نیگار حەمەد ٣٨ ساڵە بە بڕیاردارییەوە یاری بالە دەکات

نیگار حەمەد کە ٣٨ سالە بەردەوامە لە وەرزشی بالە، وەک خۆی ئاماژەی پیدەکات لە شاخەوانیش تاوانای هەیەو ئیستا بەرپرسی شاخەوانی ژنانە لە ڕێکخراوی ئۆسکار، هەروەها هانی ژنان دەدات وەرزش بکەن.

شیا کۆیی

 

کۆیە-وەرزش  لەكۆنەوە بە یاریەكی گرنگ دانراوەو سەرەڕای ئاستەنگی و پەراوێزخستنەکان ژنانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بە پیداگیرییەوە بەشدارن، بێگومان ژنانی كوردیش لە هەر بارودۆخێکدا کە پشكی شێریان بەركەوتووە،  زۆر جار میژوو ڕۆڵی ئەوژنانەی ونکردووە کە پاڵەوان بوون بەڵام، نەتواندراوە ڕێگر بن لە پێشەنگ بوونی ژنان لەبواری وەرزشی ، دەبینین ژنانی كوردستان بەشداری چەندین پاڵەوانێتی دەكەن، لەشاری كۆیەش نیگارحەمەد یاریزانی بالە بێ پچڕان بەرددەوامە لە وەرزشەكەی و بەردەوام ژنان هان دەدات بێنە ناو بواری وەرزش، خوێندکارەکانی مامۆستا نیگار هیوادەخوازن لە دهاتوودا وەك ئەو بن.

 

نیگار حەمەد مەحمود، لە ساڵی ١٩٧٣ لەشاری كۆیە لەدایك بووە، دەرچووی بەشی زمانی كوردی كۆلیژی پەروەردەی سەڵاحەدینە لەهەولێر، ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگای وەرزشی كۆیە، لەمنداڵیەوە خولیای وەرزشی بالە بووە، بۆییە لە پۆلی دووی ناوەندیەوە لە  خوێندنگەکەی دەستی بەیاری بالە كردووە تا ئێستا كە  ٣٨ ساڵە بەردەوامە.

 

مامۆستا نیگار حەمەد قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: من لە منداڵیەوە حەزم لە یاری بالە بووە، خەونم بوو ببمە یاریزان، بۆیە لەپۆلی دووی ناوەندی دەستمپێكرد و ئەوكات ست بەهار مەجید زۆر پالپشت و هاوكارم بوو، بەهۆی ئەوەی زۆر حەزم لە بالە بوو. برەوم بەخۆم داو بەشداریم كرد لەیانەی كۆیەو بوومە  ئەندامی فەرمی، هەروەها لە یەكێتی ژنان بووم لەوێ چەندین ڕاهێنەرمان هەبوو، بەردەوام ڕاهێنانیان پێدەكردین تا بەردەوام بین لە یاریەكە، بەراستی ماندوو بوون لەگەڵمان، من سوپاسیان دەكەم.


         


        

"لەوكاتەدا سەخت بوو كچێك وەرشوان بێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، لەوكاتەدا زەحمەت بوو كچ وەرزشوان بێت، بەڵام من برایەكەم زۆر هاوكارو پاڵپشتم بوووهانی دەدام بەردەوام بووم، لە ساڵی ١٩٩٢  كەیانەی كۆیە كرایەوە ئێمەش هاتینە ناو یانەكەوكۆمەڵێك یاریزان بووین وەك یەك خێزان وەك خوشك پێكەوە دەچووینە پاڵەوانیەتیەكان، جا لەدهۆك  بووایە یان لەسلێمانی و هەولێر، دەچووینە هەموو شارەكان و زۆر بەخۆشی كاتەكان تێدەپەرێن، زۆریش قسەدەكرا كە ئێمە ژنین و بەشداری ئەو یاریانە دەكەین، بەڵام كۆڵمان نەدا، سەرۆكی یانەكەمان ئەوكات "مەجید میرخان" بوو خوا لێیخۆشبێت زۆر هاوكارمان  بوو، هاوكات كوردەخان زۆر پاڵپشتمان بوو زۆر جار لەگەڵمان دەهات بۆ بەشداری لەیاریەكان و ئۆتۆمبێلی بۆ دابین دەكردین.

 

گرفتی گەورەمان نەبوونی هۆڵ بوو

نیگار حەمەد نەشیشاردەوە كە زۆر گرفتیان بۆ دروست بووە، یەكێك لەگرفتەكان نەبوونی هۆڵ بوو هەر جارەو دەچووینە خوێندنگەیەک ئەوانیش وەك پیویست نەبوو، هەمو وردە بەرد وزیخ بوو بەڵام لەگەڵ هەموو كیشەكانیش هەر بەردەوام بووین وتیپی بالەی كۆییەکانمان دامەزراند، لەگەڵ چەند یاریزانێكی دیكە، هەموومان پێكەوە یاریمان دەكرد تا ماوەیەكی دوورودریژ بەردەوام بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا نەماوە، ئەوەش بەهۆی قەیرانی دارایی وپاڵپشتی نەكردنی لەلایەن حكومەتەوە.

 

نیگار حەمەد باسی لەمیژووی بالەی كۆیە کردو وتی: بالەی كۆیە مێژوویەكی دێرێنی هەبووەو لەسەر ئاستی كوردستان چەندین پاڵەوانێتیمان بەدەستهێناوەو چەندین جار لە پلەی یەكەم بووین لەسەر ئاستی عێراق، ئیستاش یاریزان هەیە هەر لەپەیمانگاكەمان یاریزانی زۆر باشمان هەیە، بەڵام  چ هۆكارێك وایكرد تیپی بالە لەكۆیە نەماوە، ئەویش هۆكاری داراییە، بەداخەوە ئەوەش كەلێنێكی گەورەی درووست كردوە لە میژووی ئەویاریە چونكە بالە لەكۆیە لەسەرئاستی عێراق و هەرێم لە ئاستێكی بەرز بوو ، بەداخەوە ئێمە وەك یاریزانە دێرینەكان هەموو غەمبارین كەنەماوە، وەك خۆم بەهەموو شێوەك پاڵپشی یانەی كۆیەم گەر دووبارە تیپی بالەی كچان دابمەزرێننەوە.


         


        

"٣٨ ساڵە بالە دەکەم و ئێستا بەرپرسی شاخەوانی ژنانم لە ڕێکخراوی ئۆسکار"

نیگار حەمەد وتیشی: سووپاستان دەكەم كە دەڵێن نیگار پێشەنگی یاری بالەیە بەڵام دەڵێم لە پێشەوەی منیش كەسانێك هەبوون لەژنان، حەز ناکەم ڕۆڵی ئەوانی تر ون بكەم، بەڵام من بەردەوام بووم كە ئیستا وابزانم ٣٨ ساڵە من یاریزانم لە و بوارە، ئێستاش لەگەڵ خوێندکاران ومامۆستایان بەشدارم، جگە لەوەش شاخەوانێكی باشم ولە ڕێكخراوی ئۆسكار بەرپرسی شاخەوانی ژنانم، بەشانازیەوە ئەوەش وایكردووە خاوەن كەسایەتی و لیاقەی بەدەنی جوانم، چونكە كە وەرزش دەكەی تەندروستیشت باشە، بۆ پاڵپشتیش  وابزانم ئیستا زۆربەی خێزانەكان هاوكارن و ڕێگری ناكەن كچەكانیان بچنە ناو بواری وەرزش.

 

"وەرزش بۆ ژنان گرنگترین شتەو هانی ژنان دەدەم"

سەبارەت بەگرنگی وەرزش بۆ ژنان نیگار حەمەد وتی: زۆر هانی ژنان دەدەم وەرزش بكەن وەك دەبینین ئەوانەی وەرزش دەكەن هەمیشە تەندروست باشن، لەوەش گرنگتر كەسێكی كۆمەڵایەتی دەبێت، هاوڕێی بەتامی خوشك دەدۆزیەوە، ئیستاش كە سەیری وێنەكان دەكەم فرمێسكم دێتە خوارێ بۆ ئەوساتانەی ئەوكات گەر پاڵەوانێتیەكمان هەبوایە لە شارەكان تا سبەی نەدەخەوتین هەر قسەی خۆشمان دەكرد، بەڵام ئێستا لەنێو كچەكان نابینم، ئیستاش من هەروام لەهەر شوێنێك بم وەك یەك خێزان كاردەكەم، چونكە وەرزش واتە خۆشەویستی و ڕێزو گوێرایەڵی گەور ئەوسێ شتە نەبووە بنەمای وەرزش واتە هەمو شتەكان تێكدەچن، با ژنان دروشمی خۆشەویستی و گوێرایەڵی و ڕێز بكەنە درووشمی خۆیان.

 

" خۆشحاڵم كەببینم ژنێكی وەها بەئەزموون هەیە"

ئایە سەڵاح جەبار، خوێندكاری مامۆستا نیگار وتی: خۆشحاڵم بە مامۆستا نیگار كە كەسێكی ئەوها بەتواناو بوێر هەیە، زۆر پاڵپشتمان بووە لە پەیمانگاو خەمخۆری خوێندکاران بووە، یاریزانێكی بەتوانایە لە بالە، خۆشحاڵم كەببینم ژنێكی وەها بەئەزموون هەیە وومامۆستای ئیمەیە هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.

 

گۆنا گۆڤار، خوێندکارێکی دیکە وتی: مامۆستا نیگار یەكێکە لەمامۆستا باشەكانمان، نەك هەرلە بواری وەرزش لەهەموو بوارەكان یەكەمە و لەناو وەرزشی كۆیە تاكە ژنە كە بەردەوامە لەناو پیشەكەی وشوێن دەستی دیارە، بۆیە وەك خوێندکارێکی ئەو هیوادارم كە دەگەینە تەمەنی ئەو وەك ئەو بین و هەریەكەمان مامۆستا نیگارێكی دیكەمان لێدەربچێت و هیوادارین هەربۆمان بمێنێت، یەك لەشتەباشەكانی ئەوەیە لەگەڵ هەمووان دەگونجێت ناڵێ ئەوە منداڵە ئەوە گەورەیەو هەرگیز توڕەنابێت، هەڵەش بكەین بۆمان چاکدەكات و یارمەتیمان دەدات تا هەڵەكە دووبارە نەكەینەوە.