زیادخواردنی شەکر و توشبوونی منداڵ بە نەخۆشی شەکرە

‎پزیشک ئەسرا کەمال شامحەمەد، بەکالۆریۆس لە پزيشكی هەناوی و نەشتەرگەری گشتی و ماستەر لە زانستی خۆراك، دەربارەی زیادخواردنی شەکر لەلایەن مناڵ و توشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە چەند زانیارییەک بڵاودەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە وتارێکدا پزیشک ئەسرا کەمال شامحەمەد، بەکالۆریۆس لە پزيشكی هەناوی و نەشتەرگەری گشتی و ماستەر لە زانستی خۆراك، دەربارەی زیادخواردنی شەکر لەلایەن مناڵ و توشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە چەند زانیارییەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: ئەم وتارەم زۆر بە گرنگزانی کە بینوسم و هیوادارم خێزانەکان بە ووردی بیخوێننەوە و دەکرێت زەنگێکی مەترسیداریش بێت!.

 

دەقی وتارەکەی پزیشک ئەسرا کەمال شامحەمەد؛

ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم لە کلینیک و لە چواردەورم زۆربوونی ژمارەی ئەو منداڵانەیە بە شەکرەوە دەناڵێنن، زۆر ترسهێنەرە و دەبێت خێزانەکان زۆر ئاگاداری نیشانەکان و هۆکارەکانیش بن!

 

لە ڕووە زانستییەکەوە؛ ئەوەی کە لە گایدلانە پزیشکییەکاندا هەیە بە تایبەتی ڕوودانی ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری ٢، هۆکارەکانی خراپی شێوازی ژیان و کەمی چالاکی و خواردنی خراپ (پڕ لە شەکر) و خەوی خراپە، کە بەداخەوە دەیلێم زۆربەی ئەو خاڵانەی سەرەوە لە زۆربەی منداڵ و گەنجەکانماندا بوونی هەیە و هەربۆیە بە پێی داتا جیهانیەکان دروستبوونی شەکرەی جۆری ٢ لە منداڵ و گەنجەکانمان ڕوو لە هەڵکشانە و کە ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە! کە پێشتر ئەم جۆری شەکرەیە لە سەروو تەمەنی ٤٠ زیاتر ئەگەری روودانی هەبوو!.

 

ڕوودانی شەکرەی جۆری ١ کە زیاتر لە منداڵاندا دەردەکەوێت (لە گەورەشدا هەیە، بەڵام بە ڕێژەی کەمتر)، ئەم جۆرە شەکرەیە بە پێی داتا جیهانییەکان ڕاستەوخۆ لینک نەکراوەتەوە بە شێوازی ژیان و خواردنی خراپەوە، بەڵکو چەند هۆکارێکی تری هەیە، کە هەندێک کات هۆکارەکەش نەزانراوە!.

 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە توێژینەوەکان شیکاریان بۆ کردووە کە ڕەنگە خواردنی ناتەندروستیش هۆکارێکی ناراستەوخۆ بێت بۆ دروستکردنی شەکرەی جۆری یەک (چونکە خواردنی پر شەکر و ناتەندروست گوشارێکی زۆر لەسەر خانەکانی پەنکریاس دروستدەکەن و لە ئەنجامدا ڕەنگە خانەکان ووردە ووردە لە کاربکەون و ئیش نەکەن و توانای دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلینیان نەبێت، هەربۆیە پزیشک ناچار دەبێت کە دەرزی ئەنسۆلین بۆ منداڵەکە بنووسێت لە ڕۆژێکدا چەند جارێک، ئەمە بێجگە لە ئەو هەموو فەحسی شەکرەیەی کە دەبێت ڕۆژانە بکرێت بۆ ئەو منداڵە بۆ زانینی بەرزی و نزمی ئاستی شەکرەی منداڵەکە!) هەربۆیە من لە پێشتریشدا لە ڤیدۆیەکی یوتوبدا ئاماژەم بەوە کردووە کە ئەو کیسە چوکلێت و بسکیتەی دەیهێنیتەوە بۆ منداڵە بچوکەکەت چەند مەترسیدارە و چۆن لەوانەیە لە ئەنجامدا ببێت بە زەهر و ووردە ووردە ئەندامەکانی جەستەی منداڵەکەت زەرەرمەند بکەیت.... لینکی ڤیدیۆ و نمونەی توێژینەوەیەک دادەنێم بۆ زانیاری زیاتر ...( https://youtu.be/6N0Knj21N24)

 

بۆیە تکایە خێزانەکان زیاتر ئاگاداری ئەوە بن کە چی دەدەن بە منداڵەکان، چونکە ئەندامەکانی لەشی منداڵەکەت بە تەواوی پێنەگەشتووە و ڕەنگە ئەو خواردنە خراپەی کە ڕۆژانە دەیخۆن زیاتر مەترسی هەبێت لەسەر جەستەی منداڵەکەت وەک لە خۆت!

 

گرنگە ئەم نیشانانە بناسیتەوە لە منداڵەکەتدا، ئەگەر هەستت پێکرد، ئەوا دەبێت دڵنیابیتەوە لە ئاستی شەکر لە خوێنی منداڵەکەتدا:

- زیادبوونی هەستی تینوێتی

- زیاتر میزکردن لە جاران، هەندێک کات جێگەی تەڕ دەکات و میزدەکات بە خۆیدا، لە منداڵێکدا کە پێشتر ئەوەی نەبووە!

- زیاتر برسی بوون لە جاران و هەستکەیت کە زۆر زیاتر دەخوات لە پێشتر

- خواردنیشی باشە و کێشی بەردەوام دادەبەزێت

- هیلاکی و بێ تاقەتی بەردەوام

- بۆنێکی تایبەت لە دەمیەوە دێت کە پێشتر نەیبووە.