ڕووناک مەجید: پێویستە دژی داگیرکارییەکان ژنان یەکڕیز بن

تا دێت دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە بەرفراوانتر دەبێت، ئەندامێکی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت، لە هەموو کات زیاتر پێویستە ژنان خۆیان ڕێکبخەن و یەکڕیز بن دژ بە داگیرکارییەکان.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە لە شەوی ١٧ی مانگ، بەپێی ئەو پلانەی داڕێژرابوو کە دوای ١٥ی نیسان دەستپێبکەن، بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی بۆ ناوچەکانی شیلادزێ-دێرەلوک-ئامێدی و بەتایبەت بۆسەر چیای کورەژارۆ دەستیپێکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکاندا ناڕەزایەتی فراوان لەلایەن ژنان، هاوڵاتیان، لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چوار پارچەی کوردستان و عێراق دەربڕدرا.

 

لایەنە سیاسیە جیاوازەکانی عێراقیش وەک ڕەوتی سەدر، ڕەوتی حیکمە، ڕێکخراوی بەدر، هاوپەیمانی عەزم، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و توێژە جیاوازەکان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد و بە داگیرکاری و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقیان بەناو کرد.

 

لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش بە ئەندامانی سەرکردایەتی یەنەکە، فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتیی گەلی کوردستان، چاودێرانی سیاسی و ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان بە بەیاننامە و لە میدیاکانەوە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێستیان نواند و هاوکارییەکانی پەدەکەیان لەو لەشکرکێشییەدا بە خیانەت بەناوکرد.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوکاتی ساڵیادی ئەنفال بوو"

ڕووناک مەجید، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد، وەک ئەوەی لە میدیاکانەوە باسکرا، لە ١٥ی نیسانەوە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی ئەنفالدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستیانپێکرد، کە ئامانج لێی داگیرکردنی کوردستان و قڕکردنی کوردانە، "هێرشەکان بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستانە، ناوهێنانی هێزی دیکە وەک بەهانەیەکە تا لەشکرکێشی بکاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بەم هێرشانەش چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهەلاتی ناوەراست زەرەرمەند دەبێت".

 

ڕووناک مەجید، باسی لە پێگەی ژن کرد لە هێرش و داگیرکارییەکاندا، بەوەی کە زیانی گەورەی هێرشەکان بەر ژنان دەکەوێت وتیشی: ئەگەر سەیری ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژی دێرسیم و هەموو کۆمەڵکوژییەکانی دیکە بکەین، دەبینین ژن و منداڵ یەکەم قوربانی دەستی کۆمەڵکوژییەکانن، لە هەموو بارودۆخە ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسیەکاندا ژنان دەبنە جێی ئامانج، بۆیە بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەین تا جارێکی دیکە نەبنە قوربانی دەستی داگیرکاری و سیاسەتی هەڵەی بەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەری دەکات، یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن بۆ پاراستنی خۆیان، خاک و نیشتمان و منداڵەکانیان".

 

لە کۆتایشدا جەختی لە یەکڕیزی ژنانی باشوری کوردستان، ژنانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتی و کرد تا ژیانێکی ئاسودە و ئازادییان هەبێت و ڕێگری لە داگیرکارییەکان بکەن.