ڕۆژنامەنووسێک: پێویستە هەڵوێستمان دژی پێشێلکاری سەر ڕۆژنامەنووسان هەبێت

لە جیهاندا ڕێگری لە دەنگ و قەڵەمی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش هەمیشە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرییەوە هەوڵی کپکردنی دەنگیان دەدەرێت، ئەم سیاسەتەش شۆڕبووەتەوە بۆ سیستمی بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە جیهاندا ڕۆژنامەنووس بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا ئاستەنگی و ڕێگری بۆ دروستدەکرێت و هەوڵی بێدەنگکردنی دەدرێت، ئازادی ڕادەربڕین کە مافێکی سەرەتایی هەر تاکێکە بەتایبەت لە ڕۆژنامەنووسان زەوت دەکرێت، ئەم دۆخە لە کوردستانیشدا بە هەمان شێوەیە.

 

لە ٨ی حوزەیران پۆلیسی تورکیا هێرشی کردەسەر ماڵی چەند ڕۆژنامەنووسێک لەوانە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز، گوڵشەن کۆچۆک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا عەزیز ئۆروچ و ڕۆژنامەنووس عومەر چەلیک، سوعات دۆگوهان، ڕەمەزان گەجیکەن، بێریڤان کاراتۆراک، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک و زەینەل ئەبیدین بولوت و بەکۆی گشتی ٢٠ ڕۆژنامەنووس و ٢١ کەسی دیکە دەستگیرکران.

 

 پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا تەنها بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە نەوەستا، هەمان ڕۆژ هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی ئاژانسی ژن نیوز و کەلوپەلەکانیان تێکداوە و کۆمپیوتەرێک و چەند ئامێرێکی دیکەیان دەستبەسەردا گرت، هەروەها ڕۆژنامەی یەنی یەشام و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی و چەندین پەرتوکی دیکەیان برد.

 

باشووری کوردستان بەدەر نییە لە سیاسەتی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووس و زیادکردنی تۆمەت و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان، هەریەک لە سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، وەداد حسێن و چەندانی دیکە، نمونەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و وەستانەوە بە ڕووی سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتدان، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی زیندانیانی بادینان نمونەیەکی دیکەی سیاسەتی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانن لەلایەن دەسەڵاتەوە.

 

زوهرە عەلی وەک ڕۆژنامەنووسێک ئاماژەی بەوەدا لە جیهاندا هەر پێشێلکارییەک هەبێت بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان، پێویستە هەڵوێستمان هەبێت لە ئاستیدا، چونکە هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نییە، جگە لەو هەواڵانەی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین دەیبیستین، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە جیهانییەکانیش سەلمێندراوە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەو خراپی دەچێت.

 

"ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی دەستگیردەکرێن"

زوهرە عەلی باسی لەوەکرد کە سەرکوتکردن و ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلەکانیاندا تەنها لە کاتی کارکردندا خۆی نەبینیوەتەوە، بەڵکو لە کاتەکانی دیکەشدا بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی دەستگیرکراون و زیندانی کراون کە ئەمە دەبێتە جێگای پرسیار لەسەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسی.

 

"دەبێت کۆمەڵگایەکی دیموکراسی ڕێگە بدات بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسانی ئازادیخواز کە ئازادانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ڕۆماڵەکان بە ئازادانە بکەن، چونکە هاوڵاتیان پێویستیان بە ڕاست و دروستی بابەتەکە هەیە، بۆیە نابێت هیچ ڕێگرییەک بوونی هەبێت".

 

"دەسەڵات ئەو ڕۆژنامەنوسانە بێدەنگ دەکات لە بەرژەوەندی ئەو کار ناکەن"

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕوونیکردەوە، هەرکات ڕۆژنامەنووس هەڵوێستێک یاخود کارێک بکات لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا نەبێت، یاخود هەوڵی بڵاوکردنەوەی زانیارییەک بدات کە سودی بۆ دەسەڵات نەبێت، ئەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن حزبە باڵادەستەکانی ئەو حکومەتە هێرش بۆسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستپێدەکات، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەزگا ئەمنییەکانیان هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەن، چونکە دەزگا ئەمنییەکانیش لە بەرژەوەندی گەل کار ناکەن و لەژێر هەژموونی حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بەردەوام هەوڵی بێدەنگکردنی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووساندان، "لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیاندا، هێندەی دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی بێدەنگکردن و ڕێگریکردنی ڕۆژنامەنووسان دەدەن، هێندە ڕێگری لە خۆپیشاندەران ناکەن، لەکاتێکدا ئەرکی ڕۆژنامەنووس گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیانە".

 

لەبارەی هەڵوێستی ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان دژ بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ٢٠ ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان، زوهرە عەلیی ڕۆژنامەنووس وتی: ڕۆژنامەنووس لە هەر کوێیەکی دنیا بێت و لە چوارچێوەی ئەرکە میدیاییەکەی خۆیدا توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، وەک ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان ئیدانەی دەکەن، چونکە کاری ڕۆژنامەنووس بەدەر لە گەیاندنی ڕاستی بابەتەکە هیچی دیکە نییە".