سۆزدار دێرک: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە هێزی پاراستن هەیە

ژنانی کورد بە بەشدارییان لە شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان توانییان ببنە سیمبولی هێز و ئیرادە لە جیهاندا، فەرماندارێکی یەپەژەش دەڵێت، خاکەکەمان بەردەوام هێرشی لەسەرە بۆیە دەبێت ژنانی باشوری کوردستان خۆیان بەڕێکخستن بکەن".

تەوار پێنجوێنی

 

ناوەندی هەواڵ- لە دوای هێرشی داعش و ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریا و هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، مەترسییەکانی جەنگ لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دروستبوو، خاكێک کەوتە مەترسییەوە کە سەدان هەزار کەس تێیدا دەژیا، ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان تێکچوو، ئاوارەیی دەستیپێکرد و بۆنی باروت و چەک کوچە و کۆڵانەکانی داگیرکرد، دەبوو گەلێک لەپێناو پاراستنیدا خۆی بەڕێکخستن بکات و بەرخۆدانی بکات.

 

ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢دا کەوتە بەر مەترسی هێرشی داعش، گەل بە هەموو توێژەکانییەوە ئاڵای بەخۆدانییان هەڵکرد و چەکیان دژ بە دوژمنانی مرۆڤایەتی و گەلی کورد هەڵگرت، ژنان دەبوو لە وڵاتێکی وەک سوریادا کە بچوکترین مافیان نەبوو، ناسنامەیان ون دەکرا، لە ماڵەکاندا قەتیس دەکران و بە پلە دوو سەیر دەکران، دوو ڕێگە هەڵبژێرن، یان ئاوارەبوون، یان بوونە کەنیزەکی داعش، بەڵام ژنانی کورد ڕێگەی سێیەمیان بۆخۆیان دروستکرد و چەکی پاراستن و بەرخۆدانیان هەڵگرت.

 

ژنان لەناو ڕیزەکانی جەنگدا جێگەیان گرت و لە نمونەی ئارین مرکان و بارین کۆبانێ، سەدانیان گیانیان بەختکرد، بۆیەش هەبوونی هێزێکی سەربازی تایبەت بە ژنان لەپێناو بەرگریکردن لە ژن و ژیان بە گرنگ بینرا و لە دوای یەکەمین کۆنگرە، لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە دامەزرا و بووە یەکەمین هێزی سەربازی ژنانی کورد کە بە هێز و ئیرادە و بڕیاری خۆیان خەباتی سەربازی و سیاسی بەڕێوەدەبەن.

 

"ژنان پێویستیان بە هێزی پاراستنی ڕەوا هەیە"

سۆزدار دێرک، ئەندامی فەرمانداری گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، باس لەوەدەکات وەکو ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستمان بە هێزێكی پاراستنی ڕەوا هەیە، چونکە ژن لە هەموو کۆمەڵگەکاندا وەک پلەدوو سەیردەکرێت و گوشار و توندوتیژییەکان بە ئاستی یەکەم لەسەر ژنانە، "ئەو هێرشەی کرایەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە پاراستنی ڕەوای ژنان هەبوو وەک هێزی سەربازی و کۆمەلگەیی، چونکە شەهیدی زۆر درا وەک یادێ گولێ، دایە عەقیدە و هەڤرین خەلەف، ئێمەش وەکوو ژن لەبەرئەوەی هێزمان هەیە شەر بکەین و بەرگری بکەین، بۆیە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣دا یەکینەکانی پاراستنی ژن بە فەرمی دامەزرا".

 

"ئەو بەڵێنەی بە ژنانمان داوە پێکی دەهێنین"

ئەو فەرماندارە دەڵێت "هێرش بۆ سەر ژنێک، هێرشە بۆسەر تەواوی ژنان، هێرش بۆسەر کۆمەڵگەش ئێمە وەک هێرش بۆسەر خۆمانی دەبینین"، بۆیەش وەک یەپەژە لە خۆپاراستندا بە بڕیارن و لە لایەنی تەکنیک و خۆپاراستنیشدا بەردەوام خۆیان پێشدەخەن، "لەوانەیە جاری یەکەم بێت هێزێکی سەربازی ژنان لە ئاستی یەپەژەدا تێکۆشان بکات، ئێمە بەمە دڵخۆشین و ئەو بەڵێنەی بە ئاڤێستا و بارین و هەموو ژنانمانداوە کە لەسەر میراسی ژنان دەستمانپێکرد، پێکیدە‌هێنین، ئەو تۆوەی لە خەباتی ژنانەوە لەناو خاکدا بوو ئێستا وەک یەپەژە شین بووە، هەروەها قەرزاری بێریتان و زیلانەکانین کە ئەمڕۆ ئێمە دەتوانین بەم ڕەنگە تێکۆشان بکەین".

 

"بۆ گەلی کورد خۆپاراستنی ژنان غەریب نییە"

ئەو بەرخۆدانییەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ژنانەوە کرا، لە جیهاندا دەنگی دایەوە، ژنانی کورد بوونە سیمبولی شۆڕش و مۆری خۆیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دا و وترا کە "شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆرشی ژنە"، سۆزدار دێرک لەوبارەیەوە دەڵێت: لە جیهاندا ڕەنگە سەیر بێت هێزێکی سەربازی ژنان، بەڵام بۆ گەلی کورد سەیر نییە، چونکە بەردەوام لە بەرگریدا بووە، ڕاستە هەنێک چوارچێوەی کۆمەڵگەیی و دابونەریت هەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی بووینەوە، بەڵام شکاندنی ئەو بەربەستانە لەو کاتی هێرشانەدا سەخت نەبوو، چونکە ژن دەتوانێت شەڕ و بەرخۆدان بکات، ژن ئەو هێزەیە کە دەتوانێت شەڕ دروستبکات، ئەو هێزەیە کە بەرخۆدانی دەکات و سەرکەوتوو بێت، ئەمەش لە مێژوودا لەناو گەلی ئێمەدا دروستببوو، بەڵام زیندوو کرایەوە".

 

"دەنگی دایکان و ژنان دەتوانێت دنیا بهەژێنێت"

سۆزدار دێرک، ئەندامی فەرمانداری گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە بانگەوازی لە ژنانی باشوری کوردستان دەکات کە خۆیان بەڕێکخستن بکەن، "لە باشوری کوردستان چەندین نمونەی ژنی ڕۆشنبیر، خوێندەوار، هونەرمەند، شاعیر و بوارەکانی دیکەشمان هەیە و کاریگەریشیان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە، لە بواری پاراستنیشدا هەرکات پێویست بووبێت بەرخۆدانی کردووە و بەشداری شەڕ بووە، بەڵام دەبێت بزانین خاکەکەمان هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، لەلایەن داعشەوە بێت یان چەتە و دەوڵەتی تورکیاوە بێت و نەڵێین هێرش ناکرێتە سەر ئێمە، ئەگەر ئەمڕۆ هێرش لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەم پارچەیەش خۆی دوور نەگرێت، بۆیە خۆبەڕێکخستن گرنگە و دەنگی دایکان و ژنان دەتوانێت دنیا بهەژێنێت".

 


ت.پ