ژنانی سەیدسادق داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزاردەکەن

ژنانی سەیدسادق دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکان ئاڤاشین، مەتینا و زاپ، وە کیمیابارانکردنی حەوت گەریلا لە چیاکانی ئاڤاشین شەرمەزاردەکەن.

هەوار محەمەد

 

لە ٢٣ نیسانەوە دەوڵەتی تورکیا هێرشی بۆ باشوری کوردستان و ناوچەکانی سنوری هەرێمی مەدیا دەست پێکردووە، سەرەڕای سوتاندنی و وێرانکردنی ژینگەی ئەو ناوچانە، حەوت گەریلای لە چیاکانی ئاڤاشین بە گازی ژەهراوی گیانی لەدەستدا، سەرباری بەردەوامی هێرشەکان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر داگیرکارییەکانی بێدەنگن.

هەرچەندە لە چەندین شارو شارۆچکە بەشێک لە هاوڵاتیان ناڕەزایەتییان دەربڕیووە بە خۆپیشاندان و گردبونەوە و ڕێگەی جیاواز، بەڵام بەشێکی دیکەی هاوڵاتیان بێئاگان، لەبەر ئەوە ژنانی سەیدسادق داوا دەکەن کە میدیاکان ڕاستی و دروستی هەواڵەکان لە هاوڵاتیان نەشارنەوە و داواش دەکەن حکومەتی و هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بە هەڵوێستبن و سنور بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی توکیا دابنێن.

 

 گوڵشەن ساڵەح گوڵفرۆش، دەڵێت پێویستە میدیای کوردی ڕاستی و دروستی هەواڵەکانی کوردستان بە هاوڵاتیانی کوردستان بگەیەنێت، هەروەها باس لەوەشدەکات، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە ئازار بە کوردێک بگەیەنرێت لێرە ئازار بە ئێمەش دەگات، بۆیە پێویستە ژنان هەڵوێستیان بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان هەبێت.

دەربارەی کیمایی کردنی حەوت گەریلا لە چیاکانی ئاڤاشین، دەڵێت کیمیای هەر کیمیاییە و جیاوازییەک نییە لە نێوان شەهیدانی هەڵەبجە و گەریلاکان، دەربارەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، پێی وایە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سنور بۆ داگیرکاری و هێرشی دەوڵەتی تورکیا دابنێت و بەهەڵوێست بێت چونکە شەڕی گەریلاکان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا شەڕێکە لەپێناو کوردەکان.

گوڵشەن پەیامی بۆ ژنان هەیە و دەڵێت: پێویستە ژنانی میدیاکار و ئەو ژنانەی لەنێو حیزب و حکومەت و لایەنەکانی دیکەن بە هەڵوێستبن و هاوڵاتیانی کورد بەئاگا و هۆشیار بکەنەوە لەبەرامبەر داگیرکارییەکان، هەروەها یەک دەنگبن و وەک شەڕڤانانی ژن لە کۆبانێ چۆن هێزی تیرۆریستی داعشیان شکاند بەرەنگاری دوژمن ببنەوە.

 

سەیران محەمەد، دوکاندار بۆ ژنها دەدوێت و دەڵێت: ئێمە وەک مرۆڤ وەک ژن وەک کورد ئیدانەی دەستدرێژی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژینگە و خاکی کوردستان دەکەین.

هەروەها دەڵێت "ئێمە کوردین و خاکی کوردستان خاکی ئێمەیە، بۆیە پێویست دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان خۆیان نەهێڵن دوژمنان خاکمان داگیربکەن"، وە داوا دەکات ژنان ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە هەڵوێستبن بەرامبەر داگیرکارییەکان.

 

شەوبۆ ئەبوبەکر، دەرچووی زانکۆیە دەڵێت: بەداخەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیتوانیوە بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاران و کوشتنی هاوڵاتیانی کوردستان داکۆکی لە خەڵکی خۆی بکات، هیوا دەخوازێت هاوڵاتیان و ژنان هەریەکەو بەڕێگەی جیاواز لەئاست و پێگەی خۆیانەوە هەڵوێستیان هەبێت وە بە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤی ئەو هەڵوێستە دێنێتە گۆ.