"ڕێبەر ئۆجالان ژنانی کردووە بە پێشەنگ لە هەموو بوارەکاندا"

دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ لاوازکردنی ئەو هزرە بوو لە ژیانی گشتیدا، لەوبارەیەوە بانووو هەڵەبجەیی دەڵێت، ڕێبەر ئۆجالان ژنانی کردووە بە پێشەنگ.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- پلانگێڕی دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و دەستگیرکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتە زلهێزەکانەوە و توندکردنەوەی گۆشەگیرییەکان لەسەری بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و ژنان بوو، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەری نەکردووەتە سەر شۆڕش و خەباتی ژنان، بەڵکو بەردەوامن لەسەر ڕێبازەکەی، بانووو هەڵەبجەی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک باسی لە گۆشەگیرییەکان کرد لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد دەستگیرکراوە.

 

"گۆشەگیرییەکان دژی ئازادی ژنە"

بانوو هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەکرد، "٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی، ئێمەش وەکو ژنانی ئازادی کورستان-ڕژاک پشتگیری لە دایکانی لەچک سپی دەکەین کە لێدوانیاندا دژی ئەو گۆشەگیرییانە، دیارە کە ئەم دەستگیرکردنە پلانێکی نێەودەوڵەتی بوو دژی ڕێبەرەکەمان، دەیان ویست وەکو سەرۆکەکانی تر کارەساتێک بهێنن بەسەر ڕیبەر ئۆجالان بۆ ئەوەی شۆڕشەکەی کپ بکەن و دەنگی ئازادی ژنان نەهێڵن".

 

"ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وایکردووە شۆڕشەکەی کپ نەکرێت"

بانوو هەڵەبجەیی ئەوەشی خستەڕوو، جێگەی خۆشحاڵیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان فکر و فەلسەفەیەکی وەهای داڕشتووە، ئەگەر خۆشی لە ناو گەلەکەیدا نەبێت، نەهێڵێت شۆڕشەکەی کپ بکرێت، بەڵکو شۆڕشەکەی زیاتر پەرەیسەند و گەل هۆشیار بوویەوە لەوەی کە ئێمە ڕێبەرێکمان هەیە خاوەن فکر و فەلسەفەی خۆمانین، بۆیە ئێمەی گەلی کورد لەسەر پێی خۆمانین و ئیدانەی ئەو پلانگێڕییە نێودەوڵەتییە دەکەین کە دژی کورد و بە تایبەتی ژنان کرا و لە ڕێبەرەکەماندا خۆی بینیەوە، کە ماوەی ٢٤ ساڵە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە گۆشەگیری لەسەر بەردەوامە.

 

هەروەها وتیشی: ٢٢ مانگە ڕێگە نادرێت هیچ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا بکرێت لەگەڵ خێزان و پارێزرەکانیدا، هەرچەندە تا ئێستا خێزان و پارێزەرەکانی چەندین ڕاپۆرتیان داوە بەو شوێنانەی کە لێپرسینەوەیان هەیە، بەڵام بەداخەوە بێ ئەنجام بووە، ئێمەش وەکو گەلی کورد و ژنان خاوەنداری لە ڕێبەرەکەمان دەکەین و بە سەرۆکی خۆمان و مرۆڤایەتی دەزانین.

 

"ڕێبەر ئۆجالان ڕێبەری هەموو مرۆڤایەتیە"

بانوو هەڵەبجەی ئەوەشی خستەڕوو، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تەنها ڕێبەرایەتی گەلی کورد نییە، بەڵکو ڕێبەرایەتی هەموو مرۆڤایەتییە، چونکە لەپێناو مرۆڤایەتی و دۆزی ژندا زیندانی کراوە، چونکە یەکەم پیاو بووە لە جیهاندا هەستا و دۆزی ژنی خستە پێشچاو و ڕۆڵی ژنی هێنایە کایەوە لە هەموو بوارەکانی وەکو سەربازی و ئایدۆلۆژی، بۆیە ئێستا ژن خاوەن هێزێکە لە جیهاندا کە جێگەی شانازیە و بە هۆی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەرگری لە مافی خۆی دەکات.