"بەهۆی بەرژەوەندی سیاسیی پیاوسالارییەوە ڕێگری لە ژنان دەکرێت"

دیاری فەرەیدون، چالاکوانی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووس دەڵێت: بەهۆی باڵادەستی سیاسەتمەداران لە چەند کەسێکی دیاریکراودا قۆرخکراوە، ئەستەمە ژنان بتوانن بەو پێگەیە بگەن کە دەیانەوێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- سەرەڕای هەبوونی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا، بەڵام ڕووبەڕووی چەندی کێشە دەبنەوە، ژنان بە ڕێژەیەکی کەم پلە و پۆستێکی بەرز بەدەستدەهێنن لە بواری سیاسیدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئاستی هۆشیاری تاکەکان و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکواندا، هەروەها دەسەڵات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگە بە ژنان نادەن لە کایەیەکی سیاسی و پۆستێکی گەورەدا کار بکەن، کە ئەگەر ڕێگەشی پێبدات، دەبێت لە ژێر چاودێری دامەزراوەکەیدا کار بکات و هەر کات بزانن دەگاتە ئاستێک دەبێتە کێشە بۆ کارەکەی، بە خراپترین شێواز لە پێگەی ژنان دەدەن.

 

"پەرتەوازە بوونی حزب و لایەنەکان هۆکاری سەرەکین بۆ نەبوونی مافی ژنان"

دیاری فەرەیدون، چالاکوانی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووس، باس لەوەدەکات، چەندین ژن بە خواستی هاوڵاتیان و لە ڕێگەی دەنگدانەوە گەشتوونەتە پێگەی سیاسی و کار دەکەن، بەڵام ئەو ژنانەی جێ دەستیان لە کایەی سیاسی گشتیدا دیارە بە ڕێژەیەکی کەم بەشداری دەکەن، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا تاکە شت کە زاڵە بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا دیاردەی پیاوسالاریە، هەروەها لە وڵاتانی ڕۆژئاواشدا (ئەوروپا و ئەمریکا) هەمان دیاردەی پیاوسالاری هەیە، بەڵام بە شێوازێکی دیموکراسیانە و چەواشەکاری کردن، دەشڵێت: ئەوەی ئێمە دەیبینین وڵاتانی ڕۆژئاواش بەدەر نیە لە گرفتی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و نەبوونی چەسپاندنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها عێراق دەکرێت بە دوو بەشەوە کە شیعە و سوونەی هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا ئێمە لە چەند پێکهاتەیەک پێکهاتووین و بە تایبەت دینی ئیسلام تێیدا بڵاوە، بۆیە بڕیارەکان لە ژێر چاودێری بڕیارەکانی ئیسلامدا دەبن، هەروەها دەسەڵات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەرگیز ڕێگە بە ژنان نادات جێگەی پیاوان لە کارە سیاسیەکاندا بگرنەوە، کار ئاسانی و ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ژنان لە کایەکاندا، بەڵام بگاتە ئاستێک لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی دەدات، ڕێگە نادات و بە هەر هۆکارێک بێت دەیوەستێنێت.

 

هەروەها وتیشی: گەشبینیەک لەناو هەرێمی کوردستاندا دەبیندرێت، بەڵام بە شێوەیەکی کەم  بەرچاو دەکەوێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان پێویستە ژنان بەدەر لە بیر و بۆچوونەکانیان لە یەک ئایدیا و بیرو بۆچوندا یەکدی ببیننەوە، هەروەها مافەکان کەم تا زۆر کاری بۆ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە کاتێک دێتە سەر جێبەجێ کردن بەربەستی بۆ دادەنرێت، پەرتەوازەبوونی حزب و لایەنەکان هۆکاری سەرەکین بۆ نەبوونی مافی ژنان و پەرتەوازە بوون و ڕێگریکردن لە کار و چالاکیەکانیان لەناو بواری سیاسیدا، بەهۆی باڵادەستی سیاسەتمەداران لە چەند کەسێکی دیاریکراودا، ئەستەمە ژنان بتوانن بەو پێگەیە بگەن کە دەیانەوێت.

 

"نایانەوێت ژنان بگەن بەو پلە و پایەیەی لە کایە سیاسییەکاندا دەیانەوێت"

دیاری فەرەیدون، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە هەر کایەیەکی سیاسییدا بەشداری بکەن، لەژێر چاودێری ئەو لایەنەدا دەبێت کە کاری بۆ دەکات، لایەن و حزبە سیاسیەکان تا ئەو ئاستە ڕێگە بە ژنان دەدەن کاریان بۆ بکات، کە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا بێت، وتیشی: لە بابەتی سیاسەتدا هەر ئەونەیە کاریان پێت بوو، ئەگەر لە قازانجی ئەوان کار نەکەیت لێت دەدەن و دەتهێننە خوارەوە، نایانەوێت ژنان بگەن بەو پلە و پایەیەی لە کایە سیاسییەکاندا دەیانەوێت، نایانەوێت ژنان پێگەیەکیان هەبێت لە داهاتوودا مەترسی بێت بۆ سەر پێگەی خۆیان لە سیاسەتدا، هەروەها لە ژیانی ڕۆژانەدا لە داموو دەزگایەک ژنێک پێگەیەکی بۆ خۆی دروستکردووە، بەڵام چواردەورەکەی کۆمەڵێک دڕک و داڵی بۆ دروست دەکەن، بەردەوام دەیخەنە ململانێیەکی گەورەوە تا دەگاتە سەرکەوتن.

 

لە کۆتایدا دیاری فەرەیدون وتی: پێویستە هەموومان بۆ یەک ئامانج و مەبەست کار بکەین، با بڕیار لەسەر کەسەکە نەدەین ئایا من کێم، بەڵکو دەبێت ئامانجمان یەک بێت و پێکەوە کار بۆ ئامانجەکانمان بکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی گەیاندن و چەسپاندنی پەیامی ژنان و بەرەو ئازادی و ئەو پلە و پایەیەی دەیەوێت هەنگاو بنێت.