشتی تەلار لەتیف دەڵێت: لێبوردنی گشتی و تایبەتی تا ساڵانی پێشووش بکوژنای ژنانیشی دەگرتەوە، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ ئەم یاسایە بکوژی ژنانی نەگرتەوە، بەڵام ماوەی سزادانەکەی کەمکردنەوە کە ئەمەش دووبارەی کاریگەری خراپ بەجێدەهێڵێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان.

 

ت.پ