"پڕۆژەکەمان بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەک دیموکراتیک و یەکگرتوو ، پڕۆژەیەکە کە وەڵامدەرەوەی دۆخی هەستیاری ئێستایە"

 پەروین یوسف، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵدەسەنگێنێت.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە هەڕەشە و کردەوەکانی هێرش دەکاتەسەر ئیرادەی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەیەوێت نەخشەی داگیرکاریی خۆی لەسەر حسابی ئەو کۆمەڵگایە بەرفراوانتر بکات، لە ڕاگەیاندنیشدا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمەکان دەکات، سەرەڕای هێرشەکانی لەسەر خاکی باشووری کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە شار و گوندەکانمان لە شەهبا، کۆبانێ و تل تەمر تۆپباران دەکات.

 

پەروین یوسف، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵدەسەنگێنێت و ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هەڕەشە بووە و هێرشی کردووەتە سەر هەموو هەرێمەکان و تا ئێستاش بەردەوام لە ڕێگەی چەتەکانییەوە ئارامی ناوچەکە تێکدەدات، "ئێمە ناتوانین بڵێین مەترسی ئەم هێرشانە بوونی نییە، چونکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەپێچەوانەی هەموو هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکان بەردەوامە لە هێرشەکانی و پێشێلی هەموویان دەکات".

 

هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، "لە ساڵی ٢٠١٢ەوە دەوڵەتی  داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی چەتەکانییەوە سنوورەکانی سەرێکانی دەبەزێنێت، تەنها ناوی چەتەکان گۆڕاوە، بەڵام هەموویان بە چاودێری دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی خەڵکی ناوچەکە دەکەن، چەندین بەڵگەنامە و دۆسیەمان لەبەردەستدایە کە دەوڵەتی تورک چۆن چەتەکان دەپەڕێنێتە بۆ ناوەوەی ئەم سنوورانە، دەبێت بوترێت گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەرێمەکەمان بوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، لە هەرێمەکانمان خەڵکەکەی خۆیان ڕێکخستووە، هەموو پێکهاتەکانی یەکگرتوون و هێزی بەرگریان هەیە، بۆیە ئێمە هەمیشە ئامادەکاری دەکەین بۆ بەرخۆدان".

 

پەروین یوسف لە کۆتایدا وتیشی: پرۆژەی دیموکراتیک وەڵامدانەوەی ئەو پرۆسە هەستیارەیە کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، بەپێی بنەماکانی دیموکراتیک ڕۆژ بە ڕۆژ پەلی ڕێکخستن و یەکگرتنەکان فراوانتر دەبێت.