فیلمی "نووسەرانی ئازادی"

مامۆستایەکی ئامادەیی هەوڵدەدات بۆ خوێندن ١٥٠ خوێندکار لە نەتەوە جیاوازەکان وەربگرێت بۆ گۆڕینی ئەو چەمکەی ڕەگەزپەرستی کە لە کۆمەڵگەیەکدا باوە و چەندین نەتەوە و ئایینی بێشومار لەخۆدەگرێت.

نووسەرانی ئازادی، فیلمێکی درامای ئەمریکییە لە نووسین و دەرهێنانی ڕیچارد لاگراڤینیز و ڕۆڵی سەرەکی هیلاری سوانک، لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوکرایەوە، لەسەر بنەمای کتێبی "ڕۆژنامەی نووسەرانی ئازادی" کە لە ساڵی ١٩٩٩دا بڵاوکراوەتەوە و لە نووسینی مامۆستا ئێرین گروێلە و باس لە بیرەوەرییەکانی ئەو خوێندکارانە دەکات وانەبێژییان کردووە.

 

فیلمەکە لە دەوری ساڵی ١٩٩٤ دەسوڕێتەوە، باس لە مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی دەکات کە لە قوتابخانەیەکی شاری لۆنگ بیچ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەستنیشانکراوە و یەکێکە لە قوتابخانە فرە کێشەکانی ناوچەکە، چونکە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری نەتەوە جیاوازەکانی تێدایە، لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، بەڵام ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە کۆنتڕۆڵیان دەکات، ئەمەش وا دەکات کەشەکە هەمیشە بارگاوی بێت بە توڕەیی.

 

مامۆستاکە هەوڵیدا متمانەی خوێندکارەکانی بەدەستبهێنێت و وایان لێبکات گرنگی بە خوێندنەکەیان بدەن و پلان بۆ داهاتوویەکی باشتر دابنێن، دووربکەونەوە لە ململانێکان، بۆیە چەندین کتێبی پێداون کە هانیان دەدات خۆڕاگر بن و سەرکەوتوو بن، یەکدی قبوڵ بکەن بۆ ئەوەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان بگۆڕن.

 

مامۆستاکە داوایان لێدەکات یاداشتنامەکانیان و ئەزموونی ڕۆژانەیان و ئەو ئازارانەی بەریکەوتوون بنووسن، بۆ ئەوەی خوێندکارەکان دەست بکەن بە تێگەیشتن لەوەی کە ڕکابەریکردن لەگەڵ یەکتر لەسەر بنەمای ڕەنگ نابێت هۆکارێک بێت بۆ ڕێگریکردن لە هاوڕێیەتیکردنیان، ئەمەش وایلێکردن زیاتر بیریان کراوە بێت و ئامادەبن خۆیان بگۆڕن.