ئازادی، باوەڕی ژنانی شاخەوانە

ئەوانەی دۆستی شاخن دەزانن کە ژنانی شاخەوان ژنانی بەرگەگر و خەمخۆرن، ئەوان لە شاخەوە فێری ئازادی بوون و زۆر سەختییان تێپەڕاندووە، ژنانی شاخەوان ئاڵای ژن، ژیان، ئازادییان لە شاخ بەرزکردووەتەوە، چونکە پێیان وایە شاخ پاڵپشتی مرۆڤە ئازادەکانە.

 

بۆ ئەم ژنانە دیلێتی هیچ مانایەکی نییە، خۆرهەڵاتنیان بینیوە و باوەڕیان بە تاریکی نییە، تەنیا مرۆڤ بە زیندوو نازانن، بەڵکو لەگەڵ دار و ئاژەڵ و کانیاو و ... تێکەڵن.

 

ژنانی شاخ ژن، ژیان، ئازادی لەسەر بەفر دەنووسن، بۆ ئەوەی بچنە قووڵایی زەوی و بچنە ناو کانییە هەڵقوڵاوەکانەوە کە لە دەمارەی ژیاندا دەڕژێن، باوەڕیان بە بەفر، بەهار، ژیان.... هەیە.

 

لەم ڕۆژانەدا لە چیاکانی سنە، لە ئابیدەر، ژنان ئازادی بەرجەستە دەکەن و هیچ دوژمنێک ناتوانێت لەناویان ببات.