تارا حسێن، لە ژیانێکی ئاساییەوە بۆ بوون بە هاوسەرۆکی پارتێکی سیاسی

لە ئیرادەی ژن تواناو ویستی سەرکەوتن هەیە، تێکۆشان و پەرەدان بە فکری ئازادی ژن هەیە بۆیە هەر ژنێک هەوڵی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی خۆی بدات بێگومان دەگاتە ئامانج، تارا حسێن، یەکێکە لەو ژنانەی توانیویەتی پاش ئاشنابوونی بە فەلسەفەی ئازادی ژن تێکۆشانی دەستپێکرد.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تارا حسێن، ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی دەربەندیخان لە بنەماڵەیەکی وڵات پارێز لەدایکبووە، وەک خۆی باسی لێوە دەکات کاتێک چاوی هەڵهێناوە باوکی لە زیندان و زەحمەتی و ئەشکەنجەداندا بووە تا گەیشتووەتە ئەوکاتەی لەسێدارە بدرێت، بەڵام دواتر ئازادکراوە.

 

تارا حسێن تا تەمەنی منداڵی سیازدە ساڵی لە شاری کەلاردا ژیاوە و ئاستی خوێندنی ناوەندی خوێندووە، دواتر بەهۆی چوونە ناو ژیانی هاوژینییەوە ڕووی لە شاری هەولێر کردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، دەڵێت "وەک ژنێکی کلاسیک سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ بووم"، هەرچەندە خێزانی تارا حسێن لەناو حزب و سیاسەتدا بوون، بەڵام باوەڕیان بەوە نەبووە ژن بەشداری سیاسەت و حزب بکات و تێکۆشانێک ئەنجام بدات، بەڵام دواتر بەهۆی بەدواداچوونی خۆی بۆ کاری سیاسی و تێکۆشانی ژن بۆی ڕوونبووەتەوە پیاوانی سیاسی چۆن بیر لە ژنانی ناو حزبە سیاسییەکان دەکەنەوە، بۆیە ڕێگە نادەن بەشداری ناو سیاسەت بکەن.

 

دەستپێکردنی بە کاری سیاسی

تارا حسێن سەرەتای دەستکردنی بەکاری سیاسی گەڕاندەوە بۆ تەمەنێکی گەنجی کە حەزی بە بواری ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژنامەنووسی بووە، ئەمەش وایکردووە بۆ ماوەیەکی کاتی لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کار بکات، بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩  کە ئاشنا بوو بە ڕێگای تێکۆشانی ئازادی ژن لە ڕێگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان وردە وردە لە کاری ڕاگەیاندن دوورکەوتەوە و ساڵی ٢٠١١ لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان-پەچەدەکە وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژێردرا و دوای ساڵێک بووە یەکێک لە دەستەی کارگێڕی ئەو پارتە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ بووە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی، لەوکاتەدا پەچەدەکە خۆی هەڵپەسارد و بووە بەشێک لە تەڤگەری ئازادی، بۆیە لەوێوە درێژەی بە کاری سیاسی خۆیداوە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا، کە لە دواین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی بووە هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان.

 

بە پێی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سیستمی سەرۆکی حزب و جێگرەکەی هەیە، بۆیە بە پێی یاسا وەک سەرۆکی پارتەکە تارا حسێن هەڵبژێردراوە، لە ڕاستیدا تەڤگەری ئازادی بەدەر لە حزبێک سیستمێکی ئەڵتەرناتیڤە بۆ ئەو سیستمی دەسەڵاتەی کە هەیە و ڕەچاوی پرسی هاوسەنگی ڕەگەزی دەکات بۆ پێشخستنی پڕۆسەی دیموکراسی، بۆیە لەگەڵ سەلام عەبدوڵا لەو پارتەدا هاوسەرۆکن.

 

"هەولێر خاوەنی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری ڕەگەزگەرای پیرسالاری خێڵچییە"

تارا حسێن لە سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی هاوژینیدا لە شاری هەولێر ژیاوە، بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتی هەولێرەوە لەو شارەدا نەماون، ئەو هاوسەرۆکە ژیانی لە شاری هەولێر باس دەکات و ئاماژەی بەوەکرد ئەو دەسەڵاتەی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت دەسەڵاتێکی پیاوسالارانەیە، دەسەڵاتێکی ڕەگەزگەرای پیرسالاری خێڵچییە، بۆیە لە هەولێر خەباتی سیاسی بە بیروبڕوای جیاواز ڕێگەپێدراو نییە، "ئەگەر ژن بیت و خەباتی سیاسی بە ئەقڵیەتی جیاواز ئەنجام بدەیت یەکجار قەدەغەیە، وە زۆر چەکیان هەیە بەرامبەر بە ژن بەکاریبهێنن، وەک ناموس و شەرەف، بەردەوام هەڕەشە دەکەن تا ئەو ڕادەیەی هەڕەشە لەسەر ژیانی منداڵی کەسانی سیاسی دەکەن"

 

تارا حسێن وتیشی: چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنیان داین و هەڕەشەیان لێدەکرین، نان بڕاویان کردین و هاوژینەکەمیان لە کار دوورخستەوە، هەوڵیان دەدا بمکڕنەوە و بەشداری سیاسەتی خۆیان بکەم، بەڵام بە بڕوای من بەشداریکردن لە سیاسەتی پیاوسالاری خێڵەکی وەک وایە کارتۆنێک بیت و تەنها بە ڕواڵەت ژن بیت، چونکە ئەگەر ڕێز لە بیروڕای سیاسی ژن نەگیرێت بە کرداریانە، خودی ژنێک کە ویستی تێکۆشانی ئازادییە ناتوانێت بەردەوامبێت.

 

"هەرچەندە لە هەولێر فشارمان لەسەر بوو بەڵام بە ویستی خۆمان ئەو شارەمان جێهێشت"

حزب و دەسەڵاتدارانی هەولێر دوای ئەوەی زانیان تارا حسێن و بنەماڵەکەی بەو هێرش و هەڕەشانە ناکەون و نایەنە ژێر ڕکێفی خۆیان پەنایانبردە بەر ئەوەی هەولێر جێبهێڵن یاخود دەبێت سیخوڕی ئەنجام بدەن بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوێ، بۆیە ناچارکران هەولێر بەجێبهێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا تارا حسێن نەگەیشتە ئەو بڕوایەی مل بۆ ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ شۆڕ بکات و ناچار بێت بە ڕۆیشتن لەو شارە، بەڵکو سور بوو لە تێکۆشانەکەی لە شاری هەولێر تەنانەت ئەگەر هاوژین و منداڵەکانیشی ڕوو لە شارێکی دیکە بکەن، بەڵام دواتر بەهۆی ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی بوو لە شاری سلێمانی بە ویستی خۆی و دوور لە ناچارکردنی دەسەڵاتداران گەیشتە ئەو بڕوایەی ڕوو لە شاری سلێمانی بکات بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشانەکەی.

 

"هیچ ژنێک لە دونیادا بێ بەهرە و هزر نییە"

تارا حسێن باسی لەوەکرد کە پێی وابووە ژن دەبێت خاوەن بڕوانامە بێت، یاخود پشتێکی هەبێت لەناو حزب یان لە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداردا بێت ئەگەر نا مافی نییە لە سیاسەتدا بەشداربێت، بەڵام بەهۆی وزە و تواناکانییەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانی لای ڕوون بووەوە کە تواناکانی ژن دەتوانێت ژن بگەیەنێت بە هەموو ئامانجەکانی ئەگەر سیاسەتیش بێت، "هەمیشە هەستم بە بوونی توانا و وزەیەک دەکرد، بەڵام نەمدەزانی لە کوێدا بەرجەستەی بکەم، بەڵام کاتێک کە تێکۆشانی ئازادی بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانم ناسی گەیشتمە ئەو بڕوایەی دەکرێت ژنێکی ئاسای ماڵەوە بیت، لە گوند بیت یاخود شار، تەنها ویستی تێکۆشان و ئازادیت هەبێت دەتوانیت بگەیت بە خودناسی و مێژووی ژن، هەروەها باوەڕم بە تواناکانی ژن هێنا".

 

ئاماژەی بەوەشدا، ژن دەتوانێت کام ئەرکەی زۆر گران بێت، بیکات، چونکە ژنێک نییە خاوەن بەهرەو ئیرادەی خۆی نەبێت، تەنها پێویستی بە خۆپەروەردەکردن و تێگەیشتنە لە هزری ئازادی ژن و بەرجەستەکردنی، بە تایبەت کاتێک ژنانی کورد نمونەی پێشەنگ بن، دەبێت ژن ئیرادەی لەلا دروست ببێت و بگاتە ئەو باوەڕیەی دەکرێت ژن نەبێت بە کۆیلە و ژێردەستەی کەس و خودی خۆی تێکۆشان بەڕێوەببات.

 

"هەمیشە دەسەڵاتی پیاوسالاری هەوڵی فریودانی ژنان دەدەن"

لە درێژەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی دەڵێت: "کاتێک ژن بیت و لە مەیدانی سیاسیدا بیت زۆر تەڵە و داوت بۆ دادەنێن، بۆیە ژن پێویستە خۆی لە تەڵەی پیاوانی سیاسی دەرباز بکات، ژن کە بڕیار دەدات بێتە ناو سیاسەت و دەسەڵاتێکەوە نابێت مەسەلەی ڕەگەزی، ئاینی، ئارەزووە کەسییەکان، ماددی و ژیانی تایبەت کاری تێبکات، چونکە دەکەوێت، بە چەندەها ژن هەیە هەوڵیانداوە لەو ڕێگانەوە ساردیان بکەنەوە لە کارەکانیان.

 

بەڵام پێویستە ژن گرنگی بدات بە ئیرادەی ژنی ئازاد و هەوڵبدات نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو دەرفەتانەی ژیان کە بۆیان دەخرێتە بەردەم، پێویستە هەمووان بزانن فریودانی ژنی کورد کارێکی ئەستەمە، چونکە چەندەها ژنی پێشەنگی شەهید و پێشمەرگە هەن، هەروەها گرنگە ئەو ژنانەی خێزانیان هەیە هاوسەنگی لە نێوان تێکۆشان و ژیانی هاوژینیان دروستبکەن".

 

"پێشەنگایەتی ژن کاریگەری لە پێشخستنی پەیڕەو و پڕۆگرامی هەر پارت و حزبێک هەیە"

تارا حسێن باسی لەوەشکرد، لە هەر جێگەیەک ژن پێشانگایەتی کرد، بە مەرجێک پێشەنگایەتییەکی ڕاستەقینەی ژن بێت، ئیرادەی ژن لەبەرچاو بگیرێت و تواناکانی ژن پێشوازی لێبکرێت و ڕێز لە بیروبۆچونەکانی ژن بگیرێت، کاریگەری لەسەر پەیڕەو و هەڵهێنانی هەنگاوەکان دەکات، هەروەها پێشەنگایەتی ژن ئەزموون کراوە لە هێزەکانی کوردستاندا لە هەر بەشێکیدا بێت، لە هەر شوێنێک ژن پێشەنگایەتی کردبێت ئەو هێزە سەرکەوتوو بووە.

 

پلانەکانی داهاتووی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان چییە؟

لە وەڵامدا تارا حسێن ڕوونیکردەوە و وتی: ئێمە پۆستێکمان وەرنەگرتووە بەڵکو ئەرکێکمان وەرگرتووە، ئامانجمانە ئەوەی لە ڕابردوو نەمانکردووە، پێویستە لە ئێستادا بیکەین، هەروەها هەوڵی سەرەکیمانە بە شێوەیەکی خولی بەردەوام دەستەیەکی ڕاوێژکاری لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە دروستبکەین و بەشێوەیەکی بەردەوام گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین، سەرنج و ڕەخنەکانیان لەبەرچاو بگرین بۆ ئەوەی پێشخستن بە ڕێکخستنەکەمان بدەین.

 

"هەوڵدەدەین لە پرسەکانی ئابووری، ئاینی، تەندروستی و پەروەردەیی پێشخستن بکەین لە ڕێگەی کار و خەباتی جیاوازەوە، بە تایبەت بواری پەروەردە بۆ ژنان بە بێ جیاوازی هزری یاخود حزبی، کۆنفرانسی تایبەت بە ژنان دروستبکەین کە هەموو ڕەنگ و لایەنە جیاوازەکانی کوردستانی تێدابێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی ژن و دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرییەکان بۆ کێشەکانی ژنان".