هەڵگری سندووقە رەشەکەی ئەنفال

نەرمین عوسمان محەمەد-نووسەر

لە مێژووی پڕ لە کارەسات و خوێناویی گەلی کورددا، هەندێک ناو وەک هێمای ستەمکاریی رژێمی پێشووی بەعس لە یادەوەرییەکاندا دەمێننەوە. یەکێک لەو ناوانەی کە لەم دواییانەدا لە ناوەندە هەواڵییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و باس لە نزیکبوونەوەی کاتی دادگاییکردنی دەکرێت، (عەجاج ئەحمەد حەردان)ە. ئەم کەسایەتییە تەنها تۆمەتبارێکی ئاسایی بەعسییەکان نییە، بەڵکو ئەو بە «سندووقێکی رەش»ی هەڵگری کۆمەڵێک نهێنیی مەترسیدار و وردەکاریی شاردراوە دادەنرێت. حەردان بەهۆی ئەو پلە و پایە باڵایانەی لەناو دەزگا داپڵۆسێنەرەکاندا هەیبووە، زانیاریی زۆر وردی لایە سەبارەت بە چۆنێتی داڕشتنی نەخشەی شاڵاوەکانی ئەنفال، هەربۆیە بێدەنگکردنی ئەم سندووقە رەشە بەرلە درکاندنی نهێنییەکان، زیانێکی گەورە لە مێژووی زیندووی نەتەوەکەمان دەدات.

دەرفەتێکی مێژوویی و نەتەوەییە
ئەو هەواڵانەی باس لە دادگاییکردنی ئەم تۆمەتبارە دەکەن، دەبێت لەلایەن ناوەندە سیاسی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقەوە وەک دەرفەتێکی نەتەوەیی و مێژوویی تەماشا بکرێن. بۆ ئێمەی کورد، سزادانی ئەم جۆرە کەسانە بە تەنها وەک تۆڵەیەکی یاسایی بەس نییە، چونکە پەتی سێدارە ئەگەرچی کۆتایی بە ژیانی جەلادێک دەهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەمە بەبێ درکاندنی راستییەکان و ئاشکراکردنی بەڵگەکان بێت، ئەوا دەبێتە هۆی شاردنەوەی هەمیشەیی بەشێکی گەورە لە مێژووی نەتەوەیەک کە هێشتا برینەکانی ساڕێژ نەبوون. 

 

هەربۆیە، ئەرکێکی نەتەوەیی، ئەخلاقی و یاساییە کە بەر لەهەر بڕیارێکی کۆتایی، گوشارێکی چڕ بکرێت بۆ وەرگرتنی هەموو ئەو زانیارییانەی لایەتی، تا مێژوویەکی نادیار لەگەڵ خۆیدا نەباتە ژێر خاک و راستییەکان وەک خۆیان تۆمار بکرێن و ببنە بەڵگەی حاشاهەڵگر.

ئاشکراکردنی ناسنامەی بکوژەکان
گرنگترین خاڵ کە پێویستە لە دانپیانانەکانی حەرداندا جەختی لێبکرێتەوە، دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەیە کە لە پشت پەردەوە وەک بکوژ، جێبەجێکار و چاوساغ، بەشدار بوون. زۆرن ئەو ئەفسەر و بەرپرسانەی کە تا ئێستا لەژێر ناوی جیاوازدا خۆیان حەشار داوە یان لە وڵاتانی تردا بە ئارامی دەژین و دەستی دادپەروەرییان پێ نەگەیشتووە. 


پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان برینێکی قووڵ و ساڕێژنەبووی ناو جەستەی کۆمەڵگەی کوردییە. هەزاران خێزان هێشتا چاوەڕێی هەواڵێکی دڵخۆشکەرن بۆ دۆزینەوەی روفاتی ئازیزانیان. حەردان وەک کەسێکی مەیدانی کە لەناوجەرگەی بڕیارە سەربازییەکاندا بووە، شارەزایی تەواوی لەو نەخشە و شوێنانە هەیە کە تێیدا تاوانەکان کراون. وەرگرتنی زانیاری لەسەر شوێنی وردی ئەم گۆڕانە، ئەرکێکی پیرۆزە بۆ ئەوەی چیتر خێزانی قوربانییان لە دڵەڕاوکێی چارەنووسی ونبووەکانیاندا نەژین.

راستی بەر لەسێدارەدان
لە کۆتاییدا، مێژوو هەمیشە دەرفەتی دووەم نادات. ئەگەر حەردان بە بێدەنگی بەرەو پەتی سێدارە بڕوات، ئەوا ئێمە وەک کورد بەشێکی گەورە لە مافی قوربانیانمان بەفیڕۆ داوە و رێگەمان داوە راستی لەگەڵ جەلادەکەدا بخرێتە ژێر خاک. با یەکەمجار راستییەکان لە دەمی جەلادەوە دەربهێنین، شوێنی گۆڕی ونبووەکانمان بدۆزینەوە، پاشان بە ویژدانێکی ئاسوودەوە سزای یاسایی بەسەردا جێبەجێ بکەین.