نامیلکەی "هاوژیانیی ئازاد"

نامیلکەی "هاوژیانیی ئازاد" نوێترین بەرهەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، کە دیدی ئەکادیمیاکەیە لەسەر ڕیشەی توندوتیژی و چارەسەرییە بنەڕەتییەکانی.

 

لەم نامیلکەیەدا، ئاماژە بە یاساکانی باری کەسێتی لە هەرێمی فیدراڵی باشووری کوردستان و یاساکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، وەک دوو نمونە لە دوو بەشی جیاوازی کوردستان، هەروەها ئاماژە بە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە هەوڵی ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ژنان دەدەن، لە بەشێکی دیکەی نامیلکەکەدا تەگەرە و پرسەکانی بەردەم ژنان و پیاوان دەخاتەبەر باس، وەک ڕێگەچارەسەری بەدیهێنانی هاوژیانی ئازادی ڕووندەکاتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی کێشەکان و چارەسەرەکەی دەدات.

 

ئامانجی سەرەکی نامیلکەکە ڕوونکردنەوەی چەمکی هاوژیانییە، کە تەنها پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، داک و باوک لە خێزان یان هاوسەرگیری لەسەر بنەمای پەیوەندی سۆزداری ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو پەیوەندیەکانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا بە هاوژیانی دادەنرێت کە خەسڵەتێکە کاریگەری لەسەر هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، باس لە کاریگەری زاڵبوونی دەسەڵات لەسەر هاوژیانی لە هەرێمی ئێمەدا دەکات، کاتێک پیاو فرە ژنی یان خستنەوەی منداڵی کوڕ پەیڕەو دەکات ماف و ئازادی ژن و منداڵ پێشێل دەکات.

 

بۆ بەدەستهێنانی هاوژیانیش دەبێت ژنان خاوەن بۆچوونی خۆیان بن و خۆیان بە موڵکی پیاو دانەنێن، هەروەها هەموو ئەو دەزگایانەی کە لە بنەڕەتەوە بە باڵا دەستی پیاو و کۆیلەکردنی ژن دامەزراون بگۆڕدرێن، بۆ پەیڕەوکردنی هاوژیانی لە سیاسەتیشدا، نوێنەرایەتی یەکسانی ژن و پیاو و سیستەمی هاوسەرۆکایەتییە.