ڕەوایدان بە دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنان بە ئاشکرا لە شەقامەکاندا

ژینۆ ڕەشید – چالاکوان

لە کاتێکدا گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دەدرێن و گولەباران دەکرێن لە شەقامەکاندا، لەپێناو ئازادیدا، لەم هەرێمە داڕووخاوەش گەنج بەلێشاو هەوڵی دەستدرێژی دەدەن بۆ سەر تاکە کچێک....

 

لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان مەرگی تاکە کچێک شۆڕشی هەڵگیرساند، بەڵام لەم باشووری کوردستانە گەنجی دوورخراوە لە ئەخلاق وەکو لەشکر کەوتوونەتە دوای کچێکی گەنج....

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان کچ و کوڕی گەنج دژی داعش و چەتە و داگیرکاری گیانی خۆیانکردووە بە قەڵغان، لەم باشوورە گەنجەکانی نێرگەلە و تلیاک دوای کچێک کەوتوون تا دەستدرێژی بکەنەسەری....

 

لە باکووری کوردستان لەپێناو ئازادی و مافی کورد بوون، زیندانەکان پڕکراون لە گەنج، لەم هەرێمە ئازادەش!!!! گەنجەکان برسی بینینی قاچی کچێکن...

 

هاندانی کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زەنگێکی زۆر مەترسیدارە و دەبێت هەموومان خۆمان بەرپرسیار ببینین، ئەوانە بۆ خۆپیشاندان دژی داگیرکاری و برسێتی و نەهامەتی نەچوون، ئەوانە کە پێکهاتبوون لە سەدان گەنجی سەرگەردانی هاندراو دژی ژن، ڕایاندەکرد بە دوای تاکە کچێکی گەنجدا بە جنێوی ناشیرین بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەری...

 

ئەی کوا پۆلیس و حکومەت؟

ئەی بۆچی کاتێک کۆمەڵێک کەسی چالاکوان، ژنانی چالاکوان و ئازادیخواز دێنە سەرشەقام و دژی ژن کوشتن و لە ٨ی مارس و ٢٥ی نۆڤەمبەردا چالاکی بکەن، بە سەدان چەکدار ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و گاز دەکەن بە چاومانا و باڵ و سەرمان دەشکێنن؟، ئەی چەکدارەکانتان بۆ پاراستنی خەڵک نیە؟ ئەی بۆچیتانن؟

 

ئەی ئەو گەنجە سەرگەردان و گیرفان خاڵیانە، ئەگەر هان نەدرابن دژی ژن، چۆن ئاوا دوای کچێک دەکەون و دەستدرێژی دەکەنەسەری؟ ئەی بۆچی دژی ئەو هەموو چەتە و سەربازانە کە خاکیان داگیرکردوون ناوێرن ئاوا بڕژێنە سەرجادە؟

 

ئەی سەرگەردانەکان، ئەی هاندراوەکان، ئەی گیرفان خاڵیەکان، ئەی بیرداعشەکان، ئەی سەرشۆڕەکان، ئەی برسیەکان، ئێوە کەرامەت و ئابڕووتان هەیە، ئێوە لە گورگێکی برسی برسی ترن، خۆتان خوشک و دایکتان نییە؟

 

زانیتان ئەم هەرێمە بستێک خاکی تێدا نییە بۆ ژن؟ چونکە ئەقڵتان پڕە لە داگیرکاری دژی ژن، مسقاڵێک ئابڕو، ئەخلاق، ویژدان، کەرامەت، مرۆڤ بوون هەبێت، خەڵک ئەو دەستدرێژییە قبوڵ ناکات، چونکە تێبگەن و بزانن کچەکانتان، خوشکتان، دایکتان و هاوژینتان پارێزراو نییە و ئەگەری ئەوە هەیە هەموو ژنێک ڕووبەڕووی ئەو دەستدرێژییە بە کۆمەڵە ببێتەوە، وەکو چۆن حەوت نێری برسی دەستدرێژییان کردە سەر کچێکی مناڵ لەم ڕۆژانەدا.

 

ئیتر ژن دەبێت ببێتە خاوەن هێزی خۆی بۆ پاراستنی خۆی، هەر ژنێک بکوژرێت، هەر ژنێک دەستدرێژی بکرێتە سەری، هەر ژنێک شەقی لێبدرێت، ئەوە بۆ هەموو ژنانە لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا بێت.