ڕاگەیاندنی کوردی و گواستنەوەی شەڕە دەنوک

بەناز حەمە – مامۆستای زانکۆ

 

 

لە ١٢٤ەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا زۆر شت لەسەر ڕاگەیاندنی کوردی ھەن لێوەی بدوێین بەتایبەت لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی پیایدا تێپەڕین، ھەر لە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکاری و ساختە و خۆڵکردنە چاوی بینەر و بیسەر و خوێنەر، خراپی دۆخی رۆژنامەنوسان لە ڕووی ژینگەی کاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستھێنانی زانیاری، ھەروەھا مامەڵەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەرامبەر راگەیاندنکاران، خراپی دۆخی ژنانی راگەیاندنکار لەناو دەزگاکانی راگەیاندندا.

 

ھەروەھا بوونی کەناڵی زۆر و بەرنامە ئامانجدارە نەرێنیەکان کە بوونەتە ھۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ و کاریان دروستکردنی ئەستێرە و دەرخستنیانە بێ ئەوەی ھیچ ڕۆڵێکی ئەرێنیان بۆ کۆمەڵ ھەبێت، بڵاوکردنەوەی بەلێشاوی پەیامەکانی ڕاگەیاندنەکان کە بوونەتە سەرچاوەی دڵەراوکێ و شپرزەیی و تێکدانی باری دەروونی وەرگر، ئەمانە بە گشتی لە ڕاگەیاندنکاندا دەبینرێن بەڵام بەتایبەت ئەوەی راگەیاندنی کوردی ئێستا پیادەی دەکات زۆرێک لەو پێگە ئەلکترۆنی و پەیجانەن کە بەنھێنی پاڵپشت دەکرێن و پارەیەکی زۆریان تێدا خەرجدەکرێت.

 

ئەوانەی باسکران و زۆر شتیتریش لەلایەک، ئەوەی کە جێی تێبینییەکی زۆرە لای بەندە و دەمەوێت لەسەری بدوێم باسێکی دیکەی کاری راگەیاندنی کوردییە، ئەویش گواستنەوەی شەرە دەنوکی کادرە حیزبییەکان و پەرلەمانتارەکانیانە بە تایبەت ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، با واز لەوە بێنین کە ئەو کادرە حیزبیانە و پەرلەمانتارەکانیان سەر بە حیزبەکانیانن و دەبێت بەرگری لە حیزبەکانیان بکەن لەبەرئەوەی ناتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان بن، ھەرچەندە حیزب دەبێت لە خزمەتی خەڵکدا بێت، نەک بۆ سەرئێشانی خەڵک بێت وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین.

 

ئەوەی لە ئێستادا ھەیە سەرئێشانی خەڵک و لەبیر بردنەوەی قەیرانە دروستکراوەکان و لەبیر بردنەوەی ئەو بێسەرووبەریەیە کە باروگوزەرانی خەڵکە، خەڵک لە نەبونی و بارودۆخێکی خراپدایە لە ڕووی بژێوی ژیان و کۆمەڵایەتییەوە رۆژ نییە کوشتن و خۆکوشتن نەبێتە ھەواڵی گەرم، لە جیاتی کارکردن لەسەر کێشەی خەڵک و ببنە ھۆی چارەسەرکردنیان، کاریان بووەتە گواستنەوەی شەرەدەنوکی کادرە حیزبیەکان و پەرلەمانتارەکانیان، کاتێک ھەر یەکێک لەمانە پەیامێک بڵاودەکەنەوە راگەیاندنەکان وەک کورەی ھەنگیان دۆزیبێتەوە دەستبەجێ بۆیان بڵاودەکەنەوە، جا ئیتر مەیلیان بۆ ئەو حیزبەیە یاخود لە نەبوونی بابەتی جدییە یان بۆ زۆری ژمارەی بینین و چالاک بوونی دەزگاکەیە، بۆیە ئەگەر ھەر دەزگایەک بیەوێت بمێنێتەوە و ببێتە مینبەری خەڵک، دەبێت خۆی لەم کارە بە دوور بگرێت، چونکە دواجار بریار لای خەڵکە چ دەزگایەک لای خۆی دەھێڵێتەوە چ دەزگایەک دەسرێتەوە.