شارو ناسنامەكانی

دڵسۆز حەمە-  ئەندازیاری تەلارسازی

 

وێنەیەكی خۆت لە پاڵ بورجی (ئیڤڵ)دا بەسە كە نیشانی بدەیت  لە پاریس بویت، وێنەیەك لەپاڵ (قەوسی سەركەوتن)  دابنێیت  ئەوە  دەزانرێت  كە لە پاریس  بویت  لە شەقامی شانزلیزیە، لە مەیدانی شارل دیگول!!  لەپاڵ پەیكەرە بەرزو زەبەللاحەكەی (سەركەوتندا) وێنەیەك بگرە دەزانن لە ئەمێركایت، وێنەیەك لە تەنیشتی كەعبەی پیرۆزدا مانای تۆ لە حەج‌و عەمرەیت لەشاری مەككە، لە سعودیە، وێنەیەك لە تەنیشت  (ئەیا سۆفیا) ئاماژەیە تۆ لە ئێستانبوڵیت لە توركیا، وێنەیەك بەسەر (بورجی خەلیفە)دا بڕوانێت مانای تۆ هایت لە دوبەی، وێنە لە پاڵ  پەرستگای (ئەنگۆر فات) مانای لە كامبۆدیایت، وێنەی خۆت لەنزیك  ئەخانەی ئۆپرایە كە لەسەر شێوەی بەلەمی چارۆكەدار دیزاینكراوە دەزانرێت  لە ئوسترالیایت، وێنەیەك لە پاڵ كڵێسای (سەگرادە فامیلیا) دەزانرێت تۆ لە بەرشلۆنەیت لە ئیسپانیا.. هەتا دوایی ئەو تەلارو كاتدراڵ‌و مزگەوت‌و مەیدان‌و  سەنتەرو پەیكەرو گۆڕستان‌و تاوەرو تەلارانەی كە بونەتە ناسنامەی وڵات‌و كۆمەڵگاو كەلتورو نیشتمانێك.

 

تەلارسازی‌و هونەری تەلارسازی تەنها ڕەهەندێكی فیزیكی ئەندازەیی نیە، بەتەنها دروستكردنی فەزایەك نیە بۆ ژیان‌و بەكارهێنانی تایبەت‌و گشتی، فەزایەك نیە بۆ پاراستنی مرۆڤ‌و بەكارهێنانی بۆ وەزیفە جیاوازەكانی ژیانی گشتی، بەڵكو تەلارسازی هەڵگری ڕەهەندی كەلتوری‌و ئابوری‌و مێژوویی‌و فەرهەنگی‌و ئینسانی زۆر گرنگە، تەلارسازی یەكەمین بەریەككەوتنی غەریبەكانە بەكۆمەڵگایەك، یەكەمین خۆنمایشكردنی فەرهەنگ‌و كەلتورو دۆخی ئینسانی كۆمەڵگاكانە بەڕووی دەرەوە.

 

فۆرم‌و شێوازە ئەندازەییەكان، ئەستون‌و قوببەو دیوار منارەكان، هەموو ئەو پێكهاتە فیزیكی‌و ئەبستراكتانە دەشێت زمانێكی  ژیاری‌و فەرهەنگی تایبەت بێت لە ژینگەو كەلتورو شێوازی بیركردنەوەو شێوازی ژیانی كۆمەڵگایەكی تایبەت، تەلارسازی پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە مرۆڤ‌و قۆناغەكانی گەشەكردنی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە ئەمیش وەكو هەموو پێدراوێكی فەرهەنگی‌و ئابوری‌و ئینسانی بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، هیچ پێدراوێكی فەرهەنگی وەكو تەلارسازی كاردانەوەی ڕاستەوخۆی نیە بۆ گۆڕانی فەرهەنگی‌و ئابوری كۆمەڵگا، هەربۆیە ئەم هونەرە لە سەرەتاكانی دروستبونی  كۆمەڵگای مرۆڤ، لە سەرەتای دۆزینەوەی كشتوكاڵ‌و دروستبوونی تیرەو كۆمەڵگەی بچوكی مرۆڤ، لە سەردەمی پێش مەسیح‌و پاشان هاتنی ئایینەكان، سەردەمی ڕێنسیانس‌و قۆناغی شۆڕشی ئابوری، مۆدێرن‌و پۆست مۆدێرن‌و هەتا ئێستا كە قسە لەسەر دروستكردنی تەلاری دێجیتاڵ‌و شارو گوندی دیجیتاڵیە، لەهەموو ئەو قۆناغانەدا هونەری تەلارسازی  بەر گۆڕانەكانی سەردەمی  خۆی كەوتووەو  وەڵامی بە پێداویستییە ئینسانی‌و ئابوری‌و فەرهەنگی‌و فیزیكییەكانی سەردەمەكەی خۆی داوەتەوە.

 

تەلارسازی ئەگەر لەسادەترین مانادا، دیزاینكردنی فەزایەك كە وەزیفەی ماڵ‌و شوێنی ژیان ببینێت لە ئاستی  تاك‌و خێزاندا، ئەوا لە ئاستی گشتی كۆمەڵگاو لەئاستی فەرهەنگ‌و كەلتورەكاندا ڕۆڵیكی سیاسی‌و فەرهەنگی‌و ئابوری‌و تەندروستی‌و ژینگەیی گرنگ دەبینێت لە فۆرمۆلەكردنی خۆشگوزەرانی‌و ئاوەدانی‌و سەلامەتی‌و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی فیزیكی‌و ئینسانی، هەمان كات فەزایەكی گشتی بۆ پێكەوە ژیان‌و پیادەكردنی فەرهەنگی كۆمەڵگا.

 

هونەری تەلارسازی وەكو هەموو زانستەكانی تر لەگەڵ گۆڕانە ئابوری‌و زانستی‌و ژینگەیی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا گۆڕانی بەسەردا دێت، چەمكی نوێ، بەشی نوێ‌و تێڕوانینی نوێ بەرهەم دێنێت، چی وەكو دیزاین، چی وەكو تێگەیشتن بۆ چەمكی  شارو كۆمەڵگاو گەشەكردن‌و بیناكردن‌و خێزان‌و پێكەوەژیان.

 

یەكێك لە بەشە هەرە گرنگ‌و فراوانەكانی زانستی تەلارسازی، نەخشەسازی شارەكانە،  شار وەكو پێدراوێكی ئاركۆلۆژی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و مێژوویی‌و ئینسانی، شار وەكو جێگایەك بۆ كۆبونەوەو پێكەوەژیانی كۆمەڵێك هاوشاری بەجیاوازی فەرهەنگ‌و كەلتورو ئایین‌و شێوازی ژیانەوە، بەجیاوازی  ئاستی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی مرۆڤەكانەوە، لە دۆخێكی تەناهی‌و هارمۆنی‌و پێكەوەژیان‌و لێبوردەییدا، شارەكانیش جگە لەشێوازو هەڵكەوتەی تۆپۆگرافی (هێشویی، هێڵی ڕاست، بازنەیی، سەنتەر و دەوروبەرەكەی ..)و سروشتی ژینگە سروشتییەكەی، چەند فاكتەرێكی تر هەیە كە ناسنامەی شار  فۆرمۆلە دەكەن‌و دواجار هونەری تەلارسازی‌و شێوازی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ڕەنگدانەوەی ئەو ناسنامە تایبەتە   بەرجەستە دەكات‌و بەهێزتری دەكات، دەشێت شارەكان گەشتوگوزاری، ڕۆشنبیری، ئایینی، شاری ئابوری، سیاسی، یان چەند دانەیەك لەم ڕەهەندانە لەشارێكدا كۆببێتەوە، ئەنقەرە پایتەختی توركیایە، بەڵام ئێستانبوڵ پایتەختی فەرهەنگی‌و گەشتوگوزاری‌و ناسنامەی كەلتوری توركیایە، ئەمستەردام پایتەختی ئابوری‌و فەرهەنگی‌و ڕەمزی هۆڵەندایە، بەڵام لاهای پایتەختی سیاسییە.

 

نەخشەسازی شارەكان، گرنگی دەدات بە فەراهەمكردنی گونجاوترین شێوازی بەكارهێنانی زەوی بۆ مەبەستە جیاوازەكانی نیشتەجێبون، خزمەتگوزاری گشتییەكان (فەرمانگە، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، باخچەو سەوزایی‌و ناوچەی كراوە ...هتد).

 

ماستەرپلانی  شارەكان لەسەر بنەمای  زانستی ئاماری دانیشتوان، ڕێژەو ئاستی  گەشەكردنی ساڵانەی  دانیشتوان، دۆخی ئابوری‌و ستراتیژی ئابوری دەوڵەت لەو شارەدا هەروەها ئەگەری فەرامكردنی خزمەتگوزاری‌و ڕێژەی بەكارهێنانی زەوی،  بەرچاوگرتنی ستانداردە  جیهانییەكانی ژینگەپارێزی‌و فەراهەمكردنی  ژینگەیەكی  تەندروست‌و سەلامەت بۆ دانیشتوان، دیزاین دەكرێت.

 

بەپێی ستانداردە جیهانییەكان تەنها ٤٢٪ تا ٤٥٪ لەشارەكاندا بۆ نیشتەجێبون تەرخان دەكرێت، دیدو بۆچونی جیاواز هەیە لەسەر شێوازی بەكارهێنانی زەوی‌و  بەرچاوگرتنی ژینگەو هەمان كات فەراهەمكردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆ هەموو تاكێك، تەلارسازی بەناوبانگی ئەمێركا (فرانك لوید ڕایت)، لایەنگری دروستكردنی  باڵاخانەی بەرز و هەوربڕەكان بوو هەتا زۆرترین پانتایی سەوزی لە سروشتدا بمێنێتەوەو كەمترین بینا لەسەر زەوی دروست بكرێت  !

 

دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و ئامڕازەكانی خۆشگوزەرانی‌و حەوانەوە بۆ هاوڵاتیان‌و بەستنەوەی گەڕەكەكە جیاوازەكان بە خزمەتگوزاریەكان‌و بەیەكترەوە لە ڕێگای تۆڕی هاتوچۆی ئاسان‌و سەلامەت‌و بەردەست، تۆڕەكانی هاتوچۆ یەكێكن لەهەرە گرنگترین فاكتەرەكانی بوژانەوەو گەشەكردنی ئابوری‌و خۆشگوزەرانی لە شارەكاندا، دەستەبەركردنی هێڵی هاتوچۆ یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە قەرەباڵغی شارەكان كەمدەكەنەوە، دەتوانرێت چالاكی‌و خزمەتگوزارییەكانیش دابەش بكرێن بە  قورنەی جیاوازی شار.

 

ئەگەرچی تەلارسازی‌و نەخشەسازی شارەكان وەكو هەموو بوارەكانی تری ژیان، وەكو هەر یەك لە زانستەكان بەر ئەو گۆڕانكاریە خێراكان، بەر كرانەوەی كەلتورەكان‌و بەر جیهانگیری دەكەوێت، بەڵام هێشتا هەر شارێك پابەندە بە كەشوهەوای جوگرافی‌و سروشتی تۆپۆگرافی‌و دۆخی ئابوری‌و فەرهەنگی‌و كۆمەڵایەتی خۆیەوەو لە جێكەوتەی جوگرافی‌و فەرهەنگی‌و ئابوری خۆیدا  دەتوانێت  ناسنامەی  خۆی پارێزگاری لێبكات.

 

ناپۆڵی شارێكی ئیتالییە، سان تۆرینی دورگەیەكی یۆنانییە، بەڵام دوبەی شارێكی   جیهانییە، شارێكە ناكرێت ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ‌و كەلتورو شێوازی ژیانێكی تایبەت بێت بە ناسنامەیەكی تایبەتەوە بەڵكو شارێكە بە ناسنامەیەكی جیهانی، گوزارشت لە جیهان دەكات لەسەر زەمینێكی عەرەبیدا !

 

شارەكانیش  وەكو مرۆڤ‌و مێژوو و یادەوەریان هەیە، مرۆڤی بێ مێژوو، مرۆڤێكی بێئەسڵ‌و فەسڵە، بێ ڕەگوڕیشەیە، ڕۆحێكی شپرزەو بێمتمانەیە، دەستگرتن بە یادەوەری شارەكانەوە، بە  میراتی ئاركۆلۆژی‌و میعماری شارەكانەوە، بەو دیوار‌و بەردو خانوو تەلارو شەقام‌و پێدراوە فیزیكیانەوە كە مێژوو و یادەوەری شارێك‌و  كۆمەڵگایەك دەگێڕنەوە یەكێكە لە ئەركە ئەخلاقی‌و مێژویی‌و ئیدارییەكانی  دەسەڵاتی شار، یەكێكە لەو خاڵانەی كە لە ماستەرپلان‌و نەخشەسازی شارەكاندا دەبێت  زۆر بە گرنگییەوە لە بەرچاو بگیرێت‌و پارێزگاری لێبكرێت‌و دەشێت ئەم میراتییە كەلتوریانە ببنە سەرچاوەیەكی ئابوری‌و فەرهەنگی ڕاكێشان بۆ شارەكە، ئەوەی لە شارەكانی ئێمەدا ڕودەدات، خۆكوژییەكی فەرهەنگی‌و گەندەڵی‌و  پاشاگەردانی‌و بێباكی مرۆڤی كوردە بە دەسەڵات‌و كۆمەڵگاوە، جێگای نیگەرانییە !

 

بەدرێژایی ئەم ساڵانەی ئاوەدانی‌و ئەو ملیارەها دۆلارەی ڕژاوەتە كەرتی  بیناسازی‌و ئاوەدانكردنەوەی شارەكانەوە، دەتوانم بڵێم بەرەنجامی دیدێكی ستراتیژی‌و زانستی‌و ئابوری‌و تەنانەت ئەخلاقیشی نەبووەو نیەو ئامانج تەنها  كەڵەكەكردنی پارەی خەیاڵیە بە ئاسانترین، تاوانێكی مێژویی گەورەیە دەرهەق  بە ژینگەو بە پاشەڕۆژی  نەوەكانی داهاتوو.

 

زەوی لە نەوت‌و گاز  زیاتر ڕەهەندی  نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و ئابوری خەتەرناكی هەیە لەسەر پاشەڕۆژی كۆمەڵگا، كە پێناچێت دەسەڵات دەركی بەم ڕاستییە كردبێت !