"Gelede"... ژن وەک سیمبولێک بۆ هێز و بیرەوەری
هەموو دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ڕوخسارنییە، بەڵکو هەندێکیان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ناپێورێت و نابینرێت، لە کۆمەڵگەکانی یۆرۆبا ـ ناگۆدا، ڕێوڕەسمی گیلیدی "Gelede" دەبێتە ڕێزلێنان لە هێزی ژنانی بەتەمەن، پێگەیان لە پاراستنی کۆمەڵگەو هاوسەنگی بیرەوەرییەکاندا.
ناوەندی هەواڵ
لە زۆرێک لە کولتوورەکانی جیهاندا، ژنان بە ڕێوڕەسمی تایبەتەوە بەستراونەتەوە کە بیرەوەری دەپارێزن و زانیاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازنەوە، بەڵام هەندێک لەم ڕێوڕەسمانە تەنها بە بەڵگەدارکردنی ئامادەیی ژن نەوەستاون، بەڵکو هێزی ئەوانیان کردووە بە بەشێک لە هاوسەنگیی خودی کۆمەڵگە، لە نێوان ئەم نەریتانەدا فێستیڤاڵی گیلیدی "Gelede"دەردەکەوێت.
لە کۆمەڵگەکانی یۆرۆبا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، تێگەیشتنێکی کۆن هەیە بۆ هێزێکی شاراوە لای ژنان، بەتایبەت بەتەمەنەکان، هێزێک کە بەستراوەتەوە بە دانایی، پیتاندن، پاراستن، بەڵام لە هەمان کاتدا توانا و هێزی ئەوەی هەیە ببێتە هێزێکی ترسانک ئەگەر هاوسەنگی لە ناو کۆمەڵگەدا تێکبچێت.
لەگەڵ ئەوەدا گیلیدی "Gelede" لەدایکبوو، کە یەکێکە لە دیارترین نەریتە جەژنەییەکان لای یۆرۆبا لە بنین، نایجیریا و تۆگۆ، هیچ مێژوویەکی ورد بۆ دەستپێکردنی نەزانراوە، چونکە بە شێوەی زارەکی لە نێوان نەوەکاندا گوازراوەتەوە پێش ئەوەی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەڵگەدار بکرێت و بکۆڵرێتەوە.
ئەم ئاهەنگە ساڵانە دوای وەرزی دروێنە یان لە کاتی قەیرانەکانی وەک وشکەساڵی و پەتاکاندا ڕێکدەخرێت، کە تێیدا مەیدانەکان دەبنە شانۆیەکی کراوە، دەنگی دەهۆڵەکان بەرز دەبێتەوە، کەسایەتییە دەمامکدارەکان بە جلوبەرگی ڕازێنراوە و دەمامکی گەورەوە دەردەکەون، لە نێوان گۆرانی و هەڵپەڕکێدا دەجووڵێنەوە.
لە یەکەم نیگادا، دیمەنەکە وەک ئاهەنگێکی کولتووری زیندوو و ڕەنگاوڕەنگ دەردەکەوێت، بەڵام لە پشت ئەم دەمامکانەوە چیرۆکێکی زۆر قووڵتر هەیە، ئاهەنگێکە بۆ ئەوەی کە نەریتی یۆرۆبا پێی دەڵێت "دایککەکان"- ژنانی بەتەمەن کە پێگە و ئەزموون و هێزی ڕۆحییان هەیە، "دایککەکان" لێرەدا ئاماژەنییە بۆ دایکان بە واتا خێزانییە، بەڵکو وێنەیەکی فراوانتری ژنانە کە دەسەڵاتی ئاماژەی لەناو کۆمەڵگەدا بەدەستەوەیە.

ئەو دەمامکانەی قسە دەکەن
هەموو شتێک لە گیلیدی "Gelede"دا واتای هەیە، دەمامکەکە تەنیا داپۆشەری دەموچاو نییە، و سەما و هەڵپەڕکێکەش تەنها جووڵە نییە، گۆرانییەکەش تەنها موزیک نییە، لە ڕێگەی پێشکەشکردنەکانەوە چیرۆکەکان دەگێڕدرێنەوە، بیرەوەرییەکان زیندوو دەکرێنەوە، کاروباری کۆمەڵگە گفتوگۆ دەکرێت، هەروەها ڕەخنە و گاڵتە ئاڕاستەی ڕەفتار، کەسایەتی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت.
لەێرەدا مەیسانەکە دەبێتە شوێنێک کە کۆمەڵگە دەتوانێت تێیدا لەبەردەم خۆیدا قسە لەسەر خۆی بکات، بەڵام ئەوشتەی کە دژایەتیەک سەرنجڕاکێش دەکات ئەوەیە کە ئەوانەی ئەم کەسایەتییە دەمامکدارانەیان دەگێڕا، لە ڕووی مێژوویییەوە زیاتر پیاوان بوون، پیاوەکە دێتە ناو مەیدانەکە، ڕووخساری لە پشت دەمامکێکەوە دەشارێتەوە، جلوبەرگێکی فیستڤاڵی دەپۆشێت، پاشان دەست دەکات بە بەرجەستەکردنی جیهانێک کە بەستراوەتەوە بە هێزی "دایکەکان"،وەک ئەوەی ڕێوڕەسمەکە بڵێت هێزێکی ژنانە هەیە کە پیاو ناتوانێت بێتە خاوەنی، بەڵام دەتوانێت دانی پێدا بنێت و ئاهەنگی بۆ بگێڕێت.
لە تێگەیشتنی نەریتییدا، ئەم هێزە دەتوانێت پارێزەری کۆمەڵگە بێت، بۆیە ڕێزلێنان لە "دایکەکان" تەنها بەخشینێکی ئاماژەی نییە بۆ ژنان بەتەمەن، بەڵکو ئەوە هەوڵێکە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان تاک و کۆمەڵگەدا، لە نێوان مرۆڤەکان و ئەو هێزە ڕۆحییانەی کە کۆمەڵگە بڕوای پێیان هەیە، لەبەر ئەوە گیلیدی "Gelede" لە ڕووی مێژوویییەوە بەستراوەتەوە بە نزا کردن بۆ پیتاندن، گەشەسەندن و پاراستن، داواکردنی بەردەوامیی ژیان و سەقامگیریی کۆمەڵگە.

کاتێک ژن دەبێتە بیرەوەریی کۆمەڵگە
ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە گیلیدی "Gelede" ژن لە یەک وێنەدا دانانێت، ئەوە ئاهەنگ دەگێڕێت بە دایک، ژنی بەتەمەن، دانا و خاوەن پێگە، واتایەک بە ئامادەیی ژن دەبەخشێت کە لە جەستە و ڕۆڵی خێزانی تێدەپەڕێت، لە کۆمەڵگەیەکدا کە زانیاری لە نەوەکاندا دەگوازرێتەوە، "دایک"یش دەبێتە هەڵگری بیرەوەری.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڕێکخراوی یونسکۆ کەلەپووری زارەکی و دەرکەوتەکانی گیلیدی "Gelede" خستە ناو لیستی کەلەپووری کولتووریی نا ماددی، وەک نەریتێکی بەمیراسماو لە لای کۆمەڵگەکانی یۆرۆبا لە بنین، نایجیریا و تۆگۆ.
