برینی ڕیخۆڵە و گەدە هۆکاری توشبوونە بە کەمی ئاسن

هەرچەندە ئەو خۆراکانە بخۆین کە ئاسنیان تێدایە، بەڵام بەهۆی برینی گەدە و خوێن بەربوونەوە دەکرێت سوود لە ئاسنی ناو ئەو خۆراکە نەبینین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاسن، یەکێکە لە کانزا گرنگەکان لە لەشدا، یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هیمۆگلۆبینی خوێن کە لە خانەکانەوە ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ لەش، کەمی ماددەی ئاسن نەخۆشی نیە، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دروستبوونی نەخۆشی.

 

نیشانەکانی کەمی ئاسن لە لەشدا

بەشێک لە نیشانەکانی کەمی ئاسن بریتین لە ماندووبوون و بێتاقەتی، تەرکیزکردنی لاواز، گرنگی نەدان بە شتەکان، خراپی هەناسەدان و تووشبوون بە هەناسە بڕکێ، زەرد بوونی پێست، ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشیەکان قورس دەبێت، هەستکردن بە ئازاری ماسولکە، لاوازبوونی نینۆکەکان، توشبوون بە نەخۆشیە گواستراوەکان، گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ ڕەنگی سوور، خێرا لێدانی دڵ.

 

هەندێک هۆکار وادەکات کە ڕێژەی ئاسن لە خوێندا کەم ببێتەوە وەک، خوێن بەربوون، بوونی خوێنی زۆر لە کاتی سوڕی مانگانەدا، سوود وەرنەگرتن لە ئاسنی ناو خۆراک بەهۆی هەندێک نەخۆشی لە ڕیخۆڵەکاندا، خوێن بەربوونی ناوەوە وەک برینی گەدە یان دوانزەگرێ، خوێن بەربوونی ڕیخۆڵەکان، خوێنبەربوونی جۆگەی میز.

 

چارەسەری کەمی ئاسن لە لەشدا

دەکرێت چارەسەری کەمی ئاسن بکرێت بە ڕێکخستنی سیستمی خۆراکی و خواردنی مریشک، ماسی، برۆکلی، پاقلەمەنیەکان و میوە وشککراوەکان، گرنگیدان بە خواردنی ڤیتامینC، چونکە یارمەتیدەرە لە مژینی ئاسن، ئەو کەسانەی ڕێژەی ئاسنیان زۆر کەمە، پێویستە حەبی ئاسن بە کاربهێنن بەڵام لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا.