ژنانی کۆبانی ئیدانەی هەڵمەتی پاکتاوی سیاسی تورکیا دەکەن

لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاکتاوی سیاسیدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەرانی کورد. بە ئامانجی کاریگەریکردن لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا.

ژنانی کۆبانی ئیدانەی هەڵمەتی پاکتاوی سیاسی تورکیا دەکەن

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەبچێت، پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە هەڵمەتی پاکتاوی سیاسی دەستپێکردووە، هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە کاریگەرییان لەسەر قۆناغی هەڵبژاردن هەیە، لەنێویاندا سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، پارێزەران و میدیای ئازاد.

 

هێزەکانی پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان سیاسەتمەدار و چالاکوانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی قڕکردنی سیاسی کە ئاکەپەدا نزیکەی ١٥٠ کەس دەستگیرکران.

 

"بە بەرخۆدان و خەبات، هەموو پلانەکانی تورکیا پووچەڵ دەکەینەوە"

لەیلا ئەحمەد، هونەرمەند و شانۆکار و ئەندامی سەنتەری باقی خادۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە کۆبانێ، باسی لە هەڵمەتی پاکتاوی سیاسی ئاکەپە کرد لە تورکیا و باکووری کوردستان و وتی: تورکیا لە ڕێگەی هەڵمەتی قڕکردنی سیاسییەوە بەدوای لەناوبردنی سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤدا دەگەڕێت، ئەو هەڵمەتانە بۆیە ڕوودەدەن چونکە ئەو چینانەی وەک میدیای ئازاد، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، و سیاسەتمەداران دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، دەزانین تورکیا هەوڵی سەرکوتکردنی هونەرمەندان دەدات، چونکە لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە دەتوانن ئازار و کارەساتی گەلەکەیان بگەیەننە هەموو جیهان، تورکیا دەیەوێت دەنگی سیاسەتمەداران و توێژە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە بێدەنگ بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت سیاسەت و دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت، بۆیە لەپێناو پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی تورکیا و هەڵمەتی قڕکردنی سیاسی خەڵکی چوار پارچەی کوردستان، گەل ڕیزەکانیان یەکبخەن.

 

"ناتوانیت ئیرادەی ئەوان لەناو ببەیت"

فاتیمە عوسمان، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە ناحیەی شێران لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوەکرد دەسەڵاتدارانی تورکیا کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن فکر دەستگیر دەکەن، لەپێناو بڵاو نەکردەوەی چالاکییەکانیان و دروستنەبوونی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە، تورکیا دەزانێت کە ئێستا کاتی داوای ئازادییە، بەو پێیەی خەڵک بێدەنگ نابێت بەرامبەر بەو هەموو پێشێلکارییانە، ئەردۆغان پێی وایە بەهەمان عەقڵیەتی سەرمایەداری و پاوانخوازانە کە ئیرادەی کۆمەڵگە و گەل لەناودەبات، بەردەوام دەبێت لە حوکمڕانی خەڵک، بەڵام ڕاستی ئەمڕۆ پێچەوانەیە، چونکە دەبینین بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بەهێزترە لە پاوانخوازەکەی.

 

لە کۆتاییدا فاتیمە عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، لە هەر شوێنێک و هەرچییەک حزب و سیاسەت هەبێت، ئیرادەی گەل بەهێزترە لە دەسەڵات و هەمیشە ئەو ئیرادەیە بەسەر نادادپەروەریدا سەردەکەوێت، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، کە دەوڵەتێکی خراپ لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا حکوم دەکات، هیواخوازیشە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ئیرادەی گەل سەربکەوێت.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.