چەند زانیاریەک دەربارەی نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو

نەشتەرگەری ئاوی سپی یەکێکە لە زۆرترین ئەو نەشتەرگەریانەی کە لە بواری چاودا ئەنجامدەدرێت، بۆیە پێویستە هەندێک زانیاری و ڕێنمایی دەربارەی بزاندرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک کانی عەلی، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو، دەربارەی ئەو جۆرە نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو چەند زانیاری و ڕێنماییەکی خستووەتەڕوو، ئاماژە بەو حاڵەتانە دەکات کە ئاساییە ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەری یاخود چەند ڕۆژی یەکەمی دوای نەشتەرگەری هەبێت:

 

١-هەست کردن بە کزانەوە و بوونی زبری یاخود گرێ لە چاودا.

٢- ئاوکردنی چاو.

٣-هەستیاری بە ڕوناکی.

٤-بوونی تەڵخی لە ئاستی بینین، دوای نەشتەرگەری ئاوی سپی زۆر جار چەند ڕۆژی یەکەم ئاستی بینین تەڵخە، وردە وردە ڕوون دەبێتەوە، ئەمە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە، تەنانەت لە بەینی چاوێک بۆ چاوەکەی تری هەمان کەس جیاوازە.

٥-بوونی پەڵەی سور یاخود خوێن لەسەر سپێنەی چاو.

٦-بوونی ئازاری کەم لە چاودا.

٧-بوونی بڵقی ئاو یاخود هەوا لەناو ڕەشێنەی چاو.

 

دەربارەی ئەو حاڵەتانەی کە ئاسایی نین لە دوای نەشتەرگەری ئاوی سپی هەبن، هەروەها نیشانەن بۆ بوونی کێشە لە چاوەکەدا، پێویستە بە زووترن کات سەردانی پزیشکی نەشتەرگەرییەکەی بکاتەوە، ئەو پزیشکە ئاماژەی بە چوار خاڵ کردووە:

١-لە پڕ دروستبوونی تەڵخی لە ئاستی بینین، واتە دوای نەشتەرگەرییەکە ئاستی بینین ڕوون بووبێتەوە بەڵام لەناکاو ئاستی بینین تەڵخ بێت.

٢-ئازاری زۆری چاو.

٣-ڕشانەوە و سەرئێشە.

٤-دروستبوونی ڕیپۆق.