پەیامی کۆمەڵەی ڕاوای ئەفغانستان بە بۆنەی ١١مین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاواوە

شیما غەفوور سەرەتای قسەکانی بە پیرۆزبایی لە ژنە تێکۆشەرانی کۆبانێ دەستپێدەکات و دەڵێت شۆڕشی ژنانی کۆبانێ لە ١٩ی تەمموزدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەم سەرکەوتنە ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو جیهان، وەک ڕێپێوانی فراوانی ٨ی ئادار بوو.

بەهاران لاهیب

 

کابول- کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا تاکە ڕێکخراوی ژنانە لە ئەفغانستان کە هەمیشە لە پاڵ ژنانی تێکۆشەرانی جیهان وەستاوە و بەرگری لە داواکارییەکانیان و خەباتی بۆ مافەکانیان کردووە، لە ١١مین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ژنانی ڕێکخراوە پیرۆزباییان لە ژنانی کۆبانێ و هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ڕایانگەیاند، ژنانی قارەمانی ڕۆژئاوا بە خەباتی چەکداری وانەی باشیان فێری هەموو تاوانبارانی جیهان کرد، ڕێکخراوەکان و ژنانی پشتیوانی لە مافی ژنان پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی بەردەوام و چاونەترسیان ڕاگەیاند.

 

شیما غەفوور، ئەندامی ڕێکخراوی ڕاوا، بە پیرۆزبایی لە ژنە تێکۆشەرانی کۆبانێ دەستپێدەکات و دەڵێت: سەرکەوتنی شۆڕشی ژنانی کۆبانێ لە ١٩ی تەمموزدا ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو جیهان، هاوشێوەی ڕێپێوانی فراوانی ٨ی ئادار، کە ژنانی شیکاگۆ بەهۆی نادادپەروەری بارودۆخی کارکردنیان ڕژانە سەر شەقامەکان، لەو پێناوەشدا دەیان ژن کوژران و بریندار بوون، تا ٨ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناسێندرا، دوای ئەوە ژنان بە درێژایی مێژوو بەشداری زۆر شۆڕش و ڕێپێوانیان کرد، بەڵام شۆڕشی ژنانی کۆبانێ ئیلهامبەخش بوو، چونکە چەکدار بوون و دژی داعش وەستانەوە و لوتی داعشیان بە زەویدا دا، پێشتر ئەوە بیری پیاوسالاری لە جیهاندا زاڵ بوو و دەوترا ژنان ناتوانن چەک هەڵبگرن و بەشداری شۆڕش بکەن، بەڵام ژنانی کۆبانێ سەلماندیان کە ژنان دەتوانن بەشداری شۆڕش بکەن و چەک هەڵبگرن و دوژمنی کۆنەپەرستانە تێکبشکێنن، هزری داعشی پێیان وایە ئەگەر لەلایەن ژنانەوە بکوژرێن، دەچنە دۆزەخەوە، بۆیە ژنانی کۆبانێ بە شەڕی چەکداری خۆیان هەموو داعشی خاکەکەیان ناردە دۆزەخەوە.

 

"سەرکەوتنی ژنانی ڕۆژئاوا ئیرادەی پێبەخشین"

لە درێژەی قسەکانیدا، شیما غەفوور وتی: بە سەرکەوتنی ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوا، ژنانی ئێرانی، عەرەب و ئەفغانی ئیلهامیان وەرگرت و هەموو ژنان لە هەموو گۆشەیەکی جیهان فێربوون کە خەبات بکەن بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژنانی ئەفغانی لە دژیان شەڕیان دەکرد و دەنگیان بەرز کردەوە، ژنانی ئەفغانی زیندانی و ئەشکەنجە و کوشتنیان بینی، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش دەنگیان لە دژی هەر یاسایەکی دژە ژن و کۆنەپەرستانەی تاڵیبان بەرز دەکردەوە و دژایەتی خۆیان نیشان دەدا، ئەم ئیرادەیەش دەریدەخات کە ژنانی ئەفغانی لە گەلی کورد و بەتایبەت ژنانی کۆبانێوە فێری بەرخۆدان بوون.

 

هەموو ژنانی جیهان بە تایبەتی لە ئەفغانستان گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە نهێنی سەرکەوتنی ژنانی کۆبانێ لە دژی داعش لە بەرخۆدان و بناغەی ئەفسانەیی ئەواندایە، لە هۆشیاری و بەشداری بەرفراوانیان لە شەڕی چەکداریدایە، چونکە کاتێک ژنان هۆشیار دەبن، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرخۆدانی ژنان بوەستێنێت و شکستیان بهێنێت.

 

شیما غەفوور پەیامی بۆ ژنانی قارەمانی ڕۆژئاوا هەیە و دەڵێت: ژنانی کۆبانێ چوونە شەڕی کۆنەپەرستترین گروپ و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، کاتێک ژنان درک بە هۆشیاری خۆیان دەکەن و بە ئیرادەی خۆیان بەهێز بمێننەوە، بە دڵنیاییەوە سەردەکەون، هەرگیز لە ژێر کاریگەری قسەی وڵاتانی ئیمپریالیزمدا مەبن، چونکە پشتیوانی ئەوان درۆیە، بەهەمان شێوەی ئەوەی لەسەر پێی خۆت وەستابووی، هەرگیز شکست ناهێنیت، ئەگەر بە توندی شوێن پێی شێرەژنەکانی وەک ئاڤێستا خاپور، ساکینە جانسز، لەیلا قاسم، جیلان ئۆزلاب و ئارین میرکان بکەوین، دڵنیاین کە شکست ناهێنین و سەردەکەوین.