نەخۆشیەکانی دڵ ڕوو لە زیادبوونە

ناڕێکی سیستەمی خۆراک و ئەنجامنەدانی وەرزش سەردەکێشێت بۆ جۆرەها نەخۆشی و لە ناویاندا نەخۆشی دڵ، کە مەترسییەکی زۆری هەیە لە سەر تەندروستی مرۆڤ و بەرزترین ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە هەیە.

سلێمانی

 

لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ ڕووی لە زیادبوون کردووە بە جۆرێک کە بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠دا تەنها لە ماوەی ٣ مانگدا  "٤٦٠٣" حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی دڵ تۆمارکراون کە ٦٨ حاڵەتیان مردن بووە.

 

نەخۆشیەکانی دڵ: ئەو نەخۆشیانەن کە کار دەکەنە سەر بۆرییەکانی خوێن و ناهێڵن بە باشی خوێن و ئۆکسجین بگات بە ماسولکەی دڵ، ئەگەر بەشێوەی تەسکبوونەی بۆریەکانی دڵ بێت، پێی دەڵێن "سنگەکوژی" یان گیرانی بۆرییەکان پێی دەڵێن "جەڵدەی دڵ"، هەندێک لە نەخۆشیەکانی دڵ کار دەکەنە سەر سەمامەکانی دڵ کە خوێن دەهێنن، نەخۆشی دڵ هەیە کار دەکاتە سەر ماسولکەی دڵ، هەندێکیتر لەنەخۆشیەکانی دڵ کار دەکاتە سەر لێدانی دڵ.

 

نەخۆشیەکانی دڵ بە گوێرەی جۆری نەخۆشیەکە لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات و زیاتر ژنان تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن، نەخۆشی سەمامەکانی دڵ و نەخۆشی تێکچوونی لێدانی دڵ، لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات، بەڵام نەخۆشی سنگەکوژی و جەڵدەی دڵ لە تەمەنی ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ بەرەو سەرەوە ڕوودەدات.

 

جەڵدەی دڵ: بە گیران و تەسکبوونەوەی بۆری خوێنی کۆڕنەری دڵ و نەگەیشتنی خوێنی پێویست بە ماسولکەی دڵ کە دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی دڵ دەوترێت.

 

سنگەکوژی: ناڕەحەتییەکانی سنگەکوژی زیاتر لەو کاتانەدا دەردەکەوێت کە فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر جەستە و دڵ زیاتر کار دەکات بۆ ئەوەی خوێنی زیاتر بنێرێت بۆ لەش، لەبەر ئەوەی تەسکبوونەوە هەیە لە بۆرییە خوێنییەکانی دیوارەکەدا، بۆیە دڵ ئازاری پێدەگات و ئەم ئازارە بە ئازاری سنگ دەردەکەوێت.

 

نەخۆشی سەمامەکانی دڵ: فراوانبوون یان تەسکبوونەوەی ملوولەکانی خوێنە لە دڵدا.

 

ناڕێکی لێدانی دڵ: ناڕێکییە لە چالاکی کارەبایی دڵ، "ئەو کارەباییەیە کە دەبێتە هۆی گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولکەکانی دڵ"، لێدانەکانی دڵ زۆر خێرایە یان زۆر لەسەرخۆیە، هەندێک لە ناڕێکیەکان ترسناکە لەوانەیە هەندێک جار ببێتە هۆی مردن.

 

نیشانەکانی نەخۆشی دڵ

باوترین نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ ئەمانەن، دروستبوونی ئازار لە سنگدا کە دواتر ئەم ئازارە دەگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش وەک، باڵ، پشت، شەویلگە، فشاری سنگ کە ئازارەکە زیاد دەکات بۆ چەند خولەکێک وەک گوشینی سنگ وایە لە ژناندا، ئارەق کردن لە کەشوهەوایەکی ساردا، لە کاتی وەرزشدا تووشی ئازاری سنگ دەبێت، هەناسە کورتی، هێڵنجدان و ڕشانەوە، ماندوبوونی نائاسایی، ئەگەر ماندووبوونەکە بێ هۆکار بوو ئەوە نیشانەیەکە لە نەخۆشیەکانی دڵ.

 

هۆکارەکانی نەخۆشی دڵ چییە؟

کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وا دەکات ماسولکەی دڵ تووشی نەخۆشی ببێت وەك، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، توندبوونی دەمارەکان، زۆری چەوری لە خوێن، قەڵەوی، جگەرە کێشان، نەخۆشی بۆماوەیی، فشاری دەروونی، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، گەورەبوونی تەمەن، شەکرەی جۆری دووەم، زۆر بەکارهێنانی ماددە کهولیەکان.

 

چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ و ڕێگەکانی خۆپاراستن لەم نەخۆشیە

نەخۆشیەکانی دڵ بەپێی جۆری نەخۆشیەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام زۆربەی ئەو نەخۆشانەی تووشی جەڵدەی دڵ دەبن قەستەرەی دڵیان بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکانی بۆری خوێن، شەبەکە و باڵۆن کە بۆ چارەسەرکردنی داخرانی هەندێک لە کونی دەمارەکانی خوێنە، نەشتەرگەری، هەرچەندە لەگەڵ بەرەو پیشچوونی زانستدا نەشتەرگەری بۆ دڵ کەمیکردووە، بەڵام تەنها کاتێک ئەنجام دەدرێت کە دەمارەکانی دڵ کە بە شێوەیەکی توند گیراون و تەسک بوونەتەوە.

 

هەرچەندە ناتوانرێت خۆپاراستن بکرێت لە هەندێک لە نەخۆشیەکانی دڵ وەک بوونی کێشە و کەموکوڕی لە دڵ لە کاتی لە دایکبوونەوە، بەڵام دەکرێت خۆپارێزی لە هەندێک جۆری نەخۆشیەکانی دڵ بکرێت بە گۆڕانکاری لە شیوازی ژیان و باشترکردنی تەندروستی وەک، وازهێنان لە جگەرە کێشان، ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی، سیستەمی خۆراکی تەندروست پەیڕەو بکرێت کە ڕێژەی خوێ و چەوری تێدا کەم بێت، پارێزگاری لە کێشی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە فشاری دەروونی.