نەسرین حەداد، ئەو ژنەی گیانی خۆی بۆ نیشتمان فیدا کرد

 

نەسرین حەداد، لە ساڵی ١٩٦١ لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دایکی ناوی کافیە و باوکی ناوی کەریم بووە، نەسرین منداڵی چوارەمی خێزانەکەی بووە، خێزانی نەسرین خاوەن هەستێکی نیشتمانی قوڵ بوون، کافیەی دایکی زۆرکات بەخێوکردن و ئاگاداربوونی منداڵەکانی بە تەنها لە ئەستۆ گرتووە، بە  جۆرێک منداڵەکانی پەروەردە کردووە کە هەستی نیشتمانی لە ناخیاندا دروستببێت.

 

لەگەڵ دەستکردن بە خوێندن لە قوتابخانە نەسرین پەروەردەی نیشتمانیش لەلایەن خێزانەکەیەوە وەردەگرێت، توانیویەتی لە شاری مهاباد دیبلۆم بەدەستبهێنێت، لە کاتی خوێندنیدا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەستپێدەکات، ئەوکات نەسرین وەک گەنجێکی هۆشیار بەشداری شۆڕشەکانی گەلانی ئێران دەکات.

 

"لە گەنجیەتییەوە خەباتی ئەنجام داوە"

بەهۆی خەبات و تێکۆشانەکانی وەک گەنجێکی ئەو سەردەمە لە حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێراندا، لەگەڵ چەندین گەنجی دیکە دەستبەسەر دەکرێن و زیندانی دەکرێن، ماوەی یەک مانگ لە زیندانەکاندا دەمێنێتەوە و دواتر ئازاد دەکرێت، لە پاش ئازادبوونی لە زیندان بڕیار دەدات ببێتە پێشمەرگە و نەوەی داهاتوو پێبگەیەنێت وەک مامۆستایەک، لای ئەو ژنە خوێندن سەرەکیترین پێویستی ژیان بوو پێی وابوو خوێندن گرنگترین خاڵە لە ژیاندا.

 

بەهۆی دەستکردن بە خەباتی ئاشکرای پارتە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خێزانە پێشمەرگەکان ڕوویان لە چیاکان و باشووری کوردستان دەکرد، خێزانەکەی نەسرینیش یەکێک بوون لەوان، لە ساڵی ١٩٨٦ نەسرین ژیانی هاوسەری لەگەڵ محەمەد حەسەن پوور پێکدەهێنێت و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ.

 

"پێی وابوو دەبێت ژنان لە ئۆرگانەکانی حزبدا کاربکەن و لە لوتکەدابن"

نەسرین لە دوای ٢٠ ساڵ لە مامۆستایەتی، لە کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی حزبی دیموکراتدا بووە ئەندامی کۆڕی پەروەردە و بە بەرپرسیارێتییەوە کارەکانی ڕادەپەڕاند، هەمیشە هەوڵی دەدا تێکۆشان بکات بۆ نیشتمان و ژنان، چونکە دەیزانی ژنان چۆن دەچەوسێندرێنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەر بۆیە لە کۆنگرەی سێهەمی یەکێتی ژنانی دیموکراتدا دەبێتە سکرتێری ڕێکخراوەکە، هانی ژنانی دەدا کە نابێت لە ماڵەوەدا بن، بەڵکو دەبێت لە ئۆرگانەکانی حزب کار بکەن.

 

لە ساڵی ٢٠٠١ی زاینی لە کۆنگرەی ١٢ی حزبەکەیدا گواسترایەوە بۆ بنکەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزب لە بەغدا، ماوەی شەش ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و کار دەکات، لە کۆنگرەی پازدەهەمدا دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەی، زۆرترین کارەکانی لەگەڵ پێشمەرگەکاندا بووە و توانای بەڕێوەبردنی لە چەندین کاری جیاوازدا هەبووە.

 

مامۆستا نەسرین و هاوڕێیانی خۆیان ئامادە دەکرد بۆ کۆبوونەوەی حزبەکەیان لە بەرواری ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨دا لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا کۆبوونەوە دەستیپێکرد، بەڵام قەڵای حزبی دیموکرات لە کۆیە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا کرایە ئامانج، لەو هێرشە موشەکییەدا مامۆستا نەسرین شەهید کرا.