فیلمی "پەیوەندی بە جەینەوە بکە"

پرسی لەباربردنی منداڵ و دەرئەنجامەکانی لە فیلمی"پەیوەندی بە جەینەوە بکە"دا بە ڕوونی خراوەتەڕوو، لە ڕێگەی چیرۆکی جۆی، کە دووگیانییەکەی مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات و یاسا ڕێگری دەکات لە لەباربردنی.

پرسی لەباربردنی منداڵ و مافی چارەی خۆنووسینی ژن لە جەستەی خۆیدا، لە فیلمی درامی مێژوویی "پەیوەندی بە جەینەوە بکە- call jane"، کە لە نووسینی هایلی چورۆشان سێتی و دەرهێنانی فیلیس ناگییە، باسی لێوەدەکرێت.

 

چیرۆکی جۆی لە ساڵانی شەستەکانی ئەمریکادا ڕوودەدات، ژنێکی خێزاندارە و دووگیانییەکی نەخوازراوی هەیە، ناتوانێت لەباربردنی یاسایی بەدەستبهێنێت، هەرچەندە دووگیانییەکە مەترسی لەسەر ژیانی دروستکردووە دوای ئەوەی تووشی سستبوونی دڵی کۆنگێستیڤە.

 

دوای پێداچوونەوەی پزیشکە پسپۆڕەکان، ڕەوانەی ئەنجوومەنی نەخۆشخانە دەکرێت، کە هیچ ژنێکی تێدا نییە، بۆیە ئەوان بڕیارەکە لە شوێنی ئەو دەگرن، دەنگ دەدەن دژی ئەنجامدانی لەباربردنی منداڵ بەپێی ئەو یاسایانەی لەوکاتەدا دەرکراون، بەبێ ڕەچاوکردنی باری تەندروستی دایک، کە بەرگەی دەرئەنجامەکانی دووگیانی ناگرێت و مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی دروست دەکات.

 

جۆی لە هەموو هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی یاسایی شکست دەهێنێت، تا ئەو کاتەی ڕیکلامێک لەسەر یەکێک لە دیوارەکان دەخوێنێتەوە کە لەسەری نووسراوە: "دووگیان؟ پێویستت بە یارمەتی هەیە؟ پەیوەندی بە جەینەوە بکە!"، ئەوانی دیکە ئازادن لە بڕیاردانی گونجاو بۆیان، بە هاوکاری پزیشکی پسپۆڕ کە لەباربردنی منداڵ بە نهێنی ئەنجام دەدات.

 

فیلمەکە تەنها چیرۆکی یەک ژن نییە، بەڵکو وێنەی زۆرێک لەو ژنانەیە کە بەدەست پرسی لەباربردنی منداڵەوە دەناڵێنن و ڕوویان لە ڕێکخراوە نهێنییەکان کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن بۆ ئەنجامدانی لەباربردنی سەلامەت، بۆ ئەوەی بتوانن گونجاوترین بڕیار بۆ جەستەیان بدەن.

 

فیلمەکە بە ڕۆڵی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی ئەلیزابێس بانکز، بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی فیلمی سەندەنس لە ساڵی ٢٠٢٢ نمایشکرا.