تەندروستی دڵ پەیوەندی بە تەندروستی ددانەکانەوە هەیە

پاراستنی تەندروستی ددانەکان گرنگی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، بەڵام پسپۆڕان پەیوەندییەکیان لە نێوان پاراستنی تەندروستی دەم و ددان و دڵدا دۆزیوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەمیر پاتەل پزیشکی ددان باسی لەوەکردووە، جگە لە بۆنی ناخۆشی دەم و خراپبوونی ددان، پشتگوێخستنی پاک و خاوێنی دەم و ددان دەتوانێت کاریگەری زیانبەخشی لەسەر ئەندامەکانی دیکە هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هەندێک هەنگاو بە باشی نەگیرێتەبەر.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی پەتی ددان پاککردنەوە زۆر پێویستە بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی ددان چونکە پەیوەندی بە تەندروستی دڵەوە هەیە، دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان تادێت گرنگی بەکارهێنانی پەت بۆ تەندروستی دەمار و دڵ دەردەخەن، پەت پاشماوەکان لە ژێر هێڵی پووکەوە لادەبات، ئەمەش ڕەنگە ڕێگری لە وەرینی مینای ددان بکات، هەروەها مەترسی خراپبوونی ددان کەم بکاتەوە و ئەگەری هەوکردنی پووک سووربوونەوە ناهێڵێت.

 

توێژینەوەکان دەریانخستووە، هەوکردن بەهۆی نەخۆشییەکانی پووکەوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خوێنبەرەکان، بەتایبەت خوێنبەرەکانی دڵ، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ.

 

لەمەش زیاتر ئەو کەسانەی نەخۆشی پووکیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاترە، دکتۆرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەمیشە دڵنیا بیت لە شوشتنی ددانەکانت هەر کە لە خەو هەڵدەستیت، هەروەها نابێت هەرگیز چاوەڕێ بکەیت تا دوای خواردنی نانی بەیانی، چونکە بەکتریا لە دەممان کۆدەبێتەوە، هەروەها خواردنی خۆراک پێش ددان شۆردن لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی خۆراکی بەکتریا و دەتوانێت ترشەڵۆک دروست بکات، کە هێرش دەکاتە سەر مینای ددان.

 

هەرچەندە پێویستە ڕۆژانە دووجار ددانەکانت بشۆیت، بەڵام پسپۆڕانی پزیشکی ددان دەڵێن، ئەگەر پێداگری لەسەر ئەوە بکەیت تەنها یەکجار ئەو کارە بکەیت، ئەوا شەو باشترین کاتە.