چالاکوانێک: ژنانی جیهان بە دروشمی ژن، ژیان ئازادی یەکڕیزییان پێکهێناوە

ئیلاهە سەدر، چالاکوانی ژنان، لە ژێر سایەی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان ئازادی” جەختی لە یەکگرتوویی ژنانی جیهان لە خەبات دژی پیاوسالاری کردەوە.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- یەکەم ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری نزیک دەبێتەوە، چالاکوانی ژنان ئیلاهی سەدر ستایشی بەرخۆدانی ئەو خەڵکەی کرد، کە سەرەڕای هەموو ئەو هێرش و پێشێلکاریانەی بەرامبەریان ئەنجام دراون، تا ئێستاش بەردەوامن لە ناڕەزایەتی مەدەنییان بە شێوەی جۆراوجۆر.

 

ئەو ئاگرەی لە ژێر خۆڵەمێشەوە هەڵگیرسا

ئیلاهە سەدر سیاسەتەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە دەرکردنی خوێندکاران و مامۆستایان و مامۆستایانی زانکۆی بە "ترسناک" وەسف کرد و دەشڵێت "خەباتی گەل بۆ ماوەی چوار دەیە گۆڕاوە بۆ شۆڕشێکی ژنانی سەرسوڕهێنەر، خەباتی ژنانیش پەیوەستە بە ستەملێکراوانەوە، گەلان و چینە بێبەشەکان کە ستەمیان لێ کراوە، خەڵک دەبێت جارێکی دیکە هەستێتەوە، وەک ئاگرێک کە لە خۆڵەمێشەوە سەرهەڵبدات و خەڵک بە بوێری خۆیانەوە لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە پشتگیری ئەم ڕاپەڕینە بکەن.

 

سەبارەت بە سیاسەتە هەڵەکانی ڕژێمی ئێران وتی: ڕژێمی ئیسلامی پێی وایە بەم جۆرە سیاسەتانە دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان هێور بکاتەوە ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، لە وتارێکدا بینیم هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ٪٥٠، نازانم خەڵک چۆن دەژین و بژێوی ژیانی بەڕێوەدەبەن، من ناتوانم تێگەیشتنێکی دروست لە دۆخی وڵات بەدەست بهێنم، بەڵام دەزانم کە ئەوان لە ژێر فشارێکی تونددان، نەک تەنها فشاری ئابووری بەڵکو فشاری سیاسی و کولتووریش، ڕەنگە ڕژێم بتوانێت لە کورتخایەندا کەمێک خەڵک پاڵ بخاتەوە دواوە و ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، بەڵام لە درێژخایەندا هیچ شتێک مومکین نییە چونکە خەڵک ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

 

ئیلاهە سەدر بە بەراوردکردنی شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادی” بە شۆڕشی ڕژێمی ئیسلامی، جەختی لە زیادبوونی هۆشیاریی خەڵک کردەوە و وتی: پێموایە ساڵی ١٩٧٨ سیمایەکی جیاوازی هەبوو و ڕژێم شۆڕشێکی کولتووری ئەنجامدا، من بووم بە یەکێک لە قوربانیانی ئەو شۆڕشە، من وەک خوێندکار دەرکرام، ساڵێک پێش ئەوە زانکۆکانیان داخست، دوای شۆڕش، زانکۆکان کرایەوە، و لە تاقیکردنەوەکانی وەرزی کۆتایی دەرچووم، بەڵام زۆرێک لە خوێندکاران نەیانتوانی کۆرسەکەیان تەواو بکەن، دوای ئەوەی خوێندنەکەم تەواو کرد، ڕێگەیان پێنەدرا کار بکەم، ئەو قۆناغە کاریگەری لەسەر زۆر کەس هەبوو، ئەگەر ڕژێمی ئیسلامی توانی بەردەوام بێت، توانی بەهۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە ئیستغلال بکات، چونکە کاتێک شەڕێک لە وڵاتێکدا ڕوودەدات، هەستی ناسیۆنالیستی خەڵک بەرز دەبێتەوە و دەوەستن لە پشت ڕژێمەوە بۆ ئەوەی سنوورەکانیان پێشێل نەکرێت، بەڵام ئێستا ئەمە وا نییە و خەڵک ئەو کەسانە نین، زیاتر هۆشیار و ئازاتر بوون. هەرچەندە پۆلیس لە شەقامدا لێی دەدات، بەڵام هێشتا بەبێ حیجاب، مامۆستا و پرۆفیسۆرەکان لە کارەکانیان دەردەکەن، بەڵام هێشتا بە دەنگی بەرز دەڵێن ئێمە کاری خۆمان دەکەین و ناکەوینە ژێر ئەقڵیەتی ئەم دەسەڵاتە دواکەوتوو و کۆنەپەرستانە.

 

هەروەها جەختی لە یەکڕیزی ژنانی جیهان کردەوە لە خەبات دژی دەسەڵاتی پیاوسالاری و بە ئەنجامی شۆڕشەکەی زانی و وتی: پێش ئەم شۆڕشە ژنانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەک سەیری ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەکرد کە تاڕادەیەک لەدوای خۆیانن، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕش تێڕوانینی خۆیان بۆ ئەو ژنانە گۆڕی، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسۆزی خۆیان بۆ ژنانی ئێران دەربڕی، توانییان یەکڕیزی ژنان دروستبکەن، تەنانەت ژنانی تورکیا و ئەفغانستان بە ڕێکخستنی نارەزایەتی توانییان پاڵپشتی شۆڕش بکەن، ژنانی ئەرجەنتین و شیلی و ئیسپانیا خۆپیشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا و ئەمەش پەیامی ئەوەبوو کە ژنانی جیهان نایانەوێت پیاوسالاری زاڵ بێت.