"تێکۆشەران و میدیای ئازاد دژی داگیرکاری خەبات دەکەن"

میدیاکانی دەسەڵات لەڕێگەی ڕوماڵکردنی هێرش و داگیرکاری بەشداری لە هێڵی خیانەت دەکەن، سەمیرە سەعید، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: میدیاکانی پەدەکە لە چاوی داگیرکەرەوە ڕوماڵی بارودۆخەکان دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- داگیر کردن و پەلکێش کردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ خاکی باشووری کوردستان  ڕوو لە زیادبوونە، لەڕێگەی میدیاکانەوە بەردەوام دروستکردنی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی داگیرکەر دەبیندرێت، هاندان دەوڵەرتی داگیرکەر بە بیانوی هەبوونی هێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕووبەڕووبونەوەیان پەلیان بەرەو باشووری کوردستان هاویشتووە، بەڵام ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەر زیندوکردنەوەی میساقی میلیە هەروەها ئامانجیاتی کەرکوک و موسڵ بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، لە ڕێگەی هەڕەشە و ئەشکەنجەدانی دانیشتوانی ناوچەکان هەوڵی وەدەرنانی هاوڵاتیان لە زێدی خۆیان دەکات، لە ئەنجامی خیانەتی بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان داگیرکەری تورکیا شوێنپێیان بە هەرێمی کوردستانەوە دیارە ئەنجامی داگیرکارییەکان تابێت قورستر دەبێت.

 

 

"ڕاگەیاندنەکان هانی داگیرکاری بۆ خاکی کوردستان دەدەن"

سەمیرە سەعید، ڕۆژنامەنوس، باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ڕوماڵی هێرش و داگیرکارییەکانی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: ڕاگەیاندنەکانی باشوور کاتی ڕوماڵ کردنی هێرش و داگیرکارییەکان بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵناستن، بەشێکی زۆر لە میدیاکانی باشووری کوردستان هێڵی خیانەتیان وەرگرتووە، بە تایبەت ڕاگەیاندنەکانی پەدەکە لە چاوی داگیرکەرەوە ڕوومالی بارودۆخەکە دەکەن، بە شیوازێک ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن وەک بڵێی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشووردا ئامانجێکی دروستی پێکاوە، ئەو ڕاگەیاندنانەی لەژێر سایەی دەسەڵاتێکدا کار دەکەن هەوڵەکانیان وەک ڕۆژەفێکی گرنگ ناخەنەڕوو، ئەرکی ڕاگەیاندکارانە پرسی داگیرکاری بکەنە ڕۆژەفێکی گرنگ کە هاوڵاتیان دژی داگیرکارییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەنگی خۆیان هەڵبڕن.

 

سەمیرە سەعید وتی: ڕەوایدان بە داگیرکاری بۆ سەر خاک بە پێی یاسا و لایەنی مرۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە خیانەتی نیشتیمانی هەژمار دەکرێت، ئە ڕەواییەی ڕاگەیاندنەکان لەڕێگەی خیانەتی نیشتیمانییەوە دەیکەن پێویستە بە سزای یاسایی بگەیەندرێن.

 

"شەڕی تایبەت لەسەر گەنجان و ژنان بۆتە هۆی سەرهەڵدانی بێدەنگی دەربارەی داگیرکارییەکان"

سەمیرە سەعید، ڕۆژنامەنوس، ئاماژەی بەوەکرد، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەی تورکیا ئامانجیەتی پەیماننامەی لۆزان دووبارە نوێ بکاتەوە، دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی کوردستان ئەو ئامانجانەی هەیەتی بەدی بهێنێت، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و عێراقە نەک هێرش بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان، هەبوونی پەکەکە لە چیا ئازادەکانی کوردستاندا بەرگریکردنە لە خاکی کورد نشینەکان کە تەواوی داگیرکارانیش ئەوە دەزانن، پێویستە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لەڕێگەی میدیا ئازادەکانەوە هۆشیار بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بڵاوبکەنەوە.

 

هەروەها وتیشی: هەبوونی شەڕی تایبەت لەسەر کورد بە هۆکاری پەرتەوازەبوونی کوردان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەر و حیزبەکانی باشووری کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، باشووری کوردستان جێگەی لانکەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان بووە لە هەر چوارپارچەی کوردستان ئازادیخوازان بۆ برەودان بە ئازادی ڕویان لە ناوچەکە کردووە، بەڵام سەرهەڵدانی هێڵی خیانەت و دەسوەردانی دەوڵەتی تورکیا شەڕی تایبەتی لەسەرگەنجان و ژنان بەڕێوەدەبات، ئەمەس بووەتە هۆی سەهەڵدانی بێدەنگی دەربارەی داگیرکارییەکان. 

 

 

" میدیا ئازادەکانی باشووری کوردستان هاوشانی شۆڕشگێڕان خەبات دەکەن "

ئەو ڕۆژنامەنوسە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، میدیا ئازادەکان لە هەرێمی کوردستان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، دەڵێت: ئاسایش و زرێپۆشەکانی شاری سلێمانی بۆ گرتن و بەرگریکردن لە خاک بوایە نەک ڕۆژنامەنوسانی ئازاد و دەنگە ئازادەکان، هەبوونی ئەم بەربەستانە ڕێگری لە گواستنەوەی دەنگە ئازادەکان دەکات، لە ڕابردوودا هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بوو ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری لە ناو برد، بۆیە دەتوانین دووبارە هاوڵاتیانی کوردستان هەبوونی ئەو ڕۆحیەتە زیندوو بکەنەوە، ڕاگەیاندن هۆکارە بۆ پاراستنی خاکەکە لە لەناوچوونی خەباتی ٣٣ ساڵەی گەلی کورد بۆ پاراستنی خاکی باشوور.

 

لە کۆتاییدا وتی: گەڕیلاکان بۆ پاراستنی خاک لە چیاکان چەک لە شانن، بەلام میدیاکانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی ڕوماڵکردنی تەواوی هێرش و داگیرکارییەکان هاوشانی چەک هەلگران دەتوانن داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن، هەروەها میدیا ئازادەکان بۆ هێورکردنەوە و سنوردانان بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەتوانن بەردەوام لە هەوڵ و خەباتدابن، بەڵام کارکردنی میدیاکان لە دەرەوەی بازنەیی میدیای ئازاد میدیایکی دەسەڵاتدارە و هێڵی خیانەت بە خاک و نیشتیمان ناوزەند دەکرێن.