ئایا لە ڕووی یاساوە دەبێت بەبێ فەرمانی دادوەر کەس ڕابگیرێت؟

پروشە قەلەندەر کەسنەزانی - پارێزەری ڕاوێژکار

ئایا لە ڕووی یاساوە دەبێت بەبێ فەرمانی دادوەر کەس تەوقیف بکرێت )ڕابگیرێت) ؟ نەخێر دەبێت بەپێی فەرمانی دادوەری پسپۆڕبێت.

 

ڕاگرتن "توقیف" مەبەست لێی ڕاگرتنی تۆمەتبارە لە قۆناغى لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پێش دەرچوونی سزای کۆتایی لەلایەن دادگاوە، "ئەم ماوەیە کە تۆمەتبارێک ڕادەگیرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی، بەپێی فەرمانی دادوەری پسپۆڕ دەبێت، هیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە ئەم فەرمانە دەربکات، لەبەرئەوەی ئەم ڕێکارە پەیوەستە بە ئازادی تاکەوە لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوە کە هێشتا تۆمەتەکە ساغ نەبووەتەوە بەسەر ئەو کەسەدا کە ببیتە تاوانبار.

 

ئەو کەسەی تۆمەتی دەخرێتە پاڵ دەبێت لە شوێنی تایبەتی خۆیدا ڕابگیرێت و هۆکاری ڕاگرتن و جۆری تاوانەکەی ڕوونبکرێتەوە، ڕاگرتن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکانە بە شێوەیەکی تەندروست، بۆ ئەوەی ئەم کەسە نەبێتە هۆکاری ئەوەی ژیانی کەسانی تر و خۆشی لە مەترسیدا بێت، کە ئەگەر لەلایەن کەسانی دیکەوە تۆڵەی لێبکرێتەوە و ڕێگری لە کاری یاسایی دادگا بکرێت، یاخود ئەو کەسە مەترسی ئەوەی هەیە ڕابکات لە یاسا.

 

 هۆکارێکی تر ئەوەیە کەسەکە شوێنێکی نیشتەجێبوونی دیاریکراوی نییە کە بتوانرێت دواتر بانگ بکرێتەوە واتە کەسەکە بێ شوێنی نیشتەجێبوونە.