چۆنیەتی پارێزگاریکردن لە جومگەکانی ئەژنۆ

ئەژنۆکان گرنگترین جومگەی جەستەن لەبەرئەوەی لە ٨٠٪ی کێشی لەش هەڵدەگرێت، پسپۆڕانی تەندروستی چەند ڕێنماییەک بڵاودەکەنەوە لە پێناو تەندروست مانەوەی ئەژنۆکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەژنۆکان گرنگترین جومگەی جەستەن لەبەرئەوەی لە ٨٠٪ی کێشی لەش هەڵدەگرێت لە کاتی وەستاندا، وە یەکێکە لە جومگە ساینۆڤیەمەکان کە لەھەموو جومگەکان زیاتر توانای جوڵەیان ھەیە، و بەکرکراگە و شلەی ساینۆڤیەڵ دەور دراون ، کە جوڵەیان ئاسان دەکەن.

 

تەمەن، پێکان، جووڵەی ھەڵە، خۆراک، ئەمانە ھەمووی کاریگەری ھەیە لەسەر جومگەی ئەژنۆ و بریندار بوون و داخورانی کرکراگەی جومگەکە، ھەندێک جار لەشی مرۆڤ ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەم داخورانە بکات.

 

 بۆ هەبوونی ئەژنۆیەکی باش و تەندروست دەبێت ئەم ڕێنماییانە پەیڕەوبکرێت

بەردەوام جووڵە کردن

ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ھەمیشە وەرزش بکەیت، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کەبەردەوام بە بەجووڵەکردنی ھەموو ماسولکە و جومگەکان، ھەرگیز بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ مەمێنەرەوە، بۆ نموونە وەستان بە پێوەی زۆر یاخود دانیشتنی زۆر، پێویستە ھەر کاتێک ھەستت بە ناڕەحەتی کرد دەست بکەیت بە جووڵە، مانەوە بە چالاکی یاریدەدەری جوڵانەوەی شلەی ساینۆڤیەڵ دەدات لەناو جومگەی ئەژنۆدا کە ناھێڵێت ئێسکەکان بەریەک بکەون و یارمەتی پتەو بوونی جومگەو ماسولکەکان دەدات، بۆیە ڕۆشتن بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕۆژانە یەکێکە لەباشترین وەرزشەکان .

 

تا دەتوانیت ئاو بخۆرەوە

لەبەرئەوەی کرکراگەکان بەشلەی ساینۆڤیەڵ یاخود لینجی داپۆشراون، لەراستیدا لە ٦٠٪ ی کرکراگەکان لە ئاو پێکھاتووە ، لەبەر ئەوە گرنگە کە بەبەردەوامی نەھێڵین لەشمان وشک بێتەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر کەم ئاو بخورێتەوە دروستبوونی شلەی ساینۆڤیەڵ کەم دەبێتەوەو ڕێژەی داخوران و بەریەک کەوتن و ئازاری جومگەکان زیاد دەکات، ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بە تایبەتی لەوانەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یاخود دەردە شاھانە(داء الملوك) یان داخورانی جومگەکانیان ھەیە.

 

ماسولکە بنیات بنێ

لەبەرئەوەی ماسولکەکان ئەرکی سەر جومگەکان کەم دەکەنەوە، ھەتا بەھێز تربن پاڵەپەستۆ لەسەر جومگەکان کەم دەکەنەوە، کێشی لەش زیاتر سووک دەکەن لەسەر جومگەکان، بۆیە پێویستە ھەوڵ بدەیت ماسولکەکانی دەوری ئەژنۆ بەھێز بکەیت.

 

پۆستچەر " شێوازی وەستان و ھەڵسوکەوتمان "

بەکارھێنانی شێوازی تەندروست لەکاتی وەستان، دانیشتن، شت ھەڵگرتن، خۆدانەواندنەوە، ئەمانە ھەمووی کاریگەری ھەیە لەسەر کەم کردنەوەی ئازار و پاراستنی جومگەی ئەژنۆ.

 

خواردن

گرنگیەکی زۆری ھەیە لەسەر تەندروستی جومگەکانمان، ھەندێک خۆراک یارمەتی تەندروستی جومگەکان دەدات، بەپێچەوانە ھەندێک زیان بە جومگە دەگەیەنێت .

ئەو خۆراکانەی ھەوکردن زیاد دەکەن لە لەشدا وەکو شەکری دروستکراو ، ھەندێ شیرەمەنی دروستکراو ، ئەو خواردنانەی ماددەی پارێزەریان (مواد حافظة)ی تیایە وەکو خۆراکی قوتوو ، سەوسج ، گۆشتی سوور ، ئاردی سپی ، معکرونی ئازاری جومگە زیاد دەکەن، ئەو خۆراکانەی کە دژە ھەوکردنن وەکو میوە و مزرەمەنیەکان، دانەوێڵەتەواوەکان و بەھاراتەکان ئازاری جومگە کەم دەکەنەوە.

 

کەم کردنەوەی ستریس و گرژی باری دەروونی

ئێمە کاتێک باری دەروونیمان تێک دەچێت و گرژ دەبێت، ھەموو لەشمان دەچێتەقۆناغی ھەوکردن کە ھەندێکجار وادەکات لە جومگەکان کە ھەوکەن و بئاوسێن، ھەروەھا سترێس دەبێتە ھۆی ڕژانی ھۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ لەلەشدا کە ئەمیش ڕێژەی دروستکردنی کۆلاجینی پێویست بۆ جومگەکان کەم دەکاتەوە، و دەبێتە ھۆی زوو داخورانی جومگەکان، ھەروەھا گرژی باری دەروونی کاریگەری ھەیە لەسەر لاواز بوونی ماسولکەکان.

 

کێشت دابەزێنە

مەرج نییە کێشت نموونەیی بێت، بەڵام باشترە چەند دەتوانیت کێشت نزیک بێتەوە لە ئایدیاڵ و BMI ی لەشت لە نێوان (١٨٠٥- ٢٥ ) بێت.

 

بەکارھێنانی پێکھاتە ڕووەکیەکان

گرنگە کە بتوانرێت ئازار شکێنی سروشتی بەکاربھێنرێت بۆ کەم کردنەوەی ئازاری جومگەی ئەژنۆ بەتایبەتی لەو کەسانەی هەمیشە ئازار و گرژبوونی دەوری ئەژنۆیان هەیە، بەکارھێنانی پێکھاتەی ڕووەکی کاریگەرییەکی باشی ھەیە وەکو چای ڕووەکی وەکو چای سەوز ، چای زەنجەفیل  یاخود زەیتی ڕووەکی وەکو زەیتی نەعنا کە ماددەی مێنثۆڵی تیادایە کەئازار شکێن و سڕکەریشە ھەروەھا

 

ئەرنیکا  کە گوڵێکی تایبەتی تێدایە یارمەتی کەم کردنەوەی ئازار و ھەوکردنی جومگەکان دەدات ..ئەم جۆرە جیلانە کاریگەرییەکی باشیان ھەیەو کاریگەریی لاوەکیشیان نیە.

 

د. ھەڤین کمال شاە محمد

پسپۆڕی ئازار شکاندن