ناوەندی هەواڵ
هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیاسییەوە بە هاوکاری حزبی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستوەردان لە کاروبار و یاسا و سەروەری هەرێمی کوردستاندا دەکات، جگە لەوەی ڕژێمی ئێران بە دانانی زیاتری سوپاکەی لەسەر سنوور و ئاگربەردان لە دارستانە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، لە ڕێگەی سیاسییشەوە دەستوەردان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن، شلێر مەحمودی ،پارێزەر و چالاکوانی مافی ژنان، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری شاری کۆیە نیشتەجێیە، باس لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەت تورکیا، کە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لەسەر حیسابی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان فراوان بکات.
شلێر مەحمودی دەڵێت: ئەگەر باس لە کوردستان بکەم، کوردستان خاکێکی پیرۆزە بۆ کوردەکان، هەمیشە کوردەکان خاکی خۆیان پاراستووە، خاکەکەش بە پیت و بەرکەت و دەوڵەمەندە، سەرچاوەی ژێر زەمینی زۆری هەیە، بۆیە هەمووکات چاوی داگیرکارانی لەسەر بووە، زۆر ناچمە ناو مێژوو، بەڵام ئەگەر مێژووی کورد بخوێنینەوە دەبینیت کوردستان چەندین جار داگیر کراوە و دابەش کراوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بەتایبەت تورکیاو ئێران زۆر دەستوەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
وتیشی: لەم چەند ساڵانەی دوایدا وای لێهاتوە سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن، ئەویش بە مووشەک باران تۆپباران یان بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی، ئەگەر باس لە ئێران بکەم لە ٢٠١٨وە بە بەهێزترین چەکەکانی خۆی کوردستان دەکاتە ئامانج، خەڵک دەکوژن و شەهید دەکەن بە بیانووی پەنابەری سیاسی و پێشمەرگە بوون، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر یاسا دەبینین پێشێلکردنی سەروەری یەم وڵاتەیە و دژی یاسای مافی مرۆڤیشە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا: تورکیا زۆر دڕندانەتر هەڵدەکوتێتە سەر هەرێمی کوردستان، هەر بەوە نەوەستاوە، بە موشەک و چەکی قورس و جۆرەها بۆمب بەکاردەهێنێت بە بیانووی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان ئەم ماوەیە چەندین خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەکاتە قوربانی لەسەر شەقام و لەناو ماڵاندا، کە پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کورستانە و خەڵک دەکاتە قوربانی، من خۆم کە لە کۆیە دادەنیشم شایەدحاڵی ئەوم کە درۆنەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج و ٤ کەسی کردە قوربانی، هەروەها کە بۆکریسکانی قەندیل ئۆتۆمبێلی هاوڵاتی کردە ئامانج و خەڵک بوون بە قوربانی.
لە کۆتایدا شلێر مەحمودی وتی: سەرەڕای ئەم هەموو کارانەی وڵاتانی دراوسێ کە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداران تەنها بە ئیدانەکردنی کارەکە وازدێنن و هیچ کاردانەوەیەک و هەڵوێستێکی جددیان نییە، بۆیە پێویستە هەموو هاوڵاتییەکی کوردستان بێ جیاوازی ئاین و ڕەگەز و جیاوازیەکانی تر، هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری تورکی دڕندە و کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە پارێزگاری لە ناسنامە و شوناس و کولتووری خۆمان بکەین و یەکڕیزی کورد بپارێزین، جا بە ڕێگای خۆپیشاندان و گردبوونەوە یان هەر ڕێگایەکی تر، کە کاریگەری دەبێت لەسەریان.




