گروپی چێشتەقولە گەشتەکەیان بۆ وڵاتی تورکیا هەڵوەشاندەوە

گروپی چێشتەقولە کە گروپێکی گەشتوگوزاری ژنانە، بڕیاربوو گەشتی ئەمجارەیان بۆ وڵاتی تورکیا بێت، بەڵام بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لە زاخۆ گەشتەکەیان هەڵوەشاندەوە و بانگەوازی هەڵوێست و بایکۆتی دەوڵەتی تورکیا دەکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پاش بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخ لە شارەدێی دەرکاری ئیدارەی زاخۆ لە ٢٠ی مانگدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، کە بووە هۆی کوژرانی ٩ کەس و برینداربوونی نزیکەی ٢٦ کەسی دیکە، ناڕەزایەتی و چالاکی بەرفراوان لەناو هەرێمی کوردستان و عێراقی لێکەوتەوە و جگە لە خۆپیشاندان و داخستنی ناوەندەکانی ڤیزا و کونسوڵی تورکیا، هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکیش دەستیپێکرد.

 

گروپی چێشتەقولە کە لە کومەلێک ژن پێکدێن کە ماوەی دوو ساڵە دروستبووە و کار و چالاکی ئەنجامدەدەن و سەیران و گەشت بۆ ژنان ڕێکدەخەن، چەندین گەشتیشیان بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، گروپی چێشتەقوڵە لەسەر  داواکاری بڕیار بوو گەشتی ئەمجارەیان بۆ وڵاتی تورکیا بێت، بەڵام بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و شەهیدکردنی هاوڵاتیان و هێرشکردنە سەر شوێنی گەشتیاری و خاکی کوردستان، هەڵوێستی خۆیان وەرگرت و لە گەشتەکەیان پاشگەز بوونەوە.

 

نافیعە عارف، سەرۆکی گروپی چێشتەقولە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا، بە بەشداری هەشت ژن بڕیاربوو گەشتی وڵاتی تورکیا بکەن، بەڵام پاش ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە بۆردومانێکدا ژمارەیەک هاوڵاتی کۆمەڵکوژ کرد لە گەشتەکەیان پاشگەز بوونەوە، "هێرشێکی دیکەی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا تەزاندینی، ئەگەر هاوڵاتییەکان عەرەب بن یاخود کورد بن بۆ ئێمە ئازاربەخشە هێرشی بکرێتەسەر، بۆیە بیر ناکەینەوە جارێکی دیکە گەشتەکەمان بۆ تورکیا ڕێکبخەین، چونکە دەبێت ئێمە وەک هاونیشتمانییەک هەڵوێستمان هەبێت"

 

بە قەد ئەنفال و کیمیاباران تورکیا خەلکی لەناوبردووە

نافیعە عارد باس لەوە دەکات سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی بەعس چەندە هاوڵاتی کوشتووە، دەوڵەتی تورکیاش ئەوەندە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا زۆرتر پێی لێڕاکێشاوە، وتیشی: تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە هێرش دەکات، بەڵام ئێمە وەک هاوڵاتیان دەزانین کە ئەوە بیانووە و تورکیا دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر خاکەکەمان و دەیانەوێت زیاتر باڵبکێشن بەسەر چوار پارچەی کوردستاندا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ڕێکخراوی چێشتەقولە ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان تا ڕادەیەک ئارامە و گەشتیار ڕووی تێدەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دێت و بۆردومانی دەکات تا گەشتیار بترسن و نەیەنە ئەم هەرێمە و ئابووری و بژێوی ژیانی ئەو کەسانەش تێکبدات کە لەسەر کەرتی گەشتیارییە، "پێویستە وەکو هاوڵاتی هەڵویستمان هەبێت، هەڵوێست وەرگرتن و وریابوونەوە دەتوانێت هێرشەکان ڕابگرێت، بازرگانەکان لە بازرگانییان لەگەڵ تورکیا بووەستن و کەلوپەلی تورکی لەلایەن هاوڵاتیانەوە نەکردرێت و بایکۆتی بکەن، تا بزانن بەهۆی کوردستانەوە بازاڕی تورکیا گەرمە و بەهیوام خەڵک ڕووبکاتەوە بەرووبومی ناوخۆ و کاڵای تورکی بەکارنەهێنن، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان".