شیلان شاکر: کۆمەڵکوژی پاریس دابڕاو نییە لە کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی دیکەی داگیرکاران

شۆڕش و تێکۆشانی ژنان وایکردوە ترس لای نەیارانی کورد دروست ببێت و بەردەوام لە هەوڵی لە ناوبردنی گەلی کوردا بن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵکوژی، شیلان شاکر دەڵێت: دەبێت حکومەتی فەرەنسا ڕاستگۆیانە ڕاستییەکان بخاتەڕوو.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە کۆمەڵکوژییەکدا سێ ژنی پێشەنگ بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهیدکران، دوای ١٠ ساڵ، دوێنێ، ٢٣ی کانوونی یەکەم دووەم کۆمەڵکوژی لە پاریس ئەنجامدرا و ٣ کورد بە ناوەکانی، ئامینە کارا-ئەڤین، یەکێک لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هونەرمەدن میر پەروەر و عەبدوڵا گزل شەهید کران.

 

شیلان شاکر ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاک، باسی لەو کۆمەڵکوژیانە کرد کە دەکرێنە سەر کورد و ژنانی ئازادیخواز دەکرێنە ئامانج، ڕایگەیاند، دەبێت کورد هەمووی یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی ڕووبەرووی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژیانە ببنەوە.

 

"گەلی کورد پێشەنگێکی تری لە دەستدا"

شیلان شاکر ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ گەلی کورد دیسان بە هەواڵێکی ناخهەژێن ڕاچەڵەکی، ئەویش کۆمەڵکوژیەکی تر لە پاریس بوو، "١٠ ساڵ پێش ئێستا ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بە هەمان شێوە شەهیدکران، دوێنێش پێشەنگێکی تری ژن و وڵاتپارێزان کرانە ئامانج، لە کەسایەتی ئەواندا تەواوی شەهیدان بە بیردێنینەوە، بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانە ناتوانن پاشەکشە بە خەباتی تێکۆشانی ئێمە بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان".

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە ژن لە هەر شوێنێک هەبێت ئەو شوێنە بکەنە ئامانج"

شیلان شاکر وتی: ئێمەی ژنان درکمان بەوە کردووە کە هەر ژنێکی تێکۆشەر لە هەر شوێنێک بێت، سیستەمی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری لەوێ هەوڵدەدەن ژنان بکەن بە ئامانج و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمەی ژنان جوگرافیامان بۆ گرنگ نییە لە خەبات و تێکۆشانەکانمان، چونکە ئێستا دروشمی ژن، ژیان ئازادی هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە، لەبەرئەوە هەرچی دەبێت و هەر باجێکی دەبێت با ببێت ئێمە ناوەستین، ئەو کۆمەڵکوژیەی دوێنێ لە پاریس ئەنجامدرا، دابڕاو نییە لە کۆمەڵکوژییانەی کە ساڵانی پێشتر و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سەر باکووری کوردستان، کە تا ئێستاش چەندین ژن لە زیندانەکاندان، ئێمە ڕۆژانە شەهید دەدەین لە زیندانەکاندا و ئەم هێرشانە دابراو نییە لە شەهید کردنی ناگیهان ئاکارسەل، هەموو ئەم هێرشانە کە دەکرێتە سەر کورد یەک ئامانجیان هەیە ئەویش لەناوبردنی گەلی کوردە، بە تەواوی و تێکۆشانی ژنانی کورد ئاستەنگ بکات.

 

"دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شیوەیەک دەیەوێت گەلی کورد لە ناو ببات"

شیلان شاکرد ئەوەشی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورکیا بۆ تێکشکاندی ئیرادەی گەلی کورد و لەناوبردنیان جیاوازی ناکات لە نێوان منداڵ و ژندا، چونکە ئێستا ژنان پیشەنگایەتی ساڵ و سەدە دەکەن، وتی: دەبێت لە ئاستێکی قوڵتردا ئەو هێرشە بخوێنینەوە، پێویستە تێکۆشانەکانمان لە ئاستێکی گشتگیرتردا بێت، بۆیە ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی ژنان بە تایبەی ژنانی باشووری کوردستان، ئێمە ئەگەر شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەلمان بکردایەتە وەچەرخانی تێکۆشان دژی داگیرکاریم ئێستا دەستکەوتێکی ترمان دەبوو و دەوڵەتی تورکیا نەیدەتوانی ئەو بوێریەی هەبێت کە لە پاریس دووبارە کۆمەڵکوژی بکاتەوە، کۆمەڵکوژیەکان بۆ سەر گەلی کورد بەردەوامە، چونکە گەلی کورد بە هەموو هێز و توانای خۆی لە هەوڵ و تێکۆشاندایە و شۆڕشی ژن بە گەردوونی بووە، سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی ژنان دوژمنانی گەلی کوردی ناڕەحەت کردووە، چونکە ئەو تێکۆشانە بە هیچ شتێک نە سارد دەبێتەوە نە پاشەکشە دەکات، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت.

 

"تورکیا لەسەر کۆمەڵکوژی خۆی دەژیەنێت"

شیلان شاکر وتیشی: تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات لە ناوچە کوردییەکان، بۆیە ئەو زهنیەتەیان هەیە کە لەسەر کۆمەڵکوژی خۆیان دەژیەنن و لەسەر لەناوبردنی گەلی کورد درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن، ئەم کۆمەڵکوژییەی کە دوێنێ ڕوویدا حکومەتی فەرەنسا بەرپرسیارە لێێ، چونکە ئەگەر بکەر و بکوژانی ساکینە جانسز دەستگیر بکرانایە، ئێستا کۆمەڵکوژی لەو شێوەیە دووبارە نەدەبووەوە، بەڵام کۆمەڵکوژی چیتر گەلی کورد ناترسینێت، ڕاستە ئەو ڕووداوانە لە ناخەوە دەمانهەژێنن، بەڵام کار لە ئیرادەی گەلی کورد ناکات.

 

"بەئامانج کردنی ژنانی پێشەنگ مانای ئەوەیە کە ئێمە هەین"

شیلان شاکر ڕوونی کردەوە، دەسەڵاتی پیاوسالاری ژنی هۆشیاری قبوڵ نییە، هەموو کارێک دەکات کە ژن ناهۆشیار و کۆیلە بکات، وتیشی: ژنانی کورد ئەمەیان پی قبوڵ نییە و لە بەرامبەردا کۆمەڵگە هۆشیار دەکەنەوە، ئەم ڕۆڵەی ژنانیش وایکردووە کە زیاتر بکرێنە ئامانج، نەیارانی کورد گەشتوونەتە ئەو هەقیقەتە کە ئەگەر دەنگی ژنان کپ بکەن، دەتوانن کۆتای بە کورد بهێنن، لە بەرامبەردا ئێمەش گەشتووینەتە ئەو هەقیقەتە کە هیچ هێرشێک ناتوانێت ڕێگەمان پێبگرت.

 

"ژنان دەبێت هەڵویستیان جدیتر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژیەکان"

لە کۆتایدا ئەو ئەندامی ڕێپاک دەڵێت: گەلی کورد دەبێت زیاتر هۆشیار بێت، بەتایبەت لایەنە سیاسیەکان و پێشەنگانی گەلی کورد و ژنان، دوای ئەو کۆمەڵکوژیەی کە دوێنێ ڕوویدا دەبێت بە خۆماندا بچینەوە، کوردانی فەرەنسا لە ٢٠١٣ەوە لەسەرپێن بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆمەڵکوژی بهێنرێت، هەموو هەڵێکیاندا بۆ ئەوەی بکەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکرێن، بۆیە هەموو کورد دەبێت هەڵوێستیان هەبێت دژی ئەم هێرش وکۆمەڵکوژییانە، پێویستە دەنگ و ناڕەزایەتی ئێمە بەرزتر بێت، ئێمە وەکو ژنان ڕۆڵێکیتر دەکەوێتە سەرشانمان بۆ ئەوەی فشار بخەینە سەر حکومەتی هەرێم تا کۆتایی بە داگیرکاری بهێنێت، دەبێت هەڵویستمان بە شێوەیەک بێت کە کوردێک لەوپەڕی دنیادا بێت، هەڵوێستی باشوور هی ئەو تەواو بکات بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە کۆمەڵکوژیەکان بهێنین.