عایشە ئەفەندی: لەسەر خاکی ئازادمان باوەش بە زیندانییەکانی دۆسیەی کۆبانێ دەکەین

عایشە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، سەبارەت بە زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ وتی: دۆسیەی کۆبانێ دەرئەنجامی سەرکەوتنی بەرخۆدانەکانە، ئێمە جارێکی تر بە هەمان ڕۆح و لەسەر خاکی ئازادی کۆبانێ یەکتر لە باوەش دەگرین و سنوورەکانی نێوانمان لا دەبەین.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ - دەوڵەتی تورکیا لە دژی ١٠٨ سیاسەتمەدار و هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ئەو کەسانەی پشتیوانیان لە بەرخۆدانی کۆبانێ دژی چەتەکانیان داعش کرد، سزادا، سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە خەڵکی باکووری کوردستان کە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا بەڕێوە دەچێت، لە ١٦ی ئایارەوە ئەم ١٠٨ کەسە دادگایی و زیندانی کراون.

 

ئەیشە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە نزیکەوە لەگەڵ زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ لە باکووری کوردستان کاری کردووە، لەبارەی دۆسیەکەوە وتی: ئێستا لە مانگی ئەیلوولداین، کە ئەم مانگە چەندین یادگاری بە ئازار و ناکۆک بۆ ئێمەی خەڵکی کۆبانێ لەخۆدەگرێت، لە ئەیلوولی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی هێرشێکی سەختی چەتەکانی داعش بووینەوە، سەدان کەس بە بێ ئومێد و باوەڕی کۆچیان کرد بۆ باکووری کوردستان، خەڵکی کۆبانێ و هەموو ڕۆژئاوای کودستان هەرگیز سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و چەوساندنەوەیەی ڕژێمی بەعس، کۆچێکی لەو شێوەیەیان بەخۆوە نەبینیوە و هەرگیز لە زێدی خۆیان دوور نەکەوتوونەتەوە، هەر بۆیە بەو هەستەی کە دەگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان و کۆبانێ ناڕوخێت، سنوورمان تێپەڕاند، هێشتا زۆر سەخت بوو کاتێک ئاوڕێکمان دایەوە و بۆشایییەکی گەورەمان لە کۆبانێ بینی، ئەگەر بڵێم بای کۆبانێ بۆنی خوێنی لەگەڵ خۆی دەهێنا، هێشتا کەمە، بە تایبەت پێش هێرشی سەر کۆبانێ، ئەو فەرمانەی کە لە مانگی ئابدا لە شەنگال ژیان کرا، لە کۆمەڵکوژی و کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی و هەموو ئەو ڕووداوە دڕندانەی کە داعش ئەنجامی دابوو، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی خەڵکی کۆبانێ هەبوو و مەترسییەکی گەورەی دروستکرد، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردن.

 

"ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆبانێ کوردستانی هەستانەوە"

عایشە ئەفەندی ڕایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بانگەوازی بۆ کۆبانێ، چوار پارچەی کوردستانی کۆکردەوە، "ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی وای بۆ خاوەنداری و پاراستنی کۆبانێ کرد، کە گۆڕا بۆ سەفەربەرییەکی کوردستانی، بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، چوار بەشی کوردستان لە دەوری کۆبانێ کۆبوونەوە، دڵسۆزانی ڕێبەر ئاپۆ پێکەوە سەمای ئازادی،  بەرخۆدان و ئاپۆچێتییان گەڕاند، بەم شێوەیە شاهیدی ڕۆیشتنی هەزاران ژن و گەنجی کورد بەرەو کۆبانێ بووین، لەم دۆخەدا گەلی ئێمەی باکووری کوردستان کە خاوەندارێکی باشی لە کۆبانێ کرد، بەربەست و فشاری زۆریان بەخۆوە بینی، لەو سەردەمەدا گەل بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان ئەو سنوورە داگیرکاریانەی لابرد و کۆبانێ و باکووری کوردستانیان کردەوە یەک".

 

"سەرکەوتن لە ئەنجامی یەکگرتنەوە پیلانی پیلانگێڕانی گۆڕی"

عایشە ئەفەندی باسی لەوەشکرد، سەرکەوتنی کۆبانێ ئەجێندای سیاسی گۆڕی و وتی: بەتایبەت لە قۆناغی بەرخۆدانی کۆبانێدا، چەندین پڕۆژەی سیاسی، دیپلۆماسی و جوگرافی لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلی کورد لەلایەن هێزەکانی پیلانگێڕ و هەژموونگەر پەرەی پێدرا، خودی پیلانەکە بەشێکی گەورەی پیلانگێڕی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەو پێیەی دەزانرێت کە ئەم هێزە پیلانگێڕانە هەوڵدەدەن بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ بقۆزنەوە و لە هەر دەرفەتێکدا بەرژەوەندییەکانیان بەدیبهێنن، لەم ڕووەوە ئەو بانگەوازییە لە ئیمرالیەوە هات و خاوەندارێتی گەلی کورد لەلایەن ڕێبەرایەتییەوە هەموو شتێکی گۆڕی، یەکگرتوویی کورد بۆ کۆبانێ و پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانە لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی نەخشەی سیاسی و جوگرافیای ئەو هێزانەیان گۆڕی، هیوای هێزە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا لە هێرشی سەر کۆبانێ ئەوە بوو کە شۆڕش لەناوببات و کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە جینۆساید و کۆچکردندا تێپەڕێت.

 

"باکووری کوردستان لە ماوەی ١٣٤ ڕۆژدا لە جوڵەدا بوو"

لە درێژەی قسەکانیدا، عایشە ئەفەندی باسی لە پشتیوانیی خەڵکی باکووری کوردستان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ کرد، "دوای ئەو پیلانە پووچانەی لەسەر کۆبانێ بەڕێوەچوو، دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی بەدوای پڕۆژەیەکی بەدیلدا دەگەڕان کە ئەویش دۆسیەی کۆبانێ بوو، دەوڵەتی تورکیا بینی کە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ کۆبانێ لەلایەن  شارەوانی و ئەنجومەنەکان دەکرێت و بەبێ پچڕان هاوکاری دەکەن، تا ئەو ڕادەیەی کەرەستەکانی شارەوانی ئامەد و ڕەحا بچنە کۆبانێ و پاشماوەی شەڕەکە کۆبکەنەوە، لە لایەکی ترەوە هەموو دەرفەتی لۆجستی بۆ کۆچبەران و ئەوانەی لە کۆبانێ بوونم دابین کرا، هەروەها تەوەری چاودێری تەندروستی و چارەسەری بریندارانی جەنگ لە باکووری کوردستان بوو، بە واتایەکی تر دەرفەت و خزمەتگوزاری بێکۆتایی لەلایەن خەڵکی باکووری کوردستانەوە پێشکەش کرا، هه موو ئەو کارانه لە بەردەم دەوڵەتی تورکیادا ئەنجامدا، تەنانەت سیمینارمان لەسەر کۆبانێ و یەکگرتوویی کورد و کوردستان لە ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ ڕێکخست".

 

"دۆسیەی کۆبانێ دەرئەنجامی ڕق و توڕەیی دەوڵەتی تورکیایە بۆ سەرکەوتن"

عایشە ئەفەندی، کە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا بەهۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکەی دۆسیەی کۆبانێی کردەوە و  وتی: ئێمە دەمانزانی بێدەنگی دەوڵەتی تورکیا لەو کاتەدا بێ هۆکار نییە، ئەوان تەنیا چاوەڕێی ڕووخانی بەرخۆدانی کۆبانێ بوون بۆ ئەوەی کە هەنگاو بنێن، ئەردۆغان چاوەڕێی چەتەکانی بوو کە کۆبانێ بگرن و ڕادەستی بکەن تا لە مزگەوتەکەمان نوێژ بکات، ئەمەش ڕووی نەدا، هیواکانی دەوڵەتی تورک بەهۆی سەرکەوتنی بەرخۆدان و هاوپشتی گەلی کورد لەگەڵ یەکتردا تێکچوو، بەهۆی ئەمەوە بینیمان سەرلێشێواوییەک دروست بوو و دەیان سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار لەژێر ناوی دۆسیەی کۆبانێدا دەستبەسەرکران و دواجار حوکمیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم تەوەرە لە بیروڕای گشتیدا بوو بە ئەجێندا. بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی واتای هەیە، بەڵام بەداخەوە لە دۆسیەی گەلی کورد و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا، یاسا و ڕێککەوتنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن.

 

"لەسەر خاکی ئازادی کۆبانێ یەکتر لە باوەش دەگرین"

عایشە ئەفەندی بەم شێەوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "وەک چۆن گەلەکەمان لە باکووری کوردستان هەموو دەرفەتەکانی خۆی بۆ ئێمە پێشکەشکرد و لە سەختترین کاتەکانماندا پاڵپشتیمان کرد، وەک خەڵکی کۆبانێ، ئێمەش ئامادەین هەموو هێزی خۆمان سەفەربەر بکەین، لەو کاتەدا یەکێک لەو زیندانیانە دەیگوت کە کۆبانێ ئازاد کرا تۆ لە گردی مشتەنور خانوویەکم بۆ دروست دەکەیت و منیش تێیدا دەمێنمەوە، ئەم یادگاری و خواستانەی هاوڕێکانمان لەبیر ناکەین، شەڕ دەکەین بۆ لابردنی ئەو سنوورانەی نێوانمان، بۆ ئەوەی پێکەوە خەونەکانمان بەدی بهێنین، وەک خەڵکی کۆبانێ و بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان، بە دڵ و گیان هەموو زیندانیانی دۆزی کۆبانێ و هەموو زیندانیانی ڕێگای ئازادی لە باوەش دەگرین، لە کەسایەتی کۆبانێدا کە ئەمڕۆ بووەتە ڕەمزێک بۆ هەموو گەلی کورد و مرۆڤایەتی، بەو ئیرادەیە کە ڕۆژێک لە سەر خاکی ئازادی کۆبانێ یەکتر لە باوەش دەگرین، بەرخۆدانیان سڵاو دەکەین.