ڕزگاربووانی بوومەلەرزەی بەهێز تووشی کاریگەری دەرونی توند دەبن

هەموو قوربانیانی بوومەلەرزەیەک چ ماڵ وحاڵی خۆیان لەدەستدابێت یان خێزان و کەسوکاریان لەدەستدابێت وەڵامێکی دەرونیان هەیە، زۆربەیان وەڵامێکی ئاسایییان هەیە و بەشێکیشیان وەڵامێکی توندتر، واتە باری دەرونی کەسەکان جیاواز وەڵامیان بۆ ڕووداوەکە دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٦ی شوباتدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٦ لە باکووری کوردستان ڕوویدا کە ناوەندەکەی مەڕەش و دیلۆک بوو، بەهۆیەوە تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا زیانیان بەرکەوت و زیاتر لە ٤١ هەزار کەس بوونە قوربانی، هەزاران بینا و باڵەخانە ڕووخان، بوومەلەرزەکە توانی بەشێکی زۆری ١٠ شار هەڵوەشێنێت، ئەمەش کاریگەرییەکی دەرونی زۆر توندی لای ڕزگاربووانی رووداوەکە و ئەو کەسانەی ڕزگارکردنی قوربانییەکان کە لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە، بەجێهێشتووە، هەروەها دیمەنی وێرانکاریی و بێ ماڵ و حاڵ بوون و بینینی دۆخی ئەو خەڵکە بۆ کەسانی دەرەوەی بوومەلەرزەکەش بارێکی دەرونی نەخوازراو دروست دەکات.

 

دوای بوومەلەرزە لە سەرەتادا خەڵک بە گشتی تووشی شۆک دەبن و باوەڕناکەن چی ڕوویداوە، ئەوان ترسیان هەیە و کێشەی خەوتنیان بۆ دروستدەبێت، تەنانەت کابوسەکانیش ڕوو دەدەن، بۆن و دەنگ کاریگەری لەسەریان هەیە، ئەوان ئازاری لەدەستدانی بنەماڵە و هاوڕێ و کەسوکاریان هەیەو خۆشیان بە هەموو جۆرەکانی ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا پزیشکەکان دوای پشکنینی جەستەیی هیچ شتێک نادۆزنەوە، منداڵەکان ڕەفتارەکانیان دەگۆڕن، بێ ئارام دەبن، شەڕانگێز و هەندێکیان بێدەنگ دەبن، ئەو مندالانەی لە دایک و باوکیان دادەبڕێن تووشی بێخەوی دەبن، گەڕانەوە بۆ قۆناغێکی پێشووی ژیان کە ئەستەم دەبێت و بەردەوام دێتە پێش چاویان و چەندین کاریگەری دەرونی توند بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزە ڕزگاریان دەبیت تووشی ٥ کاریگەری باوی دەرونی دەبن:

١- هایپەرڤیگلانس

بە پێی کارۆلین واگنەر، ڕاوێژکاری پیشەیی و پزیشکی دەرونی، ڕزگاربووانی بوومەلەرزە زۆرجار تووشی نەخۆشی هایپەرڤیگلانس دەبن، بەجۆرێک هەر دەنگێکی بچووک دەبێتە هۆی ڕاکردن و ڕاچڵەکین، هەرزەبرێکی بچوک دەبێتە هۆی ئەوەی ڕزگاربوو بترسێت و هاواربکات، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە جەستەکە لە ئامادە باشیدایە بۆ هەڕەشەیەکی تر لەسەر سەلامەتی گیانی، کە لەوانەیە وا بکات هەست بە بازدان و لە لێوار بکات.

 

٢- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی

دوای ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەیەک ژیانی کەسێک مەترسی لەسەر دەبێت، ئەوە شتێکی ناجێگیر نییە کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێ یاخود خەمۆکی نیشان بدەن، نیکیتا بانکس، کارمەندی کۆمەڵایەتی پزیشکیی مۆڵەتپێدراو و پزیشکی دەرونی لە نیویۆرک ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دوو نەخۆشییە نیشانەیەکی هاوشێوەیان هەیە وەک ماندوو بوون، لە دەست دانی خەو، کەمبوونەوەی بایەخدان بە چالاکی ڕۆژانە، بێزاری، و نەتوانینی چڕکردنەوە، ئەم نیشانانە لەوانەیە بە پێی کات بێن و بڕۆن، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا پیویستی بە چارەسەر هەیە.

 

٣- بەربەستی ڕێگای دەرونی

بۆ ڕزگاربووانی بوومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکانی تر ئاساییە کە بەردەوام ڕووداوەکە لە سەریاندا زیندوو بکەنەوە، بەڵام دەبێت بەزووترین کات ڕۆتینیان هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بگەڕێنەوە بۆ هەندێک هەستی ئاسایی چونکە یارمەتیان دەدات لە ژینگەیان پارێزراوتر بن.

 

٤- بوومەلەرزە فۆبیا

پزیشک کرایگ نیسان، دەروونناسێکی مۆڵەتپێدراو و بەڕێوەبەری سەنتەری نیسان بۆ بەڕێوەبردنی هێرشی دڵەڕاوکێ لە لۆس ئەنجلۆس بەم جۆرە فۆبیا یان ترسە دەڵێت، کەسەکە بەردەوام بیری لای ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی ترەو ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت نیگەرانیی دروست دەکات.

 

٥- PTSD

بە وتەی پزیشک جانا سکریڤانی، دەروونناسی پزیشکی، کە خۆی ڕووداوی بوومەلەرزەی بینیوە وتی: "زۆربەی خەڵکەکە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەرە، چەندین نیشانەی دەرونی نیشان دەدات کە لە پی تی ئێس دی دەچێت، زۆرینەیان چاک دەبنەوە، بەڵام کەمینەیەک گیرۆدەی دەبێت، نیشانەکانی PTSD بریتین لە ترسێکی توند، بیرکەوتنەوە و کابوسەکان. ئەمە قورسترین و بەردەوامترین کاریگەری دەرونیە کە لەوانەیە بوومەلەرزەیەک بیکاتە سەر کەسێک.

 

بۆچی چاکبوونەوە زۆر خاوە؟

ئەوانەی هەموو شتێکیان لەدەستداوە هیچ شوێنێکیان نییە بگەڕێنەوە بۆی، جگەلەوەش جوگرافیای ئەو شوێنانەی کە پێشتر تێیدا دەژیان گۆڕاوە، لێقەوماوانی بوومەلەرزەیەک هەموو سەرچاوە جەستەییەکانیان لەدەستداوە و لە ئەنجامدا، ئەمەش چاکبوونەوەی سەرچاوە دەرونییەکان دادەبەزێنێت، ماڵێک واتە پاراستن، پەناگە، ئاسایش، پێکەوە بوونەوە لەگەڵ خێزان، کاتێک ماڵەکەت لەدەستدەدەیت، هەموو ئەمانە بەوەوە ون دەبن، لە لایەکی دیکەوە، کە پێی دەوترێت "نەخۆشی شەڵتەر" تایبەتمەندییەکی گشتی بوومەلەرزەیە، کاتێک کارەساتێک پێشبینی دەکرێت، زۆربەی کات قوربانییەکان دەزانن کە ڕووبەڕووی چۆڵکردن دەبنەوە، کاتێک بوومەلەرزەیەک ڕوودەدات، پێویستە قوربانییەکان لەگەڵ ڕاستی جەستەیی نوێ بگونجێن کە ناهاوسەنگییەکی دەرونی دروست دەکات.

 

لە لایەکی دیکەوە خراپترین حاڵەتەکان کە زیاتر لای خوێندکاران باوەو کاریگەری لەسەریان هەیە، فۆبیای خوێندنگەیە کە دەبێتە هۆی کێشەی فێربوون و گەشەسەندن، ئەم جۆرە کاردانەوانە کاردانەوەی ئاسایین بۆ دۆخی نائاسایی خەڵک و زۆربەی خەڵک لە ماوەی مانگێکدا چاک دەبنەوە، سەرەڕای ئاسایی بوون، خەڵک هێشتا هەست بە نیگەرانی دەکەن و هەندێک هەستیان هەیە کە بوونەتە کەسێکی "نائاگا".

 

کام چارەسەر جێبەجێ بکەن؟

زۆر گرنگە کە بزانرێت چارەسەرەکان بۆ کەسانی یاخود نەخۆشانی دەرونی لەدوای ڕزگاربوونیان لە بوومەلەرزە چییە، پزیشکان کە چارەسەری دەرونی تونددا پەنا بۆ بەکارهێنانی دەرمان دەبەن بە تایبەت لە سەرەتای کارەساتەکەدا، هاوکاری خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی چی ڕوویداوە و پەروەردەی دەرونیان پێدەدەن و ئامادەیان دەکەن، لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕووداوی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە، دەبێت ژیانی نوێیان بخرێتە بەردەم و لەناو شۆکی کارەساتەکە بهێندرێنە دەرەوە کە ئەوەش بە ڕاهێنان و خول دەبێت.

 

ڕزگاربووانی بوومەلەرزە لەلایەن پزیشکان و ڕاهێنەرانی دەرونی هۆشیار دەکرێنەوە لەوەی کە بوومەلەرزە چییە، ڕێگە بە دەربڕینی خەمەکانیان دەدەن و هەستەکانیان پێدەردەبڕدرێن و زانیاری کردارییان پێدەدەن، کاتێک خەڵک دەیانەوێت ئەزموونەکانیان بە وردی دروست بکەنەوە، دەبێت یارمەتییان بدرێت، هەروەها چالاکی کۆمەڵگەیی و دەرونیی ئەنجام دەدەن بە مەبەستی پشتگیریکردنی میکانیزمەکانی خۆ یارمەتیدان.