لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی ڕوودەدات؟

شەیما شەواربی - سەرۆکی یەکێتی ژنانی پارتی لیبراڵی میسر

 پەرەسەندنی هۆشیاری لە ماف و پێداویستییەکانی ژنان کە کۆمەڵگەکان لە یەکتر جیا دەکەنەوە، نابێت تەنیا لە دروشمی پێشوەختەدا سنووردار بێت، لەوانەیە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا خەباتێکی فێمینیستی ڕاستەقینە هەبێت کە هەمیشە داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکات.

 

 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ئەم پرۆسانەدا گۆڕانکاری سیاسی ڕوودەدات، ئەمەش کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە، بەتایبەتی ژنانی سودان، فەلەستین، یەمەن و سووریا، کە گیرۆدەی شەڕ و ململانێکانن، ئەو ڕووداوانەی کە بە خێرایی ڕوودەدەن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دۆخی ژنان هەیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە عەقڵی جیهادی تێدایە.

 

 سەرەتا دەمەوێت سەرنج بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی سودان ڕابکێشم، وەک دەزاندرێت لە دارفور ململانێی زۆر هەیە، ئەم ململانێیانە توندوتیژی سێکسی دژی ژنان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تێکدانی ژێرخانی ئابووری و سنوورداربوونی بەشداری سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، سنووردارکردن بۆ ئازادی ڕەگەزی و ئابووری و جیاکاری پیشەیی هەیە.

 

 بارودۆخی یەمەنیش هاوشێوەیە، ململانێی نێوان حکومەت و یاخیبووانی حوسییەکان کە بووەتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات، ئاوارەبوونی دانیشتووان، زیادبوونی هەژاری، بارگرانی بنەماڵەیی و پیشەیی، توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی بوونی هەیە.

 

 با بێینە فەلەستین، بێگومان ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەیان ساڵە بوونی هەیە، لەگەڵ گەمارۆدانی غەززە، بەرتەسکبوونەوەی ناوچەی نیشتەجێبوون و هەروەها لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری پەرەی سەندووە.

 

 زۆر شت لەبارەی سووریاوە دەوترێ، لە نێوان حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بڕیارە دانوستانەکانی ئاشتی لە جنێڤ دەستپێبکاتەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە زیاتر لە ١٣ ساڵە بەردەوامە، هەروەها بەهۆی دەستێوەردانی تورکیا لە باکوری سووریا و ڕۆڵی ئێران وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە ململانێی سووریادا، گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریادا هەیە، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر هاوسەنگی سیاسی دەبێت.

 

 لە هەر شوێنێک شەڕ و ململانێ هەبێت، کێشەی ژنان دوو هێندە دەبێت

 ئایا هەموو ئەو شتانەی لە سەرەوە باسمان کرد کاریگەرییان لەسەر واقیعی ژنان هەیە؟ بێگومان کاریگەری قوڵیان هەیە و ئەمە بۆخۆی کارەساتە، بۆیە ژنان لە بابەتی یاساییدا ڕووبەڕووی تێڕوانینێکی نەرێنی دەبنەوە، وەک دەستدرێژی و هاوسەرگیری زۆرەملێ کە لە ناوچە کێشەدارەکاندا بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش بەهۆی لەناوچوونی ژێرخانی ئابوورییەوە، لە ئەزمونکردنی ئازادی خوێندن و جوڵە و تەنانەت کارکردنیشدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، هەروەها ڕوونە کە بەشداری سیاسی لە ڕێکخراوە حکومی و سیاسییەکان بۆ ژنان کەم دەبێتەوە بەهۆی بەربەستی ئاسایشی و کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا ژنان تووشی کێشەی دەروونی دەبن بەهۆی ململانێ و هەژارییەوە.

 

 ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە، ئایا دەتواندرێت بەسەر هەموو ئەمانەدا زاڵ بێت و سروشتی ئاڵەنگاریەکانی داهاتوو چین، واتە ئەو هەنگاوانە چین کە ژنان دەیگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەم سەختییانە؟

 

 بەڕای من پێویستە هۆشیاری لە ماف و پێداویستییەکانی ژنان زیاد بکرێت، پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کە مافەکانی ژنان دەپارێزن و بەرەوپێش دەبەن،  هەروەها دەتواندرێت کار لەسەر دروستکردنی بەرنامەی ڕاهێنان و پەروەردە بکرێت بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە، پاشان زیادکردنی بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی ژنان لە حکومەت، پاراستنی مافەکانیان بۆ سەربەخۆیی ئابووری، پاڵپشتی لە پەروەردە و تەندروستی ژنان، و داننان بە ڕۆڵیان لە ئاشتیدا بۆ گەیشتن بە ئایندەیەکی باشتر.