بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان ڕێگری لە گەشتی شاخەوانەکان دەکات

دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام هێرش و داگیرکاریان لەسەر باشووری کوردستان ئەنجام داوە و شاخەوانێکیش دەڵێت: دەوڵەتانی داگیرکەر سنورەکان بۆردومان دەکەن و ئێمەش ناتوانین بە ئاسانی گەشت بکەین بۆ هەندێک ناوچە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد هەمیشە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە هێرش و داگیرکاری لەسەر بووە و چەوسێندراوەتەوە و هەوڵی تێکدانی سروشتی کوردستان دراوە، شاخەوانانیش کە بۆ بینینی سروشتی کوردستان و ئەنجامدانی وەرزشێک ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، زۆر جار ترسیان لا دروست دەبێت لەبەر ئەو بۆردومان و داگیرکارییەی لەسەر سنورەکان هەیە، ئەمەش نیگەرانی لای شاخەوانان دروستکردووە، چونکە ناتوانن لە خاکی خۆشیاندا بە ئازادی گەشت بکەن.

 

"تێکەڵبوون لەگەڵ سروشت دەروون و جەستەی مرۆڤ بەهێز دەکات"

دالیا جەلال، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری سلێمانی بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی ئاماژەی بەوەکرد، من هەر لە منداڵییەوە حەزم لە سەرکەوتن بەسەر شوێنی بەرزدا هەبووە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا گروپەکانی شاخەوانیم دەبینی گەشتیان دەکرد، منیش حەزم دەکرد بەس نەمدەزانی چۆن پەیوەندیان پێوە بکەم، تا جارێکیان  گەشتێک ڕێکخرا بۆ ناوچەی سەرگەڵو بەرگەڵو و لەگەڵ خوشکێکمدا ڕۆشتین بۆ ئەو گەشتە، شاخەوانی مانای زۆری هەیە بۆ من، مرۆڤ کاتێک لە ماڵەوە دەبێت و لە نێوان چوار دیوار دایە حەزدەکات لەو دۆخە بێتە دەرەوە و دنیایەکی دیکە ببینێت، بەتایبەتی ئەگەر شوێنەکە سروشتی بێت و دوور بێت لە دەستێوەردانی مرۆڤ، بەمشێوەیە مرۆڤ لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە بەهێز دەبێت.

 

"لە ترسی بۆردومانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان ناتوانین بۆ ناوچە شاخاوییەکان گەشت بکەین"

دالیا جەلال ڕوونی کردەوە، کاتێک گەشتێک دەکەین بۆ ناو سروشت، بەشێک لە سروشت دێتە مێشکمانەوە بەتایبەتی لە گەشتە سەختەکاندا هەموو ئەو شتانەمان بیر دەچێت کە مێشکی سەرقاڵ کردووین، ئێمە بۆ بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان ڕۆشتووین، بەڵام نەمانتوانیووە بە دڵی خۆمان بگەڕێن هەرچەندە ڕێبەریشمان لەگەڵدایە بۆ گەشتەکان، مەترسییەکی زۆر لەسەر ئەو ناوچانە هەیە، چونکە تا ئێستا کوردستان لە مین پاک نەکراوەتەوە و زۆربەی سنورەکان مینڕێژ کراون.

 

وتیشی: بەداخەوە سیاسەت کاری کردووەتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان و شاخەوانانیش ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان گەشت بکەن لە ترسی بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، زۆر جار شوێنێک دەستنیشان دەکەین گەشتی بۆ بکەین، بەڵام لە بازگەکان ڕێگەمان پێ نادەن و ئاگادارمان دەکەنەوە کە مەترسی تۆپبارانکردنی لەسەرە.

 

"حکومەت خاوەنداری لە سنورەکانی ناکات"

دالیا جەلال ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە خاکی خۆمانە، بەڵام زۆربەی ناوچەکانمان لێ قەدەغەکراوە، چونکە لە ڕووی ئەمنیەوە هیچ پارێزراو نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش خاوەندرای لە خاک و سنور و میلەتی خۆیان ناکەن، بۆردومانکردنی هەندێک شوێنیش لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە، وەکو بۆردومانکردنی کونەماسی و چەند شوێنێکی تر، وایکردووە خەڵک بترسێت لە ڕۆشتن و ئەنجامدانی گەشتی شاخەوانی بۆ ئەو ناوچانە.

 

دەشڵێت: دەوڵەتانی داگیرکەر هەمو هێرش و داگیرکارییەک ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین، جگە لەوەش هەوڵی تێکدانی سروشتەکەمان دەدەن و کاریگەریش بەجێدەهێڵن، حکومەتیش خاوەنداری لێ ناکات بۆیە هەر خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی.