ناوەندی هەواڵ
شنە حەسەن هونەرمەند و ئەکتەری دیاری باشوری کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها، باس لەوە دەکات پێویستە گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان هەڵوێستیان دژ بە داگیرکارییەکان هەبێت و دەڵێت: سەبارەت بەو داگیرکارییەی ئێستا هەیە هیوادارم کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکدەنگ و یەک ڕیز بن، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو داگیرکارییەی کە دەکرێتە سەر خاکەکەمان، ئەم سستی و لاوازییەی ئێستای هونەرمەندان و هاوڵاتیان زیان بە خاکی کوردان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستمان بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی هەیە، دەبێت لە ئیستادا دڵسۆزی خۆمان دەرببڕین.
هونەرمەند شنە پەیامێک بۆ هونەرمەندان دەنێرێت و دەستپێکی هەر کارێک بە هەڵوێستی هونەرمەندان دەزانێت، هەروەها دەڵێت: "دەبێت دەستپێکی هەموو کارێک هەڵوێستی هونەرمەندان بێت و هەڵوێستی تایبەتییان هەبێت، دەبوو هونەرمەندان دەنگێکی زۆر بە ئەندازەی هەوادارەکانیان لێرەدا کۆبکەنەوە، دەبێت هەموو هونەرمەندان یەک هەڵوێست بن، چونکە هونەر بنەمایەکی گەورەی شۆڕش و دەنگی بڵندە، بۆ هەستانەوەی میلەتی کورد".
شنە دان بەوەدا دەنێت کە هونەرمەندان لە ئێستادا لاوازن و کارەکانیان بە پێی پێویست نییە، بۆیە خوازیارە هونەرمەندان گوێبیستی دەنگی هونەرمەندانی خاوەن هەڵوێست ببن و ئەوانیش هەڵوێستی توندیان هەبێت دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاک باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان.
لە کۆتاییدا هونەرمەند شنە حەسەن هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خواست.
ت.پ



