پزیشک تاڤان فاتیح: ژنانی دووگیان ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بچنە بەر خۆر

پزیشک تاڤان فاتیح کاریگەریەکانی ڤیتامین و فۆلیک ئەسید بۆ ژنانی دووگیان دەخاتەڕوو هەروەها ڕێنماییان دەکات ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بچنە بەر خۆر.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک تاڤان فاتیح، پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون و نەزۆكی لەنەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی دەربارەی کاریگەریەکانی ڤیتامین و فۆلیک ئەسید لەسەر ژنانی دووگیان ئاماژەی بەوەکردووە، دووگیانی بریتییە لەوەی ژن كۆرپەلەیەك لەناو منداڵدانی دروست دەبێت و گەشە دەكات و خواردنی لەڕێگەی دایكەكەوە دەبێت، درێژی ماوەی دووگیانی نزیكە ٤٠ هەفتەیە، واتە ٩ مانگ و ٩ ڕۆژ و لەدایكبوونەكە بەڕێگای سروشتی بێت باشترە.

 

كاریگەری فۆلیك ئەسید لەسەر ژنی دووگیان:

- پێویستە ئەو ژنەی بڕیاری دووگیانی دەدات سێ مانگ پێش دووگیانیەكەی بەكارهێنانی فۆلیك ئەسید دەست پێبكات و بیخوات، چونكە كاریگەرییەكی زۆری هەیە، ئەگەر بەكاری نەهێنێت زیانی زۆرە و لەوانەیە ببێتە هۆی ناهەمواری و كەمئەندامی لەمێشك و دەمارەكانی پشتی منداڵ.

 

- فۆلیك ئەسید مێشكی منداڵ كارادەكات ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكاردەهێنن منداڵەكانیان زیرەك و لێهاتوون و مێشكیان باش گەشە دەكات، بەڵام ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكارناهێنن مناڵەكانیان لەگەشەدا تەمەڵن و زیرەكیان كەمترە.

 

- فۆلیك ئەسید تا سێ مانگ پێویستە بخورێت و دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ ئاسن و ڤیتامینەكان.

 

كەمی "ڤیتامینD" لەكاتی دوو گیانی:

-هۆكاری سەرەكی كەمی "ڤیتامین "D دەگەڕێتەوە بۆ كەم خۆدانە بەرخۆر، پێویستە ژنی دووگیان ڕۆژانە ٣٠ خولەک بچێتە بەرخۆر لەكاتژمێر "١٠ بۆ ١٢"ی نیوەڕۆ چونكە لەو ماوەیەدا زۆرباشە.

 

- ئەگەر ژنی دووگیان نەچێتە بەرخۆر، پێویستە "ڤیتامین  D" وەربگرێت چونكە كەمی ئەو ڤیتامینە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەكە و تووشی ناڕەحەتی دەكات و هەروەها تووشی سەر ئێشەو قاچ ئێشەی دەكات.

 

-كەم خوێنی یەكێكی ترە لەو نەخۆشیانەی تووشی ژنی دووگیان دەبێتەوە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو خۆراكانەی دەیانخوات، ئەو ژنانەی لەبارێكی ئابووری خراپدان لەوانەیە خواردنی كەم بێت و بڕی پێویستی ئاسن و ڤیتامینەكانی دەست نەكەوێت، یان ئەو ژنانەی هەڵگری نەخۆشی تالاسیمیان ئەوانە كەم خوێنیان هەیە.