"تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە داعش نەیەت چووە ناو خاکی سوریا"

هالە حەمیکۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی پارتی ئایندەی سوریا لە ئیدلیب ڕایگەیاند، هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا ڕاستەوخۆ دوای ئازادکردنی شاری مەنبج لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە بوو، ئەوەش لە ترسی کۆتایی نەهات بە داعش بوو.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ٢٤ی ئاب شەشەمین ساڵیادی داگیركاری سوریایە لەلایەن توركیاوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا تورکیا شارەکانی باب و ئیدلیب و عەزاز و جەرابلوسی داگیرکرد. ئەمەش دوای ئەوەبوو کە شاری مەنبج لە ١٥ی ئابی ٢٠١٦ لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی مەنبج و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە دەستی داعش ڕزگارکرا.

 

لەسەر ئەم پرسە ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارتی ئایندەی سوریا لە ئیدلیب، هالە حەمیکۆ ئەنجامدا، لەبارەی قۆناغی دوای ڕزگارکردنی مەنبج و داگیرکاری شارەکانی دیکەوە وتی: دوای شۆڕشی ٢٠١١ دەوڵەتی تورکیا بە پڕوباگەندەی پاراستنی سوریا دەستوەردانی لە شەڕەکاندا کرد، بەڵام لە بنەڕەتدا دەستوەردانەکەی بۆ داگیرکاری بوو، تورکیا بۆ چەسپاندنی خۆی لە سوریادا چەتەی بەکرێگیراوی بەکارهێنا، دوای ڕزگارکردنی شاری مەنبجیش لەلایەن قەسەدەوە، دەوڵەتی تورکیا ترسی ئەوەی لێنیشت کە شارە ڕزگارنەکراوەکانی ژێر دەستی چەتەکانی ڕزگار بکاتەوە، بۆیە تورکیا و چەتەکان بە سوپای ئازاد چوونە شارەکانی باب، عەزاز، ئیدلیب و جەرابلوس و ئەمەش بوونی ڕێککەوتنێکی نیشاندا و دەریخست کە داعش هاوکاری لە تورکیاوە وەردەگرێت.

 

دۆخی ژنان و کۆمەڵگە لە ناوچە داگیرکراوەکان مەترسیدارە

دەربارەی دۆخی ژنان و خەڵک لە شارەکانی ژێر داگیرکاری تورکیادا، هالە حەمیکۆ وتی: دۆخی ژنان لە باب و ئیدلیب و عەزاز زۆر خراپە. ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن، لەڕووی کاریگەری کارەساتبارەوە لەسەر ژیانی ژنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان داگیرکارییەکانی تورکیا و چەتەکانی و لەشکرکێشی داعشدا نییە. ئەوان هەمان شێوازی کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا بەڕێوەدەبەن، دەستدرێژی و کوشتن و ڕفاندن هێشتا واقیعی خاکە داگیرکراوەکانن، هاتنی ئەو چەتانەی کە دزی و ڕفاندن و دەستدرێژی ئەنجام دەدەن کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە کردووە، ئەو بیرۆکەیەی بەسەر خەڵکدا دەیسەپێنن کاریگەری لەسەر ئایندەی خەڵک و ئەو نەوەیە دەبێت کە لەم سەردەمەدا دەژین، ترسی ئەوە هەیە کە منداڵان و گەنجان بەهۆی کردەوەی چەتەکانەوە کاریگەرییان لەسەر بێت. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لێکەوتەکانی جدی دەبن.