ژنانی سەرکردە، کاریگەرییان چییە لەسەر کۆمەڵگە؟
گوڵزار فهرهج- نووسەر
ژنانی سەرکردە بە گشتی بە کۆڵنەدان لە بەردەم ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بە توانای بیرو رۆشنگەریی بەهێز، گەیاندنی روونی پەیامەکان، هێنانی دیدگای نوێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەناسرێنەوە، ژنانی سەرکردە یان «ژنە رابەرەکان» ئاماژەیە بۆ ئەو ژنانەی لە بوارە جیاوازەکاندا گەیشتوونەتە بەرزترین پێگەی بڕیاردان و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە، دەوڵەت، یان کایە تایبەتەکان دروستکردووە. ئەم سەرکردایەتییە تەنها بە بواری سیاسییەوە سنووردار نییە، بەڵکو چەندین کایەی جۆراوجۆر دەگرێتەوە، لێرەدا پۆلێنکردنی گرنگترین ئەو بوارانە دەخەینەڕوو کە ژنانی سەرکردەی لێ هەڵکەوتووە:
سەرکردە سیاسییەکان فەرمانڕەوایان و سەرۆکەکان
ئەو ژنانەن کە توانیویانە ببنە سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆک وەزیران، یان سەرکردەی بزوتنەوە رزگاریخوازییەکان، لە مێژوودا شاژنە کلیۆپاترا و حەتشەپسوت (میسر)، شاژنە ئیلیزابێسی یەکەم (بەریتانیا)، ئەندێرا گاندی (هیندستان)، مارگرێت تاتشەر لە بەریتانیا، لە سەردەمی نوێشدا ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بۆ چەندین ساڵ بە بەهێزترین ژنی جیهان دادەنرا لەگەڵ جەسیندا ئاردرن سەرۆک وەزیرانی پێشووی نیوزیلەندا.
لە مێژووی کوردیشدا، خانزاد خاتوونی میری سۆران، حەپسەخانی نەقیب، کەسایەتی دیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان و عادیلە خانم (خانمی سەرکردەی هۆزی جاف لە هەڵەبجە).
سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانان
ئەو ژنانەی رابەرایەتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و یەکسانییان کردووە:
*مەلیندا گەیتس: لە بواری کارە خێرخوازییەکان و پەرپێدانی جیهانیدا.
* مەلالە یوسفزای: گەنجترین براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، کە ڕابەرایەتی داکۆکیکردن لە مافی خوێندنی کچانی کرد.
*رۆزا پارکس: دایک و سەرکردەی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا دژی رەگەزپەرستی.
سەرکردە ئابووری و بازرگانییەکان
ئەو ژنانەی سەرکردایەتی گەورە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان یان دامەزراوە داراییە جیهانییەکان دەکەن، بۆ نموونە:
-کریستین لاگارد: سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا (پێشتریش بەڕێوبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بوو).
-ئۆپرا وینفری: ژنێکی دیاری بواری میدیا و بزنس، کە کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر رای گشتی هەیە.
سەرکردە زانستی و فیکرییەکان
ئەوانەی بە بیرۆکە، داهێنان و توێژینەوەکانیان جیهانیان گۆڕیوە، وەک:
ماری کوری: یەکەم ژن کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت و تاکە کەسە لە دوو بواری زانستی جیاواز (فیزیا و کیمیا)دا خەڵاتی وەرگرتووە.