پەتای وەرزی لە سەرمادا زیاد دەکات

ساڵانە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی پایز و زستاندا، پەتای وەرزی "ئەنفلۆنزا" ڕوو لە زیادبوون دەکات کە ماوەی نەخۆشییەکە لە کەسێکدا ٧ بۆ ١٤ ڕۆژ دەخایەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پەتای وەرزی، بریتییە لەو نەخۆشییە گواستراوەی کە تووشی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ دەبێت، بەهۆی ڤایرۆسی جۆری ئەی و بی، کار لەسەر بەرگری لەشی کەسی تووشبوو دەکات، جیاوازی بەرگری لەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام ماوەی تووشبوون بە نەخۆشیەکە لە کەسێکی ئاسایدا ٧ بۆ ١٤ ڕۆژ دەخایەنێت.

 

پەتای وەرزی چۆن دەگوازرێتەوە؟

دابەزینی پلەی گەرمی وەرزەکانی زستان و پایز وادەکات ڤایرۆسەکە زووتر بگوازرێتەوە، چونکە چالاکی ڤایرۆسەکە لە سەرمادا زیاد دەکات، کەسی تووشبوو بە بەرکەوتنی لەگەڵ کەسی ساغدا دەتوانێت لە ماوەی ٢٠ چرکەدا ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە، بەڵام نیشانەکانی لە پاش ٧ بۆ ٢٤ کاتژمێر دەردەکەوێت، کە کەسەکە تووش بووە بە ڤایرۆسەکە یان نا.

 

پەتای وەرزی بە چەند ڕێگەیەک دەگوازرێتەوە وەک، نزیکبوونەوە لە کەسی توشبوو بە تایبەت لە کاتی پژمیندا، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ وەک تەوقەکردن و ماچکردن، بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کە کەسی تووشبوو بەکاریدەهێنێت، هەواگۆڕکێی ژوور بە تایبەتی لە شوێنە گشتیەکاندا.

 

نیشانەکانی تووشبوون بە پەتای وەرزی

بە چەند نیشانەیەک دەردەکەوێت کە کەسەکە تووشی پەتای وەرزی بووە و یەکەم نیشانە سوربوونەوەی قورگە، دواتر هەڵئاوسانی ئالوەکان و سوربوونەوەیان، سەرئێشە، لاوازی جەستە، دەردانی شلەی لوت"هەڵامەت"، کۆکە، ماندووبوون، تا و دەردانی ئارەق.

 

خۆپاراستن و چارەسەری پەتای وەرزی

پەتای وەزری لەبەرئەوەی نەخۆشییەکی بەربڵاوە بۆیە باشتر وایە کە چارەسەری سروشتی بەکاربهێنرێت، بەڵام بۆ منداڵی ساوا، کەسانی بەتەمەن، ژنی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی دەبێت، پێویستە ماوەی نێوان کەسی تووشبوو و کەسی ساغ کەمتر نەبێت لە دوو مەتر.

 

چارەسەرە سروشتیەکە، خواردنی ئەو خواردنانە دەگرێتەوە کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی وەک، پرتەقاڵ، لالەنگی، سێو، کیوی، هەنار و سندی ئەو میوانەی کە سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکەن، خۆشۆردن بە ئاوی شلەتین، پشوودان، دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی شیری گەرم لە کاتی هەوکردنی ئالوەکان و قورگ.

 

چارەسەرە پزیشکییەکە، وەک کوتان و ڤاکسینی دژ بە پەتای وەرزی، کە ساڵانە یەک جار لە ژێر پێست دەدرێت بۆ کەسی بەتەمەن، بەکارهێنانی دەرمانی ئەمۆکسلین، پاراسیتۆڵ، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵە یەکێکە لە هەنگاوە سەرەکییەکان کە دەبێت نەخۆش ڕەچاوی بکات بۆ پاراستنی خۆی.