ئاشناكردنی منداڵ بە پەروەردەی ژینگەیی

چرۆ رەشید- مامۆستا

پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بەندە بە ئاستی رۆشنبیریی تاكەكانییەوە، یەكێك لە هەرە ئاماژەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە لە رووی شارستانییەوە، رۆشنبیری و پاراستنی ژینگەیە، كەواتە ئەركی پەروەردە و پەروەردەكارانە گرنگی پێبدەن.


ژینگە واتا جیهانی دەوروبەر لە مرۆڤ و لەو سروشتەی كە دەیبینین و كارلێكی لەگەڵ دەكەین ئەركی سەرشانمانە منداڵان پەروەردە بكەین کە سروشتیان خۆش بووێت و بیپارێزن و بەشداربن لە پاراستنی لە پێناو مانەوەی بەجوانی و پاكیی، بۆ بەدەستهێنانی ئەم كارامەییە پەروەردەییە پێویستە ئەزموونی منداڵان دەوڵەمەند بكرێت بە ئاشناكردن و زانیاری پێدان بە منداڵان و بەركەوتنیان لەگەڵ سروشت، لەبەرئەوەی ئەركە سادەكانی ژیانمان  وامان لێدەكات هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین و بەجوانی رەفتار بکەین، بۆیە ئێمەش با لە ئەركە بچووكەكانەوە دەست پێ بكەین.  سەرەتا  خێزانەكان بەرپرسیاری یەكەمی پەروەردەكردنی منداڵن رۆڵی كاریگەریان هەیە لە بنیاتنانی كەسایەتییان بۆئەوەی بتوانن كەسایەتییەكی ژینگە پارێز و دۆستی سروشت بن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەموو كات منداڵان لە گرنگیی پاكوخاوێنی ژینگە هەر لە ناو ماڵ، پارك و شوێنی یاریكردن، كۆڵان، شەقامەوە تا شوێنە گشتییەكانی دیکە، لە هەموو ئەو پێكهاتە سروشتیانەی ژینگەكەی ئاگاداربكرێنەوە لە هەندێ كاتیشدا بارودۆخێكی وەهای بۆ بڕەخسێنرێت كە پرسیاری ژینگەیی بكات تا بتوانێت زانیاری لەسەر ژینگەكەی بەدەستبهێنێت، چونکە تا منداڵان ئاگاداری پاكوخاوێنی ژینگە بن ئەوەندەش لە مەترسییەكانی ژینگەی پیس دەپارێزرێن، خێزانەكان لە تەمەنی باخچەوە منداڵەكانیان بە باخچەی منداڵان و ناوەندە پەروەردەییەكان دەسپێرن، بۆیە پێویستە هۆشیاریی ژینگەیی لە وانە پەروەردەییەكاندا كاری لەسەر بكرێت، قۆناغی دایەنگە و باخچەی منداڵان گرنگترین قۆناغی ژیانی منداڵن، چونكە پەروەردەكردنی منداڵ لە تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە كەسایەتی و داهاتووی مرۆڤ دیاری دەكات، هەر بۆیە ئامانجمانە مرۆڤێكی تەواو دەروون دروست و سەركەوتوو لە گشت بوارەكانی ژیان بەرهەم بهێنین، بێگومان پەروەردەی ژینگەیی پرۆسەیەكی پەروەردەییە پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی دەوروبەری و ناسینی بە هاوچەمك و برەودانە بەو كارامەییانەی پەیوەستن بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و پاڵنەر و لێهاتوویی كە یارمەتیمان دەدات بۆ كاركردن لەسەر پاراستنی ژینگە و گۆڕینی بیركردنەوە و هەڵوێستی مرۆڤەكان سەبارەت بە گرنگیدان بە تەندروستی خۆیان و وەرگرتنی زانیاریی ژینگەیی و پاراستنی لەڕێگەی وانەیەكی تایبەت بە هۆشیاریی ژینگەیی، یان لە هەر وانەیەكدا مامۆستا بتوانێت هۆشیاریی ژینگەیی ببەستێتەوە بە بابەت و پرۆگرامەكانی خوێندنەوە، كار بكات بۆ بڵاوبوونەوەی هۆشیاریی ژینگەیی بە پەیڕەوكردنی بەرنامەی پەروەردەی ژینگەیی لە پرۆگرامەكانی خوێندندا تا بتوانین زیاتر لە ئامانجێك بهێنینە دی، كە لە دنیای ئەمڕۆماندا زۆر پێویستمان پێیەتی، چونكە لای هەموومان روونە كەسایەتیی تەندروست و بەسوود بۆ كۆمەڵگە لە ژینگەی تەندروستدا بەرهەمدەهێنرێت، بەپێچەوانەوە لە ژینگەی ناتەندروست و نەشیاودا كەسایەتیی لاواز و  شێواو و  بێسوود بەرهەم دێت.