فەریدە ئیبۆ: دەوڵەتی تورک هەموو کردەوەیەکی نائەخلاقی لە عەفرین ئەنجام دەدات

فەریدە ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین، کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری دژ بە ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکان هەڵسەنگاند.

 ڕاپەڕین بەکر

 

شەهبا- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لە کاتی داگیرکردنی عەفرینەوە کردەوەی نامرۆڤانەی دژی ژنان و منداڵان ئەنجامدەدەن، ژنان لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی، دەستدرێژی، کۆمەڵکوژی، ڕفاندن و هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە، ئەمانەش دەرئەنجامی خۆکوشتن و تێکچوونی دەروونی لێدەکەوێتەوە، ئەو منداڵانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەژین، هەموو شێوازەکانی فشاری دەروونیان لەسەرە و منداڵانی گەنج لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە لەسەر شێوازی شەڕ و کوشتن پەروەردە دەکرێن، ئەوانەشی ئەو دۆخەیان پەسەند نەبێت، دەکوژرێن.

 

فەریدە ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین دەربارەی گوشارەکانی سەر ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکاندا وتی: لەو ڕۆژەوەی هێرش لەسەر عەفرینە هەتا ئەمڕۆ سەدان ژن ڕفێندراون، دەستدرێژیان کراوەتەسەر و لە تەمەنی بچوکدا هاوسەرگیریان پێکراوە، ئەو منداڵانەی لە ژیانی منداڵی خۆیان بێبەشبوون دەڕفێندرێن و دەکوژرێن، ئەم دۆخە لە هەرێمە عەرەبنشینەکانشدا بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەو فشارانەوە ژنان تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن و بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و لە دەستی داگیرکەران پەنا بۆخۆکوشتن دەبەن، خێزانەکانیش بۆ پاراستنی کچەکانیان لە دەستی داگیرکەر لە تەمەنی بچوکدا هاوسەرگیریان پێدەکەن.

 

"ژنان لە زیندانەکانی داگیرکەراندا دەکوژرێن"

فەریدە ئیبۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەشێکی زۆری ژنان لە ئەنجامی توندوتیژی دژ بە ژنان لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە و وتیشی: چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی بەناوی نەسرین محەمەد وەقاسی لە گوندی کاخرەی عەفرینیان ڕفاند، ئەو سیاسەتە لە ڕۆژی داگیرکردنی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانیەوە لەسەر ژنان پەیڕەو دەکرێت، دوای ڕفاندنی ژنان، فڕێ دەدرێنە زیندان و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە، بەم هۆیەوە تا ئێستا دەیان ژن بەهۆی توندوتیژیەوە گیانیان لەدەستداوە، پاشان تەرمەکانیان ڕادەستی خێزانەکان دەکەن و پێیان دەڵێن بەهۆی نەخۆشییەوە ژیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە عەفرین و دەوروبەری هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدرێت و مێژووەکەی لەناودەبرێت.

 

 

ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی یاسا جیهانییەکان کارەکانی دەوڵەتی تورکیا نامرۆڤانەن، دەشڵێت: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا نامرۆڤانەن و پێشێلی یاساکان دەکەن، بەڵام هیچ کەسێک دەنگی نەکرد کاتێک ئەو ژنانە لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە لە ژێر باری دڕندەیی دەوڵەتی تورکدان، بۆیە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین زۆر بە ئاسوودەیی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، دەوڵەتی تورک بە تایبەتی چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا جێگیر کردووە چونکە هیچ ڕێکخراوێک لە ئاست کارەکانی دەوڵەتی تورکیا قسە ناکەن.