زیندانیانی بادینان له‌نێوان ئازادی و مه‌رگدا

نیاز عه‌بدوڵا – ڕۆژنامەنووس

 

ده‌بوو له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵه‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ زیندانیانی شێلادزێ (نێچیرڤان به‌دیع، كۆڤان تاریق، یوسف شه‌ریف، مه‌حمود ناجی، ئه‌مجه‌د یوسف) به‌ بڕیاری "ئازادكردنی مه‌رجدار" له‌ زیندانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر ئازادبكرێن. دوای تێپه‌ڕبوونی دوو مانگ به‌سه‌ر پێشێلكردنی مافه‌ یاساییه‌كانیان، زیندانیانی شێلادزێ لە ٢١ى مانگی ته‌مووز مانگرتنیان له‌ خواردن ده‌ستپێكرد‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا پێنج زیندانی دیكه‌ی بادینان و ٤٢ زیندانی تری چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر مانگرتنیان راگه‌یاند. سه‌رجه‌م مانگرتووه‌كانی زیندانی چاكسازیی گه‌ورانی هه‌ولێر كه‌ به‌ مادده‌ی یه‌ك {هه‌مواری مادده‌ی ١٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی له‌ هه‌رێم} له‌ یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی په‌رله‌مانی كوردستان سزادراون، پێویسته‌ به‌پێی مادده‌ی ٣٣١ له‌ یاسای (اصول المحاكمات الجزائية) ژماره‌ ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ی عێراق به‌ بڕیاری "ئازادكردنی مه‌رجدار" ئازادبكرێن‌، به‌تایبه‌ت زیندانیانی بادینان به‌ بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سزاكه‌یان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێ ده‌ست به‌جێ ئازادبكرێن.

 

هاوكات له‌ دووی مانگی ئاب-ه‌وه‌ ١٣ زیندانی له‌ ئاسایشی گشتی هه‌ولێر مانگرتنیان ده‌ستپێكردووه‌، ‌له‌ نێویاندا (ئه‌كره‌م ئامێدی، شه‌وكه‌ت شه‌ره‌فانی، سه‌دره‌دین سلێمان) هه‌ن كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ و سێ مانگه به‌بێ هیچ دادگاییكردنێك له‌ زیندان راگیراون. له‌ ریزی زیندانییه مانگرتووه‌‌كانی ئاسایشی گشتی هه‌ولێر چه‌ندین ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ناوچه‌ی بادینان هه‌یه‌، تیایاندایه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ پارتی و سیخوڕیكردن بۆ به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كاتی جیاواز و له‌ ٢٠١٨ و ساڵانی دواتر ده‌ستگیركراون، به‌ڵام تائێستا به‌بێ دادگاییكردن و ساغبوونه‌وه‌ی تۆمه‌ت به‌سه‌ریاندا به‌ راگیراوی له‌ دۆخێكی خراپدا هێڵدراونه‌ته‌وه‌.

 

به‌رده‌وامبوونی مانگرتنی زیندانی بادینان له‌ چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر له‌ دۆخێكدایه‌،‌ پله‌كانی گه‌رما به‌رزه‌ و زیندانیان له‌ بارودۆخێكی ته‌ندروستی خراپدان و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی پێویستیان پێشكه‌ش ناكرێت، ئه‌مه‌ش ژیانی زیندانیانی له‌ مه‌رگ نزیك كردۆته‌وه‌. به‌پێی راگه‌یندراوی تیمی پارێزه‌رانی خۆبه‌خشی سزادراوانی بادینان "نێچیرڤان به‌دیع جگه‌ له‌ خوێنبه‌ربوون، چاوه‌كانی كه‌م بینا بوون و ژانێكی زۆریش له‌ هه‌ردوو گورچیه‌له‌كانیدا هه‌یه‌" ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌ مه‌ترسیداره‌كانی قۆناغی مانگرتن. هه‌روه‌ها كۆڤان تاریق "تووشی نه‌خۆشی پێست بووه‌ و باری ته‌ندروستی تێكچووه‌" و جیاكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مجه‌د یوسف-یش له‌ "زیندان تووشی ڤایرۆسی جگه‌ر له‌ جۆری Cبووه‌" ئێستا به‌هۆی جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌ی و خراپی باری ته‌ندروستی له‌ زیندانیانی دیكه‌ جیاكراوه‌ته‌وه‌‌‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ریه‌ك زیندانیانی مانگرتووی دیكه‌ش رۆژ به‌ رۆژ باری ته‌ندروستییان خراپتر ده‌بێت.

 

ئه‌و دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ی زیندانیانی بادینان پیای تیپه‌ڕده‌بن له‌پێش چاوی داواكاری گشتی رووده‌دات، له‌ كاتێكدا ده‌بێت‌ داواكاری گشتی به‌پێی ده‌روازی چواره‌م تایبه‌ت به‌ "ئازادكردنی مه‌رجدار" له‌ یاسای ژماره‌ ٢٣ی ساڵی ١٩٧١، رۆڵی به‌رگریكار و پارێزه‌ری یاساكان ببینێت له‌ به‌رامبه‌ر زیندانیان و پیاده‌كردنی مافه‌كانیان، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داواكاری گشتی له‌ ئێستادا بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و وه‌ڵامی دادگای جونح نا‌داته‌وه‌ تا‌ زیندانیانی شێلادزێ‌ مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانیان رێچكه‌ی خۆی وه‌ربگرێت. تیمه‌كانی كوردستانی عێراقی CPT ‌رایانگه‌یاند "به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان داواكاری گشتی به‌ڵێنی ره‌زامه‌ندییان دا تایبه‌ت به‌ ئازادكردنی مه‌رجداری زیندانیانی شێلادزێ، به‌ڵام دوای جه‌ژن په‌شیمانبوونه‌وه‌،‌ بیانووه‌كانیشیان قایلكه‌رنین".

 

"په‌شیمانبوونه‌وه‌ی داواكاری گشتی" و ئه‌نجامنه‌دانی گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی بۆ ئازادكردنی زیندانیانی شێلادزێ، به‌شێكه‌ له‌ ته‌واوكاری ئه‌و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات و حیزب و حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر زیندانیانی بادینان جێبه‌جێی ده‌كات، له‌ كاتێكدا ده‌بوو له‌ ئاشكراكردنی دۆسیه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دانی زیندانیانی بادینان داواكاری گشتی هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بوایه‌ له‌ پاراستنی مافی یاسایی و مرۆییان. ته‌نیا رێگه‌چاره‌یه‌ك كه‌ به‌شدارینه‌كردنی داواكاری گشتی بسه‌لمێنێت له‌ ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی حیزبی،‌ به‌ په‌له‌ ده‌ستكردنه به‌ ئازادكردنی ده‌ست به‌جێی زیندانیان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داواكاری گشتی له‌بری ئازادی مه‌رگ به‌ شایه‌نی زیندانیانی سیاسی بادینان ده‌زانێت.

 

هاوكات مانگرتنی ٥٢ زیندانی له‌ چاكسازی گه‌وران و ١٣ زیندانی له‌ ئاسایشی گشتی هه‌ولێر پێویستی به‌ پشتیوانی رای گشتی و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانه‌‌، تا چیتر ده‌زگای ئاسایش به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ، زیندانیان به‌ ئاره‌زووی خۆی له‌ زیندانه‌كانیدا نه‌هێڵێته‌وه و داواكاری گشتی ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات، چونكە یاساكان پێویستە بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری بەكاربخرێن نەك تۆڵەكردنەوە.